کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ هەست و دڵی جەلال مەلەکشا

07:02 - 16 جۆزەردان 2718

شێعر، شنەی بای وادەیە پڕیەتی لە هەست و سۆز و ژیانەوە شێعر، گوڵاڵەی بەھارە پڕیەتی لە بۆن و عەتری گەشانەوە شێعر، ئاگری نەورۆزە ئەشق و تین و ڕووناکی دەبەخشێ بە ژیان شێعر، ڕووگەی ئارەزووە، ئۆخژنی سەوزی ھیوایە ئۆقرە و چێژ دەبەخشێ بە گیان شێعر کۆلکەزێڕینەیە لە قەندیلەوە تا شاھۆ لە ئاگری تا داڵاھۆ پردی ڕەنگاڵە دەکێشێ دڵی بێستوون و تەرەغە و ناڵشکێنە پیرەمەگروون و ئاربەبا لە شەکراوی شیلەبزەی تیشکی هەتاو هەڵدەکێشێ شێعر، خەیاڵی دڵێکی پڕ ھیوایە لە نێو سنگی مەلەکشادا دەشنێتەوە شێعر، پەپوولەی تاسەیە لە سەر سەری جەلالە دڵ خەمبارەکەی کێوی ئارێز و ئاویەر دەخولێتەوە شێعر، هەنگێکی تینووە بۆ شیلەی هەستی شیرینی خەیاڵی جەلال دەگەڕێ پەپوولەیەکی ئاشقە لە سەر گوڵی دڵی سیسی ئەویندارە غەمگینەکەی شار سنەی دەلال دەگەڕێ شێعر، مەلێکی کۆچەرە باڵی لە شەونمی ڕوونی ئەستێرەکان هەڵکێشاوە شێعر، دڵی مەلەکشایە لەگەڵ ھەموو ئازارێکی وڵاتەکەیدا گریاوە ( لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)