کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی وتەکانی خالید عەزیزی لە ۲۵ەمین کۆنگرەی سوسیالیست ئینتێرناسیۆناڵدا

06:24 - 17 رەشەمه 2716

لە ٢٥مین کۆنگرەی رێکخراوی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست خوشك و برایانی هێژا !   میوانە بەرێزەکان ! جەنابی سەرۆك ! جەنابی سکرتێری گشتی ! زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئەو دەرفەتەی کە بۆ منتان رەخساند بۆ ئەوەی سەرنجی ئێوە  بۆ دۆخی  رۆژهەلاتی نێوەراست و کوردستان رابکێشم. لەو ناوچەی ئێمە کێشە زۆرن، بەتایبەت بۆ دوارۆژی نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە کە دەکرێ ئیشارە بە کێشەی مافی مرۆڤ، مافی ژنان، توندو تیژی ئایینی و  مافی گروپی جۆراوجۆری نەتەوەیی و ئاینی بکرێت. توندوتیژی  و تێرۆریزم،  هەلومەرج و کەش و هەوایەکی  لەو ناوچە فرەچەشنەدا ساز کردوە و بوەتە  مەسەلە و مەترسیەکی  گەورە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. رۆژهەلاتی نێوەڕاست کە لەگەڵ گەلێک ئاستەنگ و کێشە رووبەڕو بوەتەوە، لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵێک دەرفەت و  کات لە گۆڕی دایە کە دەکرێ بە باشی کەڵکیان لێ وەربگیرێ بۆ  کێشانی نەخشە رێگایەکی بەربەرین بۆ داهاتوی ناوچەکە، کە بێ گومان کورد فاکتۆرێکی حاشا هەڵنەگری  ئەو سێنارێۆیە دەبن. هەمو ئەو  خاڵانە گرینگی خۆیان هەیە، بەڵام تێرۆریزم  دیاردەیەکی ئەوەندە مەترسیدارە کە نەتەنیا شوێنەوارە  مێژویی‌یەکان و فەرهەنگی بە یەکەوە ژیان و لەگەڵ یەکدابوون لە نێو دەبا، بگرە مەترسییەکە بۆ مرۆڤایەتیشە. مەترسییەک کە تەنیا رووی لە رۆژهەڵاتی نێوەراست نییە بەڵکو راستەوخۆ  هەمووی جیهان دەگرێتەوە. جیهانێک کە هەوڵ و  زەحمەتێکی زۆری داوە لە پێناو سەقامگیر کردنی ئاشتی و ئاسایشدا. هەر بۆیە هەموو ئێمە دەبێ پاڵپشتی نەتەوەی کورد بین نەتەنیا بەس بۆ شەر دژی ئەو دیاردە دزێوە بەڵکوو بۆ دروست کردنی کۆمەلگایەك لەداهاتوودا، کە ئاشتی بۆ هەموو لایەك مسۆگەر دەکاو مافی مرۆڤ و تاکەکان و حاوانەوە لەگەڵ یەکتر دەستەبەردەکات. من دەزانم زاڵ بوون بەسەر دزێوەی تێرۆریزم دا کارێکی ئاسان نیە و تەنانەت ناکرێ  پێش‌بینی داهاتووش بکەین کە چی روو دەدات، بەڵام وەك کۆمەڵگەی ئینسانی ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە دیفاع لە بنەماکانی مافی مرۆڤ بکەین بە جۆرێک کە ببێتە هۆی سەقامگیری ئاشتی و هێوری و تەزمینی داهاتوویەتیکی باشتر لەناوچەکەدا. لەسەر یەک و لە ئیدامەی ئەو ئەرکەدا هەمووی ئێمە بەشێك لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین کە ئەرك دەخاتە سەرشانمان و بۆ ئەوەی کە ئەو بەرپرسایەتییە جێ بەجێ بکەین. ئەو دۆخەی ئێستا ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی دەخاتە سەرشانی ئێوە کە پشتیوانی گەلی زوڵم لێکراوی ئێمە بن، خەڵکێك کە پێویستی بە یارمەتی ئێوە هەیە بۆ ئەوەی کە لەو کێشانەدا کە ئێستا و داهاتوو دێنە سەر رێی سەرکەوتوو بێت. ئێمە وەك گەلی کورد لە ئێران کە چەندین ساڵە لە خەبات و تێکۆشان‌داین دژی حکوومەتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی و سەرەڕای پەیامی ئاشتیمان و هەوڵدان بۆ بە دەست هێنانی مافی رەوامان، بەلام هەمیشە قوربانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بووین. هاوکات پێم خۆشە لەوە ئاگادارتان بکەمەوە، کە ئەگەر رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە دوو بەشی دیکەی کوردستان لە خەباتێکی سەخت و میدانی ‌دان لەدژی داعش، هاوکات ئێمە کوردەکانی ئێرانیش لە بەرەیەکی دیکەی شەڕ و لەخەبات و تێکۆشان داین لەدژی حکوومەتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی کە رێز بۆ هیچ قانوون و یاسایەکی نێودەوڵەتی دانانێ. چەند مانگ پێش ئیستا حیزبی ئێمە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە کەوتە بەرهێرشێکی تێرۆریستی و بەداخەوە چەند ئەندامی ئێمە گیانیان لەدەست‌دا، کەسانێک کە لەداهاتوودا دەیانتوانی لەدامەزرێنەرانی ئازادی و دیموکراسی بن. بە پێی ئەو هەلومەرجەی کە ئیستا لە ناوچەکەی ئێمە حاکمە، ئایا دەبوو ئێمە تێرۆرمان بەتێرۆر جواب داباوە؟ نا، نا ئێمە ئەو کارەمان نەکرد. حیزبی ئێمە چەند دەیەیە لە مەیدانی بە کردەوەی خەبات و تێکۆشاندایە و تەنانەت لە کاتی شەڕیشدا ئێمە هەمیشە گیانی ئینسانەکانمان بۆ گرینگ بووە و لەداهاتووش دا ئەو سیاسەتە وەك باوەڕ و بنەمایەك ئیدامە دەدەین. ئیمە باوەڕێکی قووڵمان بە دیموکراسی و ئازادی هەیە ئیحترام بۆ ژیانی ئینسانەکان و لەگەڵ یەکدابوون قاییلین. ئێمە لەو باوەڕەدا بۆ دروست کردنی دنیایەکی باشتر و چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەلاتی نێوەڕاست دەبێ قامك بۆ ئێرا ن رادێرین و کردارو رەفتاری کۆماری ئیسلامی نابێ نادیدە بگیرێ. بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی زۆر بە بەرنامە خەریکە ئیمپراتۆری‌یەکی مەزهەبی لەناوچەکەدا داسەپێنی. ئەوە ئەرک و وەزیفەی سۆسیالیست ئەنترناسیونالە کە بدرەوشێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆرتر لە دنیادا سەرنج بەو کێشەیە بدەن و ببن بەپاڵپشت لەو پیوەندیەدا. ئەندامانی بەڕێز ! ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان لەئێوەیە کە سۆسیالیست ئەنترناسیونال دەورێکی چالاکتر و بەرچاوتری لەناوچەکەدا هەبێت و بەپشتیوانی کردن لە کێشەی کورد لە رۆژهەلاتی نێوەراست دا و هەروەها زەخت و گوشار بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بێنێت بۆ ئەوەی کە رێز بۆ مافی کورد لەئێران دابنێت. حیزبی دیموکراتی کوردستان باوەڕی قووڵی بەوە هەیە کە رێگای چارەیەکی ئاشتیانە تەنیا رێگایەکە بۆچارەسەری کێشەی کورد لە ئێران. بۆیە ئێمە داواتان لێ دەکەین کەهەموو لایەکتان کاربکەن بۆ ئەوەی کە کورد بە ئامانجەکانی خۆی بگا. زۆر سوپاس سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٦٩٩