کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵاوا مام عەلیشا، پاشای چاک و باشەکانی ئێمە!

17:52 - 17 بانەمەڕ 2717

(شەوی ٣لە سەر٤ی مانگی مای ٢٠١٧) بەر لەوەی خۆی بناسم سلێمانی کوڕیم ناسی. ساڵەکانی١٣٦٥-١٣٦٦، ئەو کاتەی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات و فێرگەی سیاسی- نیزامی لە تەنیشت یەکتر لە بناری قەندیل بوون ، ڕەوانشاد کاک نەبیی قادرییش یەکێک لە بەرپرسانی فێرگە و ئەڵقەی پێوەندیی یەکیەتیی لاوان و بەڕێوەبەریی فێرگەی سیاسی- نیزامی بوو، لاوێکی پێشمەرگەم بە ناوی سلێمان ناسی کە زۆر زوو کەوتە بەر دڵم. ئەو لاوە، وەک پێشمەرگەی پاریزەرلە گەڵ کاک نەبی دا دەهات و دەچوو. جارو باریش کە دەچوومە خزمەت کاک نەبی ، ئەو لاوەم دەدیت. سلێمان، کە تەمەنی هەر لە نێوان ١٨-٢٠ساڵ دابوو ئەوەندە بەڕێز و لە سەرخۆ و موحتەرەم بوو کە نەتدەتوانی خۆشت نەوێ و ڕیز لەو هەمووە نەجابەتەی نەگری. هەر لە پاییزی ئەو سالە دا (1366) بوو کە جارێک بە ڕێکەوت و بە شێوەیەکی سەرپێی ڕێگام کەوتە بەر دەرگای ماڵێک لە قەڵادزێ. خاوەن ماڵەکە قیافەیەکی ئاشنای هەبوو و پێشتر لە نێو بنکە حیزبییەکان‌دا دیتبووم، بەڵام هەتا ئەو کات نەمدەزانی ناوی عەلیشایە و باوکی ئەو لاوە پێشمەرگەیە کە ئەو هەمووەم خۆش دەویست. ئاسەوارەکانی کۆنگرەی ٨، لێک دابران لە نێو حیزبی دیموکراتی لێ کەوتەوە و کاک نەبی و کاک سلێمانی هاوڕێی و زۆر هاوڕێ و بنەماڵەی دیکەش لە لای ئێمە باریان کرد و لێک دوور کەوتنیەوە. سلێمانم هەر نەدیتەوە و هێچ خەبەرم لێی نەبوو هەتا ئەو کاتەی وابزانم هاوینی ١٣٧٣(١٩٩٤) بوو کە خەبەری شەهیدبوونی لە گەڵ پۆلێک تێکۆشەری دیکە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتم بیست. لە سەر دڵم بووە داخێکی گەورە کە جارێکی دیکە نایبینمەوە. ساڵی ١٣٧٥، حیزبی دیموکرات بۆوە یەکماڵ. ماڵی مام عەلیشا( بنەماڵەی شەهید سلێمان) هاتنە کەمپی ئازادی. ئەگەر جاران هەر سلێمانم لی دەناسین، ئەمجارەیان مام عەلی، داخەیاڵی هاوسەری و دایکی شەهید سلێمان، سمکۆی تاقانە کوڕیان و کچەکان و زاواکانیشیانم بەرە بەرە ناسین. داخەیاڵ بە مەتانەت و هێمنییەکەی، کورە شەهیدەکەی، (سڵیمان)ی وەبیر دەهێنامەوە. مام عەلییش کە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ئاشنای هەڵسوکەوتی دەبووم، هەتا دەهات پتر دەکەوتە بەر سەرنجم. پیاوێکی شۆخ، بە ورە و بە بیرو باوەڕ، گەرم وگوڕ لە گەڵ هاوڕێیان و دۆستان و دەرو دراوسێ، دڵ ئاوەڵا و دڵگەورە. چەند ساڵێک لەمەوبەر شوێنەوارەکانی نەخۆشیی شەکرە لە مام عەلیی دەرکەوت، زۆری نەخایاند لاقێکیان هەر بۆ پێشگیری لە تەشەنای زیاتری ئەو نەخۆشییە لە جەستەی دا، بڕێیەوە. دڵنیام هەر وەک بۆ هەمووی ئێمە چاوەڕوان نەکراو بوو، بۆ خۆشی چاوەروانیی نەدەکرد لە پڕ ناچار بە بڕینەوەی لاقی بێ. گومانم نەبوو کە ئەم ڕووداوە، لە سەر نەشە و شۆخبوونەکەی کاریگەر دەبێ و مام عەلی لە قسەی خۆش دەخا. بەڵام چ ئەو کاتەی لە نەخۆشخانە را هێناناینەوە و چ دواتر کە دەچووینە سەردانی، هەستت دەکرد مام عەلیشا، هەر ئەو کەسایەتییەی جارانە و ئەم ڕووداوە نەیتوانیوە زەفەر بە ڕۆحە سەرکێشەکەی ببا. نازانم چ ماوەیەکی خایاند کە نەخۆشییەکەی کۆڵی لێ نەدا و قوربانیی دیکەی لێ ویست و بڕانەوەی لاقەکەی دیکەی لێ خواست. کاتێک هەواڵی بڕانەوەی لاقەکەی دیکەشیم زانی، بۆ خۆم تووشی شۆک بووم. مرۆڤێک لەو تەمەنە دا، هەر دوو لاقی لێ بستێنرێ، دەبێ چ بارودۆخیکی هەبێ؟! باوەڕ کردنی بۆ خوێنەری ئەم دێڕانە لەوانەیە هاسان نەبێ کە ورەی مام عەلی هەر وەک سەردەمی ساغییەکەی بەرز و رووی وەک هەمیشە گەش و دەمی بە خەندە بوو. ئەو نەک هەر لە قسەی خۆش نەکەوتبوو، نەیدەهێشت دەوروبەرەکەشی مات و بێ کەیف بن. هەتا دەچووی و لە لای دادەنیشتی، لێی فێر دەبووی کە چۆن بەرەورووی سەختی و نەهامەتییەکانی ژیان بییەوە و لە پێ نەکەوی. عەلیشا هەر دوو لاقی بڕابوونەوە، بەلام هەر نەکەوت‌و هەر بە چۆک دانەهات.   مام عەلی، هەر خۆی دەیزانی ئێش و خەمی لە دەستدانی کوڕێکی لاوی لێهاتوو چەندە بە ژان و قورسە. ئەوەش کە هێشتا گوڕ و تینی تێ دامابوو و نەیدەویست لە نێو بنکە و سەنگەری پێشمەرگە و کارو تێکۆشانی حیزبی و پێشمەرگانە دوورکەوێتەوە، نەخۆشی بەربینگی پێ گرت و لاقەکانی لێ ئەستاند، نەهامەتییەکی کەم نەبوو. بەڵام ئەو بێ ئەوەی کتێبە فەلسەفییەکانی خوێندبێتەوە، بۆ تێگەیشتن لە ژیان و خەبات خاوەنی فەلسەفەی خۆی بوو: ژیان و خەبات بە هەر ڕادەیەکیش سەخت بن و هەر چەند قوربانیی گەورەشیان لێت بوێ، هەر دەبێ بە ورەبەرزی و ڕووخۆشی لە گەڵیان دا ڕێگە ببڕێ و لێیان بە جێ نەمێنی. دیارە بەختیاریی عەلیشای ئێمە، هەر تەنیا هەبوونی ئەو ڕۆح و گیانە گەش و زیندووە نەبوو، هاوسەرێکی لە گوێن فریشتەکان و، کوڕ و کچ و بووک و نەوەی قەدرزانی "گەورە" و پاشای خۆیان، یەکێکی دیکە لە بەختیارییەکانی ئەو پیاوە بەڕێزە بوو . کەسانی بەخشندە و خۆراگر لە خەباتی ئێمە دا کەم نەبوون و کەم نین. عەلیشا، بەو هەمووە بیرەوەرییەی لە سیمای پڕ لە هیوا و قسەخۆشەکانی لە یادگەم دا بە جێی هێشتوە، بەو وێنە و دیمەنانەی لە گاڵتە و پێکەنینەکانی بە ڕووی سەختی و نەهامتییەکانی ژیان و خەبات دا لە بیرمان دەمێنن، لە ڕیزی پێشەوەی ئەومرۆڤە پتەو و خۆڕاگرانە دا دەیبینم. "عەلیشا"، شا و پاشای چاک و باشەکانی ئێمە بوو. ئۆغرت خێر کە نەبوون و ڕۆیشتنت لای هەموو ئەوانەی ناسیویانی، جێگای داخە. خۆزگە وەدیهاتنی خەون و ئاواتی سلێمانەکانت دەبینی..... خۆزگە لێت فێر بوایەین ئەو کاتانەی دەشمان بڕنەوە، هەر نەکەوین و هەر بڕۆین. سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٣.