کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردن لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی‌دا

17:54 - 23 بانەمەڕ 2717

روونە کە هەر ٦ بەربژێری خولی دوازدەی سەرۆک کۆماری لە ئێران لەبواری مافەکانی مرۆڤدا کارنامەیەکی رەشیان هەیە. هەروەها بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی شوورای شارەکان لە گەندەڵییەوە گلاون؛ و هیچکات نەماندیت لە کوردستانی ژێر ستەمیش ئەندام یان شوورای شار و گوندێک وەک ناڕەزایەتی لەبەرامبەر کوشتنی بەردەوام و سیستماتیکی کۆڵبەرانی کورددا دەنگی بێزاری هەڵبڕێت یان دەست لەکاربکێشێتەوە. هەروەها، لەئێرانی ژێردەسەڵاتی دیکتاتوریدا بە پێی دەستووری کۆماری ئیسلامی و فتواو حوکمی حکوومەتی هیچ ژنێک لەنیوەی کۆمەڵگەی ئێران مافی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران بەڕەوا نازانرێت. ئیستا ئەگەر پەیڕەوانی مەزهەبی سوننە و ئایین و ئایینزاکانی دیکەی ئێران لەم نیوەی کۆمەڵە زیاد بکرێت، لەدانیشتوانی هەشتا ملیۆنی ئێران چەندی مافی خۆپاڵاوتنی بۆ ئەم پۆستە هەیە؟ لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی سەڕەڕای ئەو هەمووە ستەم و بێ‌مافیەی کە بێ‌گومان هاووڵاتیانی ئێرانیش لێی ئاگادارن؛ بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و بەمجۆرە دەرفەتێک بە جەنایەتکارترین رژیمی هاوچەرخی ئێران دەدەن کە ئیددیعای رەوایەتی و مەشرووعیەت بکاو لە ستەمکاری بەردەوام بێت؟؟ ئایا بەشداریی هاووڵاتیانی ئێران لە هەڵبژاردنەکاندا لەپێناو پاراستنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا دایە؟ ئایا بەشداری کردنیان بۆ دابین بوونی دادپەروەری و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات و سەروەت و سامان و دەرفەتەکانە؟ ئایا بەشداری کردنیان لەپێناو دابین بوونی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەرانی دایە؟ ئایا بەشداری کردنیان لەپێناو پاراستنی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پیشەیی و ... دایە؟ ئایا بەشداری کردنیان دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان بە گەندەڵی و دزینی سەروەت و داهات و سامانی گشتی لەلایەن مافیاکان و ناوەندە سیاسی و مەزهەبی و نیزامی و ئەمنییەتییەکانی رژیمەوە؟ ئایا بەشداری کردنیان بۆ پاراستنی مافی پەنابەران و ژینگەپارێزییە؟ ئایا بەشداری کردنیان بۆ کەم کردنەوەو سڕینەوەی ئێعتیاد و بێکاری و حاشییەنشینی و سەدان دەردی کۆمەڵایەتی دیکەی خوڵقاوی دەستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە؟ ئایا بەشداری کردنیان هێمایە بۆ بەربەرەکانێ لە دژی تیرۆریزم و سەرچاوە فیکری و سیاسی و ئابوورییەکانی تیرۆر و تیروریزم و هەتا دوایی! ئەی کەواتە هۆکارەکانی بەشداری کردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا چیەو کامانەن؟؟