کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی کۆمسیۆنی تەشکیلات بە بۆنەی ٢٨ساڵەی تیرۆری د.قاسملوو و هاوڕێیانی

18:20 - 15 پووشپەڕ 2717

بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ڕێبەری شەهید  د.قاسملوو لە ٢٨ سالەی شەهیدبوونی دا ٢٢ی پووشپەڕ، لە مێژساڵە بیرخەرەوەی یەکێک لە ڕووداوە تاڵەکانی مێژووی بزووتنەوەی کوردە. بیرخەرەوەی تیرۆری ڕێبەری لێوەشاوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، د.عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات، بە دەستی ناردراوانی لوتکەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامییە. لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨(١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩)دا د.قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵلاقادری ئازەر(نوێنەری حیزب لە ئورووپا) و د.فازل مەحموود رەسووڵ، لە سەر مێزی وتووێژ بە دەست بە ناو دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ڤییەن کەوتنە بەر دەسڕێژ و شەهید کران. ٢٨ ساڵە، ٢٢ی پووشپەڕ بۆ گەلی کورد ئەگەر لە لایەکەوە وەبیرهێنەرەوەی لەدەستدانی ئەو ڕێبەرە گەورە و هاوڕێیەکانیەتی، لە لایەکی دیکەوە بووە بە بۆنەیەک بۆ دەربڕینی بێزاریی خەڵکی کوردستان لە ڕێژیمی تیرۆریست و، کورد کوژی کۆماری ئیسلامی. بووە بە بۆنەیەک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری بە ڕێگا و ئامانجەکانی ئەو ڕێبەرە شەهیدە. هەموو ساڵێ لە ٢٢ی پووشپەڕ دا و هەر ساڵەی بە گوێرەی بارو دۆخ و هەلومەرجی نێوخۆیی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکرات بە تایبەت و دلسۆزان و ڕۆڵە بە هەست و بە هەڵویستەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی، بە چالاکیی جۆراوجۆر و بە بەرزراگرتنی یادی د.قاسملوو و شەهیدانی دیکەی ڤییەن، سیمایەکی خەباتکارانەیان داوە بە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. مانگرتنی گشتی و داخستنی دوکان و بازار، بایکۆتی شەقام و شوێنە گشتییەکان و مانەوە لە ماڵەکان دا،  چوونە سەر مەزاری شەهیدان و بە سەرکردنەوەی بنەماڵەکانیان، کوژاندنەوەی رووناکیی ماڵەکان لە شەوی ٢٢لە سەر ٢٣ی پووشپەڕ لە بیرەوەریی ساتەوەختی دەسڕێژی تیرۆریستەکان لە ڕێبەری شەهیدیان دا، هەر وەها زیندوو راگرتنی یادی ئەو ڕێبەرە بە توانایە بە کارێکی تەبلیغاتیی بەرین لە دەوروبەری ٢٢ی پووشپەڕ دا، لەو حەرەکەت و چالاکییانە بوون کە گەلەکەمان بۆ مەحکوومکردنی تاوانی تیرۆریستیی ڤییەن و بەرزراگرتنی یادی د.قاسملوو و هاوڕێکانی، کەڵکیان لێ وەرگرتوون. ئێستا ئیدی نزیکبوونەوە لە ٢٢ی پووشپەڕ، بۆ کاربەدەستان و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بە واتای بەرەوڕووبوونەوەیەکی دیکەیە لە گەڵ شەپۆلێکی تازە لە خۆنواندنی ڕق و بیزاریی خەڵکی کوردستان  لە ڕێژیمەکەیان. ئەمە بووە بە نەریت و کولتوورێکی شۆڕشگێڕانە و جێگای شانازی کە جێی خۆیەتی بەردەوام بمێنێتەوە و ساڵ بە ساڵ دەوڵەمەندتر بکرێ. ئەمساڵ لە کاتێک دا بەرەو یادی ٢٢ی پووشپەر دەچین کە ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی، دوای تەقەکردن و تەقینەوە گوماناوییەکانی نێو مەجلیس و مەرقەدی خومەینی لە ١٧ی جۆزەردان دا، پتر لە پێشوو دەیەوێ خۆی وەک قوربانیی تیرۆریزم نیشان بدا و هەر بەم بیانوویەش لە نێوخۆی وڵات دا کەوتووەتە گرتن و راوەدوونانی چالاکان و جیابیران و زیاترکردنی کوشت و بڕی کۆڵبەران و خەڵکی زەحمەتکێش و بیدەرەتانی ناوچەکانی سەر سنوور.  بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێژیمە لە دەرەوەی سنوورەکانیش و لە ئاستی ناوچە دا، بە نواندنی توانای مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، بە دەستدرێژی و ئاگربارانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و بە هەڕەشەی نیزامیی جۆراوجۆر لە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەلات، دەیانەوێ لە لایەکەوە کارنامە و ناوەرۆکی تیرۆریستیی ٣٨ ساڵی ڕابردووی ڕێژیمەکەیان  لە بیر خەڵک و جیهانیان بەرنەوە. لە لایەکی دیکە شکست و زیانە گیانییە گەورەکانی سوپای پاسداران لە سووریە و بە فیڕۆ دانی سامانی وڵات لە شەڕ و دەستێوەردانی کاروباری وڵاتانی ناوچە و هەر وەها ململانێی نێوخۆیی ڕێژیمەکەیانی پێ داپۆشن. بانگەوازی ئێمە بۆ سەرجەم ڕۆڵە دلسۆزەکانی گەلەکەمان لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ دا ئەوەیە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ، ئەمساڵیش بەو جۆرەی لێیان چاوەڕوان دەکرێ، یادی ڕێبەری مەزن د.قاسملوو و هاوڕێیانی بەرز رابگرن و بە یەکگرتوویی وهاوپشتیی یەکتر، ئەوەندەی دەگونجێ بێزاریی خۆیان و گەلەکەیان لەو ڕێژیمە تیرۆریست و دژە کوردە، پێشان بدەنەوە. ئەرکی هەموو لایەکمانە بە کۆماری ئیسلامیی بسەلمێنینەوە کە پەروەندەی تیرۆری ڤییەن و پەروەندەی شەهیدکرانی ڕێبەران و تێکۆشەرانی دیکەی گەلەکەمان بە دەستی ئەو ڕێژیمە ، لە وێژدانی نەتەوەکەمان دا  هەر وا زیندوو و کراوەیە و هەتا تەمەنی پڕلە نەکبەتیی ئەو ڕێژیمە کۆتایی پێ دێ، خەباتی گەلی کورد بۆ مافە رەواکانی درێژەی دەبێ.   بەو هیوایەی خەڵکی کوردستان ئەمساڵیش لە ٢٢ی پووشپەڕ دا، نموونەیەکی پڕشنگداری دیکە لە یەکگرتوویی و بەهەڵویست‌بوونی خۆیان بەرامبەر ڕێژیمی تیرۆر و تاوان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەنەوە و بیسەلمێننەوە کە خەبات بۆ ئەو ئامانجانەی د.قاسملوو و دەیان ڕێبەر و سەرکردە و هەزاران تێکۆشەری دیکەی کوردستان گیانیان لە پێناویان دا بەخشین، هەر وا بەردەوامە و درێژەی هەیە. حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆمیسیۆنی تەشکیلات ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٦ ٦ی ژوئیەی ٢٠١٧