کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی دەفتەری سیاسی بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین و کەسایەتیی پڕ خزمەت فەتاح کاویان

13:21 - 30 بەفرانبار 2716

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان! دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکرات! تێکۆشەران، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب! بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە رادەگەیەنین کە کەسایەتیی پڕ خزمەت و تێکۆشەری دێرین و ناودار، کاک فەتاح کاویان، ئێوارە درەنگانی ڕۆژی چوارشەمە ٢٩ی بەفرانبار(١٨ی ژانویەی ٢٠١٧)، لە تەمەنی هەشتا ساڵی و لە شوێنی ژیان و تێکۆشانی خۆی لە قەڵای دیموکرات لە نزیک شاری کۆیە، دڵی لە لێدان وەستا و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە خۆشەویستان، هاوخەباتان وهاوسەنگەرانی کرد. فەتاح کاویان، ساڵی ١٣١٥ لە شاری مەهاباد لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەهاباد تەواو کرد. بە هۆی بارودۆخی بنەماڵەیی و گیرسانەوە لە شاری سنە، چەند ساڵیک لە قۆناغی ناوەندیی خوێندنی لەو شارە تێپەڕاند. لە پۆلی چوارەمی ناوەندی  لەگەڵ دایکی لە سنەوە گەڕانەوە بۆ مەهاباد و دوای تەواو کردنی پۆلی پێنجەمی زانستی، وەک مامۆستای وەرزش لە شاری مەهاباد دامەزرا. ساڵی ١٣٣٦(١٩٥٧) بوو بە ئەندامی شانەی نهێنیی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان. ساڵی ١٣٣٨ بە دوای پەلاماری سەرانسەریی ساواک بۆ سەر ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزب، کە لە کرماشانەوە هەتا سەڵماسی گرتەوە و بوو بە هۆی گرتنی نزیک بە 250 کەس ، فەتاح کاویانیش گیراو کەوتە زیندان. دوای بەڕێکرانیان بۆ تاران و بە ناو دادگایی کرانیان لە گەڵ چەندین کەسی دیکە لە ئەندامانی حیزب بە زیندانی هەتا هەتایی( حبس ابد) مەحکووم کران. بەڵام شای ئێران لە ژێر کاریگەریی بارودۆخی سیاسیی ئێران  فەرمانی "لێخۆشبوون"ی دەرکرد و بێجگە لە ژمارەیەکی کەم لە بەندییە سیاسییەکان ئەوانی دیکە ئازاد کران. کاک فەتاح دوای ئازاد بوون لە زیندان، دیپلۆمی وەرگرت و چووە زانستگەی تاران و لیسانسی زمانی ئینگلیزیی وەرگرت و بۆ ماوەی ١٢ ساڵان(تا ساڵێک پێش ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی) لە دامەزراوەی نەتەوەیی زمان(مؤسسە ملی زبان) وەک مامۆستاو  بەڕێوەبەری وانەوتنەوە کاری کرد. دواتر بە ماڵ و منداڵەوە گەڕایەوە مەهاباد. فەتاحی کاویان بە هۆی خۆشناوی، رابردووپاکی و تواناکانی، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ڕەوتی لاواز بوونی دەسەڵاتی ڕێژیمی شایەتی، پۆستی شارەداریی شاری مەهابادی گرتە ئەستۆ.ساڵی ١٣٥٧چالاکانە ڕۆڵی گێرا لە وەڕێخستنی خۆپێشاندانەکانی دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی لە شاری مەهابادو کاتێکیش خەباتی خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران بووە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی، تێکەڵ بە کاروتێکۆشانی حیزبەکەی بۆوە. بەم جۆرە کاک فەتاح لە زستانی ١٣٥٧ەوە جارێکی دیکە چارەنووسی خۆی لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان گرێ دایەوە و هەتا ئێوارەی دوێنێ ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٥ بە هەموو توانای خۆیەوە لە خزمەت حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان دا بوو. فەتاحی کاویان بە هۆی بڕینی پلەکانی بەرزی خوێندن، شارەزایی بە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی‌، هەر وەها توانای ئەدەبی و لێهاتوویی لە نووسین‌و وەرگێڕان دا، هەر زۆر زوو بوو بە هاوکار و یاریدەدەرێکی بە نرخ بۆ ڕێبەریی حیزب. ساڵی ١٣٥٨ بەرپرسایەتیی کۆمیسیۆنی بازرەسیی(لێکۆڵینەوە)ی حیزبی پێ سپێردرا و ئەم بەرپرسایەتییەی شانبەشانی ئەنجامدانی کۆمەڵێک کارو ئەرکی ڕۆژانەی دیکەی حیزبی، هەتا ساڵی ١٣٦٠ بەڕێوە برد. لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزب وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و، لە کۆمیتەی ناوەندییش دا بە ئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵبژێردرا و لە کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزب، ئەرکی گرتە ئەستۆ. کاک فەتاح لە کۆنگرەی پێنجی حیزبەوە هەتا کۆنگرەی١٣، بەردەوام یەکێک لە هەڵبژێراوانی کۆنگرەکانی حیزب بۆ ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندی بووە و بەتایبەتی لە کۆمیسیۆنەکانی ڕاگەیاندن و سکرتاریای حیزب، ئەرک و بەرپرسایەتیی بەڕێوە بردوە. ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبی دیموکرات لە زۆر قۆناغ دا، جێ پەنجەی ئەو مرۆڤە فازڵ و فەرزانەیەی پێوە دیارە. ئەو، هەر لەو کاتە دا کە بە زانیاری و بەهرە و تواناکانی خۆی لە بواری نووسین و ئەدەبیات و وەرگێڕان‌دا خزمەتی بە نرخی بە حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەکەی دەکرد، بۆ هاوکارەکانیشی مامۆستاو فێرگەیەک بووو بەرە بەرە پێی دەگەیاندن. سەرەڕای سەرقاڵبوونی بە ئەرک و بەرپرسایەتیی حیزبییەوە، بەردەوام بەشێک لە کاتی خۆی بۆ کارکردن لە یەک یا چەند لە مەجالەکانی وەرزش، فەرهەنگنووسی، وەرگێڕانی كتێب، نووسینی بابەتی ئەدەبی و کاری فەرهەنگیی دیکە، دەهێشتەوە. ئامادە کردنی فەرهەنگی بە ناوبانگی "حەوتەوانە"و  وەرگێڕانی کتێبی "خولیا و مەرگی قاسملووی کورد" لە ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانەکانی کوردی‌و هێندێک کتێب و بەرهەمی دیکە کە بە داخەوە هەتا ئێستا چاپ و بڵاو نەبوونەوە، نموونەیەک لە خزمەتە فەرهەنگییەکانی ئەو کەسایەتییە پڕکارە بوون. کاک فەتاح، پیاوێکی بە فەرهەنگ، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی، مرۆڤێکی قسەخۆش و خۆش مەجلیس، خەباتکارو سیاسییەکی مرۆڤدۆست بوو. بە هۆی ئەم تایبەتمەندییانەوەلە نێو پێشمەرگەکان، بنەمالە حیزبییەکان و لە نیو هیز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەلات و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دا خۆشەویست و جێگای ڕێز بوو. لە هاوسۆزی‌و خەمخۆری لە ئاست گیروگرفت و کێشەکانی تێکۆشەران‌و بنەمالەکانیان، هاوکاریی پەناخوازان و هەر هاوڕێ و ناسیاوێکی لێقەوماو دا سنووری نەدەناسی و هەر هاوکارییەکی لە دەستی هاتبا، درێغی نەدەکرد. بە کۆچی دوایی هاوڕێ فەتاحی کاویان، حیزبی دیموکراتی کوردستان، تێکۆشەرێکی بە وەفا ، بە نرخ و ماندوویی نەناسی لە دەست دا. تێکۆشەرێک کە ٦٠ ساڵ لە ٨٠ ساڵ تەمەنی خۆی لە ئەندامەتیی ئەم حیزبە وخزمەتی بیروباوەر و ئامانجەکانی دا تێپەڕ کرد.  بزووتنەوەی نەتەوەی و شۆڕشگێڕانەی کوردستان و گەلی کوردیش بە مەرگی ئەو کەسایەتییە خەباتکارە، یەک لە سیما پڕشنگدارەکانی خۆیان لە دەست دا. دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێی خۆشەویست کاک فەتاح کاویان، سەرەخۆشی و هاوخەمیی گەرمی خۆی پێشکەشی هاوسەر وکچ و کوڕەکانی ئەو تێکۆشەرە دێرینە وسەرجەم کەسوکاری دەکا. بەم هۆیەوە کە کاک فەتاح بە شانازییەوە پێشمەرگەی ئامانجی رزگاریی هەموو نەتەوەی کورد بوو، جێی خۆیەتی سەرەخۆشی لە هەموو خەڵکی کوردستان بکەین. کاک فەتاح، بۆ تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب، بۆ ڕێبەریی ئەم حیزبەش حوکمی مامۆستایەکی بە ئەزموونی هەبوو، بۆیە گیانی ئەو دڵنیا دەکەین کە خزمەتە بە نرخەکانی، ئەزموون‌و وانەکانی دەپارێزین و لە خەبات و تێکۆشان هەتا وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی، ناوەستین. سڵاو لە گیانی پاکی فەتاحی کاویان، بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ ڕێگای پڕشانازیی خەبات و تێکۆشانی. حیزبی دیموکراتی کوردستان دەفتەری سیاسی ١٩ی ژانویەی ٢٠١٧ ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٥