کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پێشوازی نەورۆزی ژیانەوە و پێکەوە بوون دا

15:27 - 22 رەشەمه 2716

نەورۆز، جەژنی ژیانەوە‌و نوێبوونەوەو پێکەوەبوون، بە ڕێگاوەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە باوەشی کوردستانی خۆشەویست‌و دانیشتوانی‌و، فەڕ‌و شکۆی خۆی پێشکەشی هۆگران‌و ئەویندارانی بکا، بە گوڕتر لە ساڵانی رابردوو، بە گیانێکی نەتەوەیی‌و بە ڕوانینێکی پێشکەوتوانە، دەست لە نێو دەستی یەکتر‌دا، بە پێشوازییەوە دەچین بۆ ئەوەی دووبارە لە هەموو شارو گوندێک، کارنەواڵێک لە یەکگرتوویی‌‌وهاودڵی وەڕێ بخەین. بۆ ئەوەی ژن‌و پیاو، کوڕ‌و کچ‌و وردو درشت، بە چالاکیی هاوبەش‌و گشتی، پێکەوە سروودی نەورۆز‌و بانگی سەربەستی‌و ئازاد ژیان، دووپات بکەینەوە. جارێکی دیکە بە جلوبەرگی کوردی، شێعر‌و سروود‌و گۆرانیی حەماسی‌و بەرەنگاری، مەشخەڵی ڕووناکی لە نێو دەست‌و بانگەوازی ئازادی‌و ئازادیخوازی لە سەر زارمان، دەچینەپێشوازیی نەورۆز‌و پەیمانی لە گەڵ‌دا نوێ دەکەینەوە کە هەتا ڕزگاربوون لە بندەستی‌و گەیشتن بە ئازادی‌و سەربەستی، کۆڵ نەدەین. نەورۆز دەکەینەوە بە بۆنەیەک بۆ سەلماندنەوەی خۆشەویستیمان بۆ نیشتمان‌و نەتەوەکەمان، بۆ بە هێزکردنەوەی تەبایی و یەکگرتوویی ڕیزەکانمان، بۆ نوێکردنەوەی بڕیارو ئیرادەمان لە درێژەدانی خەبات دژی ستەم‌و زۆرداری، بۆ نیشاندانەوەی لێبڕاویمان لە گەڵ هەموو ئەو دیاردە‌و ڕووداوانەی هەڕەشە لە سڵامەتی نیشتمانی خۆشەویستمان‌و دانیشتوانی دەکەن. بەو هیوایەی نەورۆزی ئەمساڵیشتان پڕ بێ لە چالاکی‌و دیمەن‌و رووداوی جێی شانازی، لە ئێستاوە سەرکەوتن‌و سەربەرزیتان لە بەڕێوەبردنی هەرچی باشتری ڕێورەسمە نەورۆزییەکان‌دا، بە ئاوات دەخوازین‌و پیرۆزبایی هاتنەوەی نەورۆزتان لێ دەکەین. حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆمیسیۆنی تەشکیلات ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٥       http://localhost/files/17274952_1629942907021958_1598628258_n.jpg