کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرهەنگی "حەوتەوانە" شێوەیەکی دەگمەن لە فەرهەنگنووسیی کوردیدا

17:53 - 17 بانەمەڕ 2717

فەرهەنگی کوردی ـ فارسی ـ ئینگلیسیی"حەوتەوانە" لە  وەرگێڕان و ئامادەکردنی نەمر کاک "فەتاحی کاویان" خاوەنی هێندێک تایبەتمەندیە کە لەنێو فەرهەنگە کوردییەکاندا نابینرێن. شێوەی ئامادەکردن و بەکارهێنانی شێوەیەکە کە لە فەرهەنگنووسیی کوردیدا ـ ئەگەر نەڵێن تاقانەیە دەتوانین بڵێین ـ دەگمەنە. ئەو فەرهەنگە لە بنەڕەتدا ٣ زمانە، بەڵام لەراستیدا بە ٩ شێوە کەڵکی لێ وەردەگیرێ. لەم وتارەدا هەڵ دراوە شێوەی ئامادەکران و چۆنیەتیی بەکارهێنانی و هەروەها خاڵە بەهێز و لاوازەکانی روون بکرێتەوە. قەوارەو و بەشەکانی فەرهەنگی "حەوتەوانە" "حەوتەوانە" لە بنەڕەتدا لە ٣ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیسی پێک هاتوە. بنەمای ئەم کارە لە سەر بەرگی یەکەمی Oxford Dictionary of Current Idiomatic English  ە کە تایبەتە بە کار و پێشگر و پاشگرەکانی کە دوو کەس بە ناوەکانی  Ap Cowie و  R. Mackin ئامادەیان کردوە. بەشە کوردییەکەی بریتییە لە فەرهەنگی کوردی ـ کوردی کە ٣٥٠ لاپەڕە. بەشە فارسییەکەی بریتییە لە فەرهەنگی فارسی ـ فارسی کە ٣٤٥ لاپەڕە و بەشە ئینگلیسییەکەی بریتییە لە فەرهەنگی ئینگلیسی ـ ئینگلیسی کە ٣٦٩ لاپەڕە. هەروەها بەشێکی دیکەی هەیە کە بریتییە لە جەدوەلی کۆد و ژمارەکان کە دواتر باسی دەکەین کە ئەویش ٧٦ لاپەڕی داگرتوە. لەسەریەک ئەم فەرهەنگە١١٤٠ لاپەڕە کە لە ساڵی ٢٠٠٠ زایینی دا چاپ بووە. چۆنیەتیی بەکارهێنای ئەم فەرهەنگە فەرهەنگی "حەوتەوانە" بە ٩ شێوە بەکار دێ. هەر ئەمەشە کە لە فەرهەنگەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە: ـ یەکەم، کوردی ـ کوردی، واتە لەم بەشەدا زاراوە کوردییەکان کە هەرکامەیان ژمارەکیان بە کوردی و ژمارەیەکیشیان بە ئینگلیسی بۆ دانراوە، لە بەرامبەریاندا بە کوردی واتایان بە نموونەوە لێک دراوەتەوە. ـ  دووەم، کوردی  ـ فارسی: هەروەک بەشی کوردی کە هەر زاراوەیەک ژمارەی بۆ دانراوە، لە بەشەفارسییەکەشدا بۆ هەر زاراوەک ژمارە دانراوە، ئەو زاراوانەی هاوواتان ژمارەیەکیان لە جەدەوەلەدا لە پەنا یەکتر دانراوە و لەوێوە هاوواتا کوردییەکی لە بەشی فارسیدا دەدۆزییەوە. سێیەم، کوردی ـ ئینگلیسی: هەر زاراوەیەکی کوردی ژمارەی خۆی هەیە، ژمارەی هاوواتا ئینگلیسییەکەشی لەگەڵە، لە رووی ئەو ژمارە ئینگلیسییەوە زاراوە ئینگلیسییەکە لە بەشی ئینگلیسی دا دەبینییەوە. ـچوارەم، فارسی ـ فارسی: هەر زاراوەیەکی فارسی بە نموونەوە واتای بە فارسی بۆ لێک دراوەتەوە. ـپێنجەم ، فارسی ـ کوردی: هەموو زاراوەکی فارسییش ژمارەی خۆی هەیە. لە رووی ژمارەکەی لە جەدوەلدا لەبەرامبەر ژمارە کوردییەکەی و ژمارە ئینگلیسییەکەیدا هەیە و لە ویوە هاوواتا کوردییەکەی دەدۆزییەوە. ـشەشەم، فارسی  ـ ئینگلیسی: ئەگەر بتەوێ بەرامبەری زاراوەیەکی فارسی لە ئینگلیسیدا بدۆزییەوە، زاراوە فارسییەکە کە بۆخۆی ژمارەی هەیە، ژمارەکەی لە جەدوەلدا دەدۆزییەوە و لە بەرامبەریدا ژمارەی هاوواتا ئینگلیسییەکەی دەدۆزییەوەو لە وێوە هاوواتا ئینگلیسییەکەی لە بەشی ئینگلیسیدا دەدۆزیەوە. ـحەوتەم، ئینگلیسی ـ ئینگلیسی: وەک باسمان کرد ئەو بەشە فەرهەنگی ئینگلیسسی ئۆکسفۆردە تایبەتە بە ئیدیۆم و دەستەواژەی کار. ـ هەشتەم، ئینگلیسی ـ کوردی: هەموو زاراوەکان کە ژمارەی خۆیان هەیە، لە جەدوەلی ژمارەکاندا، ژمارەی هاوواتا کوردییەکەی لەبەرامبەردایە و لە بەشی کوردیدا دەی‌دۆزرێتە. ـ نۆیەم ،ئینگلیسی  ـ فارسی: هەروەک ئینگلیسی ـ کوردییەکە، لەرووی ژمارەی زاراوە ئینگلیسییەکەوە، ژمارەی هاوواتا فارسییەکەی دەدۆزرێتەوە و لە بەشی فارسیدا زاراوە فارسییەکەی دەدۆزرێتەوە. نموونە: لاپەڕی ٧٦ی بەشی کوردی. زاراوەی "پێشوازی لێکردن" ژمارە ١٤٨٩ یە و ژمارە ئینگلیسییەکەشی (٣٠٣٧)ە، یان راستەوخۆ دەچیە سەر بەشە ئینگلیسییەکەی و ژمارە (٣٠٣٧) دەبینیەوە کە بریتییە لە: greet with: offer, in the form of a “welcome”. بۆ دۆزینەوەی هاوواتا فارسییەکەش دەچییە سەر جەدوەلی ژمارەکان کە ژمارەی هاوواتا فارسییەکەش لەبەرامبەر ئەو دوو ژمارە کوردی و ئنیگلیسییەدا  هەیە. لە لاپەڕی ٣١ی جەدوەلەکەدا ژمارە ٤٨١ی فارسی لەبەرامبەر ئەو دوو ژمارە کوردی و ئینگلیسییەدایە. لە بەشی فارسییەکەدا ژمارە ٤٨١ بریتییە لە: استقبال کردن، پیشوازی کردن. لایەنە بەهێزەکانی فەرهەنگی "حەوتەوانە" یەکەم لایەنی بەهێزی ئەم فەرهەنگە ئەوەیە کە لە بەشی پێشەوە باسمان کرد و بە ٩ شێوە کەڵکی لێوەردەگیرێ. واتە، هەر زاراوەیەکی لە یەکێک لەو ٣ زمانە هەڵبژێری بە هۆی بەکارهێنانی جەدوەلی ژمارەکان دەتوانی هاوواتاکانی لە دوو زمانەکەی دیکە بدۆزییەوە. ئەو لایەنە بەهێزە کاتێک زیاتر روون دەبێتەوە کە لەگەڵ فەرهەنگێکی ـ بۆ نموونە: ئینگلیسی ـ کوردی بەروارد بکەین. تۆ دەتوانی وشەیەکی ئینگلیسی هەڵ ببژێری و هاوواتاکەی بە کوردی لەبەرامبەری نووسراوە، بەڵام ناتوانی لە وشەیەکی کوردی بگەڕێی و بەرامبەرەکەی بە ئینگلیسی بدۆزییەوە، چونکە تەرتیبەکەی بە ئینگلیسییە. "حەوتەوانە" بۆ هەرسێک زمان ئەو گیروگرفتەی چارەسەر کردوە. دووەم، "حەوتەوانە" فەرهەنگی زاراوەیە، واتای زاراوەو دەستەواژەکان تەنیا لە فەرهەنگێکی وەک "حەوتەوانە"دا دەتوانی بدۆزییەوە. چونکە فەرهەنگی وشە واتای وشەکانت بە جیا دەداتێ، بەڵام وشەکان کە لێکدراو بن و  لە دەستەواژەدا بن بە زەحمەت واتایان دەزانرێ بە تایبەتی لە زمانێکی دیکەدا. بۆ نموونە: دەستە واژەیەکی وەک "دەست لێشوشتن لە..." لە فەرهەنگی وشەدا واتای هەرکام لە وشەکان "دەست" و " شوردن" و "لە" بە جیا راڤەدەکرێن. بەڵام ئەم ٣ وشەیە لە فەرهەنگی زاراوە و ئیدیۆمدا بە واتای " دەستهەڵگرتن لە شتێک" یان "وازهێنان" یان " ناهومێد بوون لە شتێک" دەگەیەنێ. هەر بە پێی ئەم فەرهەنگە " دەستلێشوشتن"بەرامبەر بە (give up)ی ئینگلیسییە. دیارە ئەم زاراوە ئینگلیسییە واتای دیکەشی هەن بەڵام یەکێک لە واتاکانی "دەست لێشوشتن"ە. سێیەم، لایەنێکی دیکەی بەهێزیی ئەم فەرهەنگە ئەوەیە کە بەشێکی کوردی ـ کوردیە. زۆربەی فەرهەنگە کوردییەکان کوردی بۆ زمانێکی دیکە یان زمانێکی دیکە بۆ کوردین. یەکەم فەرهەنگی کوردی "نەوبەهاری ئەحمەدی خانی (١٦٨٣) عەرەبی ـ کوردییە. ئەو فەرهەنگانەی کە ئێستاش چاپ دەبن هەر بەم جۆرەن. فەرهەنگە کوردی ـ کوردییەکان دەگمەنن لە فەرهەنگنووسیی کوردیدا، بەڵام کاک فەتاح لە "حەوتەوانە" دا ئەم لایەنەشی لە بیر نەکردوە. کەموکورتییەکانی ئەم فەرهەنگە هیچ کارێک بێ کەموکورتی نیە. ئەم فەرهەنگەش لەگەڵ ئەوەدا کە لەچاو فەرهەنگەکانی پێش خۆی لە هێندێک تایبەتمەندیدا دەگمەنە و لە هێندێک لایەنیشەوە سەرکەوتووترە، بەڵام هێندێک کەموکووڕیشی هەن. یەکەم، وەک زۆربەی هەرەزۆری فەرهەنگە کوردییەکان کاری تاقە کەسن فەرهەنگی "حەوتەوانەش" بە تەنیا کاری نەمر کاک "فەتاحی کاویان"ە. باشترین فەرهەنگ ئەوەیە کە بەرهەمی کارێکی بەکۆمەڵ بێ و بوودجە و ئیمکاناتی دامەزراوێکی فەرهەنگی یان حکوومەتیی لە پشت بێ. بێگومان توانا و ئیمکاناتی بەکۆمەڵ لە هی تاقەکەس زیاتر و کاریگەرترە، لە باری فەرهەنگیشەوە ئەم هەر راستە. دووەم، لە فەرهەنگدا، پێشەکییەکی روون و تەواو، نیشانە و سیمبولەکان بۆ خوێنەر یەکجار زۆر رێنوێن و یارمەتیدەرن، بەڵام لەم فەرهەنگەدا تەنیا پێشەکییەکی ٢ لاپەڕیی "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم" و پێشەکییەکی ٥ پاراگرافیی خودی کاک فەتاحی کە یەک لاپەڕی گرتوە، هەن. هێندێک خاڵی بەرجەستەی رێزمانی و...هتد فەرهەنگ زۆر دەوڵەمەند دەکەن، بەڵام لەم فەرهەنگەدا نین. هەروەها لایەنی فۆنەتیکی، واتە چۆنیەتیی تەلەفوزکردنی وشەو زاراوەکان لانیکەم لە بەشە ئینگلیسی و فارسییەکەیدا نین کە ئەوەش بە کەموکورتی دەژمێردرێ. ئەم کەموکورتیانەی باسیان کرا لایەنی لاوەکیی فەرهەنگن بەڵام زۆر بەسوودن، کە لەم فەرهەنگەدا نین، بەڵام هیچ لە نرخ و بایەخی فەهەنگەکە کەم ناکاتەوە. سەرەنجام بە گشتی، فەرهەنگی "حەوتەوانە" کە فەرهەنگێکی کوردی ـ فارسی ـ ئینگلیسییە و لە وەرگێڕان و ئامادەکردنی نەمر کاک "فەتاحی کاویان"ە، جگە لەوەی کە فەرهەنگێکی (کوردی ـ کوردی)، (فارسی ـ فارسی) و (ئینگلیسی ـ ئینگلیسییە)،لە هەرکام لەو ٣ زمانەوە دەتوانی هاوواتاکەی لە دوو زمانەکەی دیکەدا بدۆزییەوە. ئەمە وای کردوە کە هەرچەند فەرهەنگەکە ٣ زمانە بەڵام لە رێکخستن و چۆنیەتیی بەکارهێنانیدا لە راستیدا کاری ٩ فەرهەنگ بکا. هەروەها ئەم فەرهەنگە فەرهەنگی زاراوە و ئیدیۆمە کە دۆزینەوەی بەرامبەریان لە زمانی دووەمدا کارێکی ئاسان نیە و ئەمە لایەنێکی بەهێزی ئەم فەرهەنگەیە. ئەم تایبەتمەندیانەی لەم وتارەدا باسیان کرا سەرکەوتووی ئەم فەرهەنگە دەسەلمێنن و هەر ئەم تایبەتمەندیانەش ئەم فەرهەنگە لە فەرهەنگەکانی دیکەی کوردی جیا دەکاتەوە. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٣.