کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی سمینارێک بۆ بەڕێز خالید عەزیزی ئەندامی کومیتەی ناوەندی حدک لە ئامریکا

04:42 - 3 خەزەڵوەر 2717

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی۲۲ی ئۆکتۆبری ۲٠۱۷ی زایینی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری ناشویلی ئەیالەتی تێنێسی ـ ئامریکا سمینارێکی سیاسی بۆ بەڕێز خالید عەزیزی ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێکهێنا. ئەو سمینارە کە نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و بەشێکی بەرچاو لە کوردستانیانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە تێیدا بەشدار بوون، بە سروودی دوژمن شکێنی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن بەڕێوەبەری سمینارەکەوە باس و تەوەرەکانی سمینار خرانە ڕوو و داوا لە هاوڕێ خالید عەزیزی کرا کە بیت و باسەکانی پێشکەش بکا. باسەکانی بەڕێز خالید عەزیزی چەندین تەوەری جیاواز کە پەیوەندی ڕاستەوخۆ گرتبوو. بەڕێز عەزیزی لە سەرەتای باسەکەی دا ئاوڕی لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە تایبەتی رووداوەکانی ئەم دوایی یانەی باشووری کوردستان و هێرشی هێزەکانی عێڕاق بە هاوکاری ڕاستەوخۆی سپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێران دایەوە و ئەو کارەی ڕژیمی ئیسلامی بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە کاروباری وڵاتانی دیکە دا زانی. سەبارەت بە داگیرکردنی هێندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە هەڵوێستی نامەسئولانەی رۆژئاوا بە تایبەتی ئامریکا گوتی: ئەو بڕیار و هەنگاوانەی بە هۆکارێکی گرینگ بۆ لاوازبوونی پێگەی ئامریکا لە نێو بیروڕای خەڵکی کورد دا ناوبرد و داوای کرد کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە پەیوەندی و سیاسەتەکانی دا بچێتەوە ڕێگە نەدا کە بەرژەوەندی نەتەوە خاوەن مافەکان ببێتە قوربانی سات و سەودا بازرگانییەکان. بەڕێز خالید عەزیزی سەرهەڵدانی ئەو کێشانەی گڕیدایەوە بە خاڵە لاوازەکانی سەرکردایەتی کورد و نەبوونی یەکگرتوویی و هاودەنگی لە نیوان هیز و ڕێکخراوە پێشەنگەکانی خەبات و هاوکات هەوڵ نەدان بۆ چارەسەری کەم وکوڕییەکان بۆ بەر چاو ڕوونی داهاتوویەکی گەش. بەڕێز خالید عەزیزی باسی لە کاریگەری ئەو ڕووداوانە لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەشەکردنی هەستی نەتەوەیی و شعووری سیاسی کۆمەڵانی خەڵک لەو بەشەی کوردستان کرد و باسی لە هەوڵی ح.د.ک بۆ پەرە پێدان بەو هەستە و هێنانە مەیدانی خەڵک بۆ دەربڕینی ویست و داخوازییەکانیان بەرەو رووی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد. بەشی دووهەمی سمینارەکە بۆ پرسیار و وەڵام تەرخان کرابوو کە لەو بەشەش دا کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەی بەڕێز عەزیزی کران کەلە لایەن بەڕێزیان وەڵام درانەوە