کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی فێرگەی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی پەیوەستبوونی پۆلێکی دیکە لە لاوانی کوردستان بە ریزەکانی حیزب

23:32 - 23 رەشەمه 2716

دەقی پەیامی فێرگەی سیاسی – نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بە بۆنەی پەیوەستبوونی پۆلێکی دیکە لە لاوانی کوردستان بە رێزەکانی حیزبەوە لە لایەن بەرپرسی فێرگە، بەڕێز محەممەد شەهرەوانەوە لە رێورەسمی کۆتایی دەورەی ٢٢١ی سەرەتایی فێرکەوە پێشکەش کرا. *** خوشک و برایانی بەرێز! هاورێیانی تێکۆشەر! کادر و پێشمەرگە خۆشەویستەکان! بەشداربووانی جێژنی کۆتایی دەورەی سەرەتایی فێرگەی سیاسی نیزامی! لەگەڵ سڵاوێکی شۆرشگێرانە . ئەمرۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ بەشداری لە جێژنی کۆتایی دەورەی ٢٢١ ی سەرەتایی فێرگەی سیاسی – نیزامی. بە خۆشحاڵی‌یەوە رادەگەیەنین کە ئەمڕۆ پۆلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی بەوەج و خوێن‌گەرم و ئازادیخوازی گەلەکەمان، بە هەستکردن بە ستەمی نەتەوایەتی و ناسینی رێبازی پڕ شکۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ریزەکانی ئەم حیزبە خەباتگێر و پێشڕەوەیان هەڵبژاردوە و پاش تێپەڕکردنی دەورەیەکی سەرەتایی پڕنێوەرۆکی سیاسی – نیزامی، بەرگی پیرۆزی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی لە بەر دەکەن و، رەسمەن بە ریزەکانی ئاشکرای حیزبەکەمان پەیوەست دەبن و خەبات و تێکۆشانی خۆیان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەی‌یەکانی گەلی کورددا درێژە پێ دەدەن . بەردەوامیی هاتنی رۆڵە هوشیارو چاوکراوەکانی بۆ نێو ریزی تێکۆشەرانی دێموکرات و هێزی پێشمەرگە، نیشانەی ڕەوا بوونی رێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دەنگی متمانەی خەڵکی کوردستان بە رێبوارانی ئەم حیزبەیە و، ئەوە دەسەلمێنێ کە حیزبی دێموکرات هەروا حیزبی خۆشەویست و جێی باوەڕی کۆمەلانی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستانە و پشتگیری خەڵکی کوردستان هەر وا لە پشت حیزبی دێموکراتی کوردستانە . ئێستا ئەم هاورێیانەمان بە نەفەسێکی تازەو بە هەگبەی پڕ لە باوەڕ و ئیمان و پاراستنی ئەمنییەت و ئازادی  گەلەکەمان هەنگاو دەنێنە قۆناغێکی دیکەی خەبات و تێکۆشان لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا . لێرە دا بە پێویستی دەزانم دەست خۆشی و ماندوو نەبوونی لە هەموو ئەو مامۆستا بەرێزانە بکەم کە لە ماوەی دەورەکەدا وانەی سیاسی و نیزامیان کوتوەتەوە.  هەر وەها بەو هاوسەنگەرە خوێنگەرمە نوێیانە بڵێم؛ پێرۆز بێ بەرگی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی و، بەخێر بێن بۆ نێو جەرگەی خەبات و بۆ نێو ریزەکانی حیزبە خۆشەویستەکەتان، حیزبی دێموکراتی کوردستان . ئێمە کە لێرە دا بە رێزەوە ناوی پێشمەرگە دێنین و جێژنی حزووری بە کردەوەیان لە مەیدانی خەبات‌دا بۆ دەگرین، دەبێ بڵێین پێشمەرگە ئەو ئینسانە خاوەن هەڵوێست و شۆرشگێرەیە کە هیچ هێز و بەربەستێک لە سەر رێگای گەیشتنی گەلەکەی بە هەدەفەکانی، ناتوانێ بە چۆکی دا بنێ و هەنگاوی پتەوی پێ شل بکا. پێشمەرگە ئەو مرۆڤەیە کە نەزم و دیسیپلین دەکاتە سەردێری ئەرکەکانی و هەوڵ دەدا خۆی بە چەکی زانین و تێگەیشتن تەیار بکا و لە بەرامبەر ماف‌زەوتکەران و دوژمنانی ئازادی دا راوەستێ و، وەدیهێنەری ئازادی و دێموکراسی بۆ کوردستان بێ . ئێستا ئیدی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە سنورەکانی کوردستانی بڕیوەو بۆتە ناوێکی جیهانی و سەرکردەکانی گەورەترین هێزی جیهانی، "پێشمەرگە" وەک رزگاریکەر و قارەمان ناو دێنن . بەشدارانی خۆشەویست ! لە کاتێک دا دەورەی ٢٢١ی سەرەتایی پێشمەرگە لە فێرگەی سیاسی - نیزامی کۆتایی پێ دێ کە ئیران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لە رووی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەتی‌یەوە لە بارودۆخێکی گەلێک ناخۆش و نائاسایی دایەو فەزایەکی ئەمنییەتی و پڕ لە زەبر و زەنگ زالە و، کوردستان بۆتە مەکۆی بەرەنگاری و مەترسی‌یەکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامی. هەر بۆیە ئەم رێژیمە لە ماوەی تەمەنی نگریسی خۆی‌دا لە هەموو کەرەسەو ئامرازێک دژی گەلی کورد کەڵکی وەرگرتوە و، درێغی لە هیچ پیلانێک نەکردوە. بەلام هیچ کات نەیتوانیوە بە سەر ئیرادە و ویستی خەڵک دا سەر کەوتوو بێ . هاورێیانی خۆشەویست ! کۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی خۆی جگە لە ئێعدام و گرتن و کوشتن و ئەشکەنجە و ئازاری گەلانی ئیران هیچ جۆرە ئازادی و خۆش گوزرانییەکی بۆ گەلانی ئیران دابین نەکردوە . لە ئاستی نێونەتەوەیش‌دا لە لایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دەیان جار بە هۆی پێشێلکردنی ماف و ئازادی‌یە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەیی، ژنان، کریکاران و.... مەحکوم کراوە . لە هەر شۆنێکی ئەم جیهانە شەڕ و ئاژاوەیەک هەبێ، بێ شک دەستی کۆماری ئیسلامی ئیرانی تێ‌دایە. بۆ نموونە؛ لە عیراق دەستێوەردانی لە رێگای شیعەکانی ئەم وڵاتەوە کە دەسڵاتیان بە دەستە و هەروەها دروستکردنی حەشدی شەعبی لە شێوەی سپای پاسداران لە عێراق لە هەوڵی داسەپاندنی مەرامەکانی خۆیەتی و کاریگەریی لە سەر بڕیارەکانی حکومەتی عیراق هەیە .لە سوریە بە دەخالەتی ئاشکرا و راستەو خۆ و ناردنی هێزی نیزامی و "مشاورانی نیزامی"، کە تا ئیستا بە پێی ئامارە فەرمیەکان زیاتر لە دووهەزارو سەد لە سپای پاسدارانی ئیران لە سوریە کوژران . هەروەها هێزی حیزبوڵڵای لوبنانی بردۆتە سوریە بۆ دیفاع لە بەشار ئەسد و هێندێک هێزی بە کرێگیراوی دیکەیشی بردۆتە سوریە و شەریان پێ دەکا. لە یەمەن  بە ناردنی چەک و چۆڵ و پشتیوانی لە حوسی‌یەکان توانیویەتی ئاگری شەڕەکە گەرمتر راگرێ . ئیران وەک دەوڵەتێکی دیکتاتۆر و سەرەڕۆ دەیەوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەراست لە رێگای پشتیوانی کردن لە گروپە تیروریستی‌یەکان لە رێگای شیعە مەزهەبەکانەوە خۆی وەک زلهێزێک نیشان بدا. ئایا ئیران دەتوانێ هەر وا لە ناوچەکە دا بە کەیفی خۆیی ڕمبازێن بکا و هەر وا پشتیوانی گروپە تیروریستیەکان بێ و بە قازانجی خۆیی درێژە با ئاژاوە گێرییەکانی بدات؟! لە کۆتایی دا جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە بەشدارانی دەورەی ٢٢١ی فێرگەی سەرەتایی دەکەین و ئاواتە خوازین لە ئەرکە کانیان دا سەرکەو توو بن. بە حورمەتەوە فێرگەی سیاسی -  نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستان 22/12/1395