کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پێوەندی لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە ئێران‌دا

13:43 - 5 بانەمەڕ 2717

شاوەیس حەمدی ئەوەندەی پێوەندیی بە خەڵکی ئێرانەوە هەیە بۆچوونەکان لە سەر هەڵبژاردنەکان لە چوارچێوەی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا یەکدەست نین. بە ئاوڕدانەوەیەک لە هەڵوێست و بۆچوونی خەڵک لە هەڵبژاردنە جیاجیاکان لە ئێران لە ماوەی ئەم نزیک بە ٤٠ ساڵەدا، دەبینین کۆمەڵگای ئێران رەفتارەکانی تابعێکە لە شەرایەتێک کە راست لەو مانگ و ساڵەدا تێیدا بووە. ئەوە نیە کە پێمانوابێ خەڵک لە ئێران بە لێکدانەوەیەکی قۆڵی درێژخایەنانەوە بیر لە پرسێکی سیاسی لەم وڵاتەدا بکاتەوە. چونکی خۆی بە هیچ شێوەیەک تیایدا بەشدار نیەو هەست بە کاریگەربوونی دەنگی خۆی ناکات. نیزامی سیاسی لە ئێران بە هۆی داخراوبوونیەوە، مەجالی خۆرێکخستنی بۆ چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا نەهێشتۆتەوە کە هەست بەوە بکەن بە بەشداری یان بەشداری نەکردنیان لە فڵان پرس‌دا دەتوانن شوێنەوارێکی کاریگەر دابنێن. بۆیە دیسان دەیڵێینەوە کە هەڵویست و رەفتاری خەڵکی ئێران بە گشتی تابعێکە لەو شەرایەت و هەلومەرجەی کە تیایدان.  زۆر جار لە مەجالێکی هەڵبژاردنەکان‌دا زۆرینەی خەڵک دەنگیان بە فڵان کاندید داوە نەک لە بەر ئەوەی پێیان وایە ئەو دەتوانێ کاریگەرتر یان باشتر لەوی دیکە بێت!!، بۆیە دەنگیان پێ داوە راست بۆ ئەوەی کەسی بەرانبەر کە زاڵم و ستەمکارترە دەنگ نەهێنێتەوە یان لانیکەم دەنگی کەمتر بهێنێتەوە. زۆرجار خەڵک بەشداریی هەڵبژاردنێکیان کردوە تەنیا بە مەبەستی ئەوەیکە ئەو کاندیدەی کە دەنگی رێبەری نیزامی لە پشتە، دەنگ نەهێنێتەوە یان ئەوەیکە بە دەنگێکی کەمەوە قبووڵ بێت. ئەوان ویستوویانە لەو رێگایەوە پەیامی ی خۆیان بە رێبەری نیزام و کۆی دەسەڵات بگەیەنن.  لە بەرانبەر‌دا رێژیمیش کە قەتی دەنگی خەڵکی بۆ گرینگ نەبووە، زیاتر حزووری خەڵکی لە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ گرینگ بووە کە لەمەیاندا رێژیم دوو ئامانجی پێکاوە؛ یەکەم ئەوەیکە ویستوویەتی لە رێگای پێشاندانی سەفی حزووری خەڵکەوە بە کۆمەڵگای جیهانی بڵێ کە، ئیدیعاکانی ئێوە لە سەر خەڵکی‌نەبوونی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران راست نیەو ئەوەتا کە خەڵک چ پڕرەنگ بەشداری پرسەکان دەکەن، دووهەم ئەوەیکە بە کەڵک وەرگرتن لە حزوورە پڕرەنگەی خەڵک، بتوانن دەسکاریی دەنگەکان بە قازانجی خۆیان بکەن و کێیان پێ خۆش بوو لە سندوقەکانی دەنگدانی دەربهێنن.  هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەمیشە هەڵوێست و خوێندنەوەیان بۆ پرسی هەڵبژاردنەکان لە ئێران‌دا یەک نەبووە. بەشێک لە حیزبەکان هەر لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێرانەوە، ١٩٧٩وە تا ئێستا بە گوتاری بایکۆتەوە هەڵوێستیان بەرانبەر بە ئەم پرسە گرتووەو بە سناریو، شانۆ و تەرفەندی رێژیمی دادەنێن. بەڵام بەشێکیشیان بە پێچەوانەی ئەم گوتارە لە گەڵ ئەوەیکە سوورن لە سەر ئەوەیکە هەڵبژاردنەکان بە شێوەی دێموکراتیک بەڕێوە ناچن و رێژیم هیچ باوەرێکی بە هەڵبژاردن نیە، بەڵام هێندێک جارو لە هێندێک قۆناغ‌دا داوایان لە خەڵک کردوە بەشداری هەڵبژاردنەکان بن. ئەوان پێیان وایە جاری وایە بە پێی شەرایەت و هەلومەرج و لە هەمووی گرینگتر تایبەتمەندیی هێندێک لە کاندیداکان و جۆری هەڵبژاردنەکان، خەڵک دەتوانن وەک دەرفەتێک بۆ هێنانە ئارای ویست‌و داخوازییەکانیان کەڵکی لێ وەربگرن و بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن. لە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەدا پرسەکە هێندێک ئالۆزکراوە؛ لە یەک کات‌دا دوو هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت: هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و هەڵبژاردنەکانی شووراکان. وەک باس دەکرێ خەڵکی کوردستان بە پێچەوانەی دەوری پێشوو کە رووحانی هێندێک وادەو بەڵێینی پێدان و هیچی جێبەجێ نەکرد، کەمتر بەشداری لە هەڵبژاردنەکان‌دا دەکەن، بەڵام هاوکاتبوونی هەڵبژاردنەکانی شووراکان تارادەیەک هەڵوێستەکان و بۆچوونەکانی لێک ئاڵۆز کردوە. هێندێک پێیان وایە ناکرێ بەشداریی هەڵبژاردنی شووراکان نەبین و مەیدان بۆ کەسانی سەربە رێژیم چۆڵ بکەین. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٢.