کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

په‌یامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌بۆنه‌ی جێژنی ڕه‌مه‌زان

16:00 - 3 پووشپەڕ 2717

هاونیشتمانانی خۆشەویست! خوشک و برا موسوڵمانەکان! به‌بۆنه‌ی هاتنی جێژنی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان بە ناوی خۆم و سەرجەم خەباتکارانی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ هه‌مووی ئێوە، به‌ تایبه‌ت لە خوشک و برا موسوڵمانه‌کان لە کوردستان و ئێران و هەموو موسوڵمانانی جیهان ده­کەم. هیوادارم ئه‌م جێژنە ببێ به‌ مایەی شادی و خۆشی و، هانده‌ری ڕووحی ئاشتی و ته‌بایی له‌ نێو هەموو پێکهاتەکانی وڵاتی ئێمه‌دا. به‌ڕێزان! موسڵمانان لە کاتێک‌دا پێشوازی لە جێژنی پیرۆزی رەمەزان دەکەن، کە بەداخەوە ناوچەکەی ئێمە کە زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری دانیشتووانی خه‌ڵکی موسڵمانن، بە قۆناغێکی دژواردا تێپەر دەبێ. شەڕ و ماڵوێرانی و کوشت و کوشتار و ئاوارەیی و دەربەدەری بەرۆکی خەڵكی بەڵالێدراوی ناوچەکە بەرنادا و لەوەش خەراپتر، شەڕی فیرقەیی هەڕەشە لە پێوەندیی نێوان موسڵمانه‌کان دەکا. ئەگەر کۆمەڵانی خەلکی موسڵمان بۆ خۆیان لە بیری چارەسەری ئه‌و دۆخه‌دا نه‌بن، دەوڵەتانی نابەرپرس بۆ ماوەیەکی نادیار دەتوانن لەو کێشانە بەقازانجی پتەوکردنی بناخەی دەسەڵاتی ناڕەوای خۆیان کەلک وەرگرن. لەو نێوەدا هەروەک پێشبینی دەکرا کۆماری ئیسلامیی ئێران تێڕۆری رۆژی ١٧ی جۆزەردانی ڕابردوو لە بەشی ئیداریی مەجلیس و نیزیک قه‌بری خومەینی، کردۆتە بیانوو بۆئەوەی فەزایەکی تەواو ئەمنییەتی به‌سه‌ر ئێران و به‌تایبه‌ت کوردستان‌دا بسەپێنێ‌. لەو ماوەیەدا خەڵکێکی زۆری سوننەمەزهەبی ڕاپێچی زیندانە ئاشکراو نهێنی­یەکان کردوون و به‌ نانه‌وه­ی دووبه‌ره‌کی له‌ نێوان موسوڵمانان‌دا ده‌یه‌وێ جۆراوجۆری­یه‌ مه‌زهه‌بی­یه‌کان بخاته‌ خزمه‌تی سیاسه‌تە دژی گەلی­یەکانی خۆیەوە. لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریش­دا لەمێژە کۆماری ئیسلامی خەریکی ئاژاوەنانەوە و هەڵگیرساندن و خۆشکردنی شەڕی فیرقەیی­یە و لەم دواییانەدا هەوڵی داوە بوعدێکی دیکە بدا بە ڕووبەڕووبوونە ناوچەیی­یەکان  و مەترسیی ئەوە هەیە کە ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتەکەمان تووشی شەڕێک بکا کە ئاکامەکەی بۆ هیچ­کەس پێش­بینی ناکرێ. هەر بۆیە پێویستە سەرجەم موسوڵمانان و بە تایبەتی ئەوانەی دڵیان بۆ ئازادی و حاوانەوەی خەڵک بە ئاسوودەیی لەگەڵ یەکتر لێ‌دەدا، یارمەتیده‌ر بن بۆ گەڕانەوە و جێگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا. له‌و نێوه‌دا بە تایبەت پیاوانی ئایینی ئەرکی گەورەیان لە سەر شانە کە بە ئیرشاد و ڕێنوێنی رێگای بڕایەتی و رێز لێکگرتنی پێکهاتەکان و جۆراوجۆرییه‌ ئاینییه‌کان بە هەمووان نیشان بدەن. له‌ کوردستانیش جێژنی ڕه‌مه‌زانی ئه‌مساڵ له‌ حاڵێک­دا پێکه‌وه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ڕێژیم که‌شێکی پڕ له‌ نائارامیی به‌سه‌ر کوردستان‌دا زاڵ کردوە و، خه‌ونی زۆر خەراپی بۆ گەلی کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەی دیتوە. کەوایە خەڵکی ئێمە دەبێ زۆر وشیاری نەخشە شوومەکانی کۆماری ئیسلامی بن و وێڕای پتەوکردنی ریزەکانیان ڕێگا نەدەن هەوڵی ڕێژم بۆ دووبەرەکی­نانەوە و لێک­دڕدۆنگ­کردنی خەڵک بەئاکام بگا. جارێکی دیکە جێژنی رەمەزانتان لێ پیرۆز بێ. مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کورستان 3ی پووشپه‌ری 1396ی هه‌تاوی