کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«کوردستان» ئاوا دەبینم

16:05 - 2 خاکەلێوه 2717

«کوردستان»، ژیان و تێکۆشانێکی پێشمەرگانە «کوردستان» رۆژنامەیەکە رسکاو لە سەر پنج و ریشەیەکی حەفتا ساڵە و هەڵگری پەیامی یەکەم رۆژنامەی کوردی. «کوردستان» رۆژنامەیەکە کە لە دوو بڕگەی زۆر کورت‌دا واتە کەمتر لە ساڵێک لە سەردەمی کۆماری کوردستان‌دا و ماوەیەکی کورتی سێ چوار ساڵە(دوای شۆڕشی ٥٧) لە سەر خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە مەیدانی راستەقینەی تێکۆشانی ئەوە، دەرفەتی تێکۆشانێکی بەرتەسکی بۆ رەخساوە. ئەم رۆژنامەیە بەم پێیە کە ئۆرگانی حیزبی دیموکراتی کوردستانە تا ئێستاشی لەگەڵ‌دا بێ لەم جوگرافیایەدا کە دەبێ لە گۆشەو قوژبنی‌دا ئۆفیس و هەواڵنێرەکانی بە ئازادی تێکۆشانیان هەبێ، قەدەغەیە. ئەم رۆژنامەیە کە ناوی خۆی لە یەکەم رۆژنامەی کوردییەوە («کوردستان»ی میقدات مەدحەت بەدرخان)وەرگرتوە، زۆربەی هەرە زۆری تەمەنی پێشمەرگانە و لە سەر کەژ و چیاو لە نێو دۆڵ و لێڕەوارکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یان لە تاراوگەدا تێپەڕ کردوە. لەم ماوە دوورو درێژ و لە هەمان کات دژوارەدا، بەشی بەرچاوی قەڵەمبەدەستان و هەڵسوڕێنەرانی ئەم رۆژنامەیە جۆرێکی دیکە لە رۆژنامەنووس بوون، کە من وەک پێشمەرگەی رۆژنامەنووس ناویان دەهێنم. پێم وابێ ئەم چەند رستەیە بەس بن بۆ ئەوەی بە کورتی نیشان درابێ ئەم رۆژنامەیە ئێستاشی لەگەڵ بێ لە چ هەلومەرجێک‌دا درێژە بە تێکۆشان دەدا. «کوردستان» قوتابخانەیەکی رۆژنامەنووسیی کوردی و کوردی نووسین رۆژنامەی «کوردستان» سەرەڕای دژواریی هەمەلایەنەی هەلومەرجی تێکۆشان، هەمیشە مەکۆی ژمارەیەک قەڵەمی بەبڕشت و هەرماوی گۆڕەپانی زمان و وێژەی کوردی بووە. ئەم تایبەتمەندییە لە پەنا نەریتی دۆزینەوەی بەهرە نوێیەکان(هەرچەند لە چوارچێوەی سنوورداری ریزەکانی حیزبی دیموکرات دا)و هەوڵدان بۆ پێگەیاندنی نوێ قەڵەمەکان دوو دەرکەوتەی شیاویان لێکەوتوەتەوە. یەکەم ئەوە کە لەم ساڵانەدا کە تێکۆشەرانی دیموکرات لە باری شوێنی نیشتەجێبوون و پێوەندیی ئۆرگانیکی‌یەوە لە ئاستێکی لەبارتردا بوون ، کۆمەڵێکی بەرچاو لە لاوانی بەبەهرە توانیویانە لە پەنا خاوەن قەڵەمە بەئەزموونەکان دا خۆیان ببیننەوەو لە ئەزموونی زمانەوانی و رۆژنامەنووسیی ئەوان کەڵک وەرگرن و بەم شێوەیە ئەزموونی بەرە جۆراوجۆرەکان دەستاودەست بکرێ. دووهەم دەرکەوتەی شیاو دەتوانێ بریتی بێ لە مەیداندان بە هەڵکشانی لاوەکان تا ئاستی سەرنووسەری و بەرپرسایەتیی بەشە جۆراوجۆرەکان. هەر ئەوانەش بوونەتە هۆی ئەوە کە لانیکەم لە دوو دەیەی رابردوودا هەم شایەدی درەوشانەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەهرە لاوەکان نەک تەنیا لە ئاستی «کوردستان»دا بەڵکوو لە ئاستی میدیاکانی دیکەی حیزبی دیموکرات و تەنانەت لە باشووری کوردستانیش دا بین. ناکرێ لەم پێوەندییەدا ئاماژە بەم خاڵەش نەکەین کە لە قوتابخانەی زمانەوانی و رۆژنامەنووسیی «کوردستان»دا کۆمەڵێک بەهرەی گەورە خۆیان دیتوەتەوە و درەوشاونەتەوە و لەبواری دیکەش‌دا وەک وەرگێڕان، چیرۆکنووسی و لێکۆڵینەوەدا خۆیان دیتوەتەوەو خزمەت دەکەن. رۆژنامەیەکی دوو زمانە بەم پێیە کە «کوردستان» بە دوو زمانی کوردی و فارسی بڵاو دبێتەوە، نووسین بەم دوو زمانە و وەرگێڕانی وتار، هەواڵ و بابەتە جۆراوجۆرەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم تایبەتمەندییەش بەستێنێکی لەباری خوڵقاندوە بۆ ئەوەی ئەو بەشە لە هاوکارانی رۆژنامە کە توانای داڕشتنی کوردییان لاوازە بتوانن هەم بابەتەکانیان بە فارسی داڕێژن و لە لایەن وەرگێڕە کوردی‌زانەکانەوە بکرێنە کوردی و هەم بەپێچەوانە کەسانی فارسیزان بتوانن توانایی زمانەوانیی خۆیان بۆ وەرگێڕانی بابەتە کوردییەکان تەرخان بکەن. لەراستیی دا دوو زمانە بوونی «کوردستان» بوەتە هۆی ئەوە کە ئەزموونی وەرگێران تاڕادەیەکی باش لە نێو دەستەی نووسەران و هاوکارانی رۆژنامەدا گەشە بکا. ئەمە لە خۆیدا یارمەتیدەرێکی باش بووە بۆ ئەوەی کەسانێک لە نێو ستافی ئەم رۆژنامەیەدا هەڵکەون کە بتوانن هاوکات بتوانن بە هەر دووک زمانەکە قەلەم بگێڕن. «کوردستان» فێرگەیەکی زمانەوانی رەنگە زێدەڕۆیی تێدا نەبێ ئەگەر بگوترێ رۆژنامەی «کوردستان» بۆخۆی بەتەنیا فێرگەیەکی زمانەوانی بووە و ئێستاش درێژە بەم رێبازەی خۆی دەدا. کارتێکەریی زمانەوانیی «کوردستان»( سەرەڕای هەموو بەربەستەکانی بەردەم بڵاوبوونەوەی بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان) و قەڵەمە دیارەکانی دوێنێ و ئێستای ئەم رۆژنامەیە بەسەر گۆڤارو بڵاوکراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەروونی هەست پێدەکرێ. ئەوە کە ئەم رۆژنامەیە توانیویەتی دەورێکی ئەوەندە گرنگ لە نێو میدیای کوردی و تەنانەت لە بەستێی زمانی کوردی‌دا بگێڕێ، دەگەڕێتەوە بۆ نەخشی سەرەکی و بناخەداڕێژەرانەی ژمارەیەک کەسایەتیی بەرزی بواری زمان و وێژەی کوردی لە سەروویانەوە مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە، مامۆستا هێمن و ... دەگەرێتەوە کە لە ساڵانی دەیەی حەفتای زایینی دا، لە کاتێک دا دەورێکی نوێی «کوردستان»یان لە تاراوگە دەست پێکردەوە، هەوڵیان دا ئەم رۆژنامەیە لەباری رێنووس و رێزمانەوە بخەنە سەر چوارچێوە و رێڕەوێکی داڕێژراو . ئەم رێبازە لە ساڵانی دوورودرێژی سەرنووسەریی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە و دواتر کاک قادر وریادا زیاتر گەشەی کرد و چەسپی. پرنسیپ و ئەتیکێتی جیهانیی رۆژنامەنووسی «کوردستان» تا هاتوە هەوڵی داوە لە بوارەکانی دیکەش‌دا ستانداردەکانی کاری رۆژنامەنووسی لەخۆی دا پتەو بکا. لەم پێوەندییەدا هەوڵدراوە نووسەران و کارگێڕانی بەشە جۆراوجۆرەکانی رۆژنامە بە پرنسیپ و ئەتیکێتە جیهانییەکانی رۆژنامەنووسی ئاشنا بکرێن. ناسیاویی رۆژنامەنووسانی «کوردستان» لەگەڵ پرنسیپ و ئاکاری کاری رۆژنامەنووسی لەلایەک و رێنوێنییەکانی رێبەریی حیزبی دیموکرات لەلایەکی دیکەوە ئەم رۆژنامەیەیان لەباری راست‌وێژی و چەندایەتییەوە گەیاندوەتە ئاستێکی ئەوتۆ کە تەنانەت نەیارەکانیش بابەت و زانیارییەکانی بکەنە سەرچاوە. بەهرە‌ وەرگرتن لە زانست و ئەزموونی مامۆستایانی زانکۆ بەڕێوەبەرانی «کوردستان» بە تایبەت لەم ساڵانی دوایی‌دا دەرەتانی کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی زانستی رۆژنامەنووسییش بەتایبەت لەبواری شێوازە نوێیەکانی داڕشتنی وتار، هەواڵ، راپۆرت، دیزاین و... بۆ دەستەی نووسەران و بەشەکانی دیکەی رۆژنامە پێک هێناوە. لەم پێوەندییەدا هەم رێگە خۆش کراوە کە ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خولی تایبەت و کۆڕ و سمینار بۆ کارگێڕانی «کوردستان» پێک بێنن و هەم دەرفەتی ئەوەشیان پێک هێناوە کارگێڕانی رۆژنامە لە رێگای بەشداری لەو کۆڕو سمینارانەی لە پێوەندی لەگەڵ کاری میدیایی دا پێک دێن، بەشداری بکەن و لە ئەزموونی کەسانی دیکەش کەڵک وەرگرن. دوایین وتە «کوردستان» بەم پێیە کە دەرفەتی ئەوەی نەبوە لە کەشێکی ئاسایی‌دا لە دوای تێکچوونی کۆماری کوردستانەوە درێژە بە کاری خۆی بدا، بێگومان بێ کەموکوڕی نیە. ئەم رۆژنامەیە ئەگەر بیهەوێ بۆ وێنە کەموکووڕیی رۆژانەی بڵاوبوونەوەی قەرەبوو بکاتەوە یان لە رووبەرێکی بەرینتردا بڵاوبێتەوە پێویستی بە سەرچاوەی دارایی و هێزی مرۆیی زۆر زیاتر هەیە. بەڵام لەم سەردەمەدا دەتوانێ لانیکەم بەشێوەی ئیلکترۆنی بگاتە دەست و بە دەیان و سەدان هەزار کەس یان هێزی مرۆیی زیاتر لەخۆی کۆبکاتەوە. رۆژنامەی «کوردستان» ژمارەیەکی زۆر هاوکاری لە درێژەی ساڵانی دوورو درێژی تێکۆشان‌دا لەدەست داوە. ئەمەش زیانی زۆری بەهێزی مرۆیی ئەم رۆژنامەیە گەیاندوە. بێگومان لەم سەردەمەدا دەکرێ بەبێ لەبەرچاوگرتنی دووریی جوگرافیایی، بەگرتنەبەری رێ‌وشوێنێکی نوێتری رێکخستنی هێزی مرۆیی هەم لە توانا و بەهرە دابڕاوەکان و هەمیش لە هێزی نوێی خاوەن بەهرەی رۆژنامەنووسی بەتایبەت لە نێو خۆی رۆژهەڵاتی کوردستان کەڵک وەرگیرێ. لە کۆتایی دا هیوادارم «کوردستان» بەبڕشتر لە هەر کات درێژە بە تێکۆشانی خۆی بداو بە ئازادی لەسەر ئەم خاکەی، یەکەم ژمارەی چاوی خوێنەری کوردی گەشاندوەتەوە جارێکی دیکە و بۆ هەمیشە بچێتەوە سەر پێشخانی رۆژنامەفرۆشییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.