کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جه‌لال مه‌له‌کشا، شکۆی شێعری به‌رگری

07:09 - 16 جۆزەردان 2718

«له‌ کازیوه‌ی ته‌مه‌نتدا ڕه‌نگت بۆ هه‌تاو بردوه‌ خونچه‌ی ده‌می ئاسۆ پشکووت له‌ شێعرێکا کۆت کرده‌وه‌...» باس و خواسی ئه‌م دێڕانه‌ «جەلال مەلەکشا»یه‌. ئەم تاڤگە سۆما کەسکە لە سەرەتای خرۆشانەوە ڕواڵەتی بەهاری بە دێم و بەیار بەخشی و قاقڕیی لە هەناوی زەوی و زار خڕکردەوە و لە توێی شێعر و داستانا وەرزی سەردەمێکی زێڕینی چاند و، وەک ئەویندارێکی لێبڕاو، ئارام و قەراری لێهەڵگیراو، تەنیا لە توێی کتێب و دەفتەرا حەسایەوە و سینگی سپیی کاغەزی بە وشەی جوان و شیاوی سەرنج پڕ کردەوە. لەو سه‌رده‌مدا کە زمانی دایکی بێناز و، ڕێگەی خوێندنگە و زانکۆی لێ گیرابوو، هەست و خولیای جه‌لال له‌ فارسی نووسیندا یەک دەگرنەوە و گلێنەی ئەم ڕێزمانەش ڕوون دەکاتەوە. ئەحمەد شاملوو دەڵێ: «ئەگەر لە دواڕۆژدا کەسێک لە شێعری فارسی بدوێ ئەوە جەلالی مەلەکشایە؛ جەلال لە «خودا»یانی شێعری فارسی و «ناخودا»ی ئەدەبیاتی کوردییە.» ئەم شاعیرە کە بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەی نوێ و، ورد و وێچوویانە لە ئەدەبیاتی دەڕوانی و هەڵسەنگاندنی بۆ قالب و قەوسی برۆ و برژانگی وشەی خەیاڵیی شاعیر و قەڵەمبەدەستانی هاوچەرخی خۆی دەکرد، ببووە مایەی سەرنجی نووسەران و مەحەکی لێکدانەوەکان، ڕۆژبەڕۆژ بەرەوپێش دەچوو و بە شارەزایی تەواوەوە دەرکەوت و، وەک قەڵەمێکی دیار و بەرچاو هاتە گۆڕه‌پانی ڕووناکبیرانی ئێرانەوە و بوو بە ئەندامێکی کارای کانوونی نووسه‌رانی ئێران. ئەو هۆنەرە هەست‌ ناسکە و ئەوینداری هەژارانە، بۆ چرکەساتێکیش بیری لە بەرژەوەندیی خۆی نەکردەوە و لە هەمبەر بەختەوەری و ژینی خۆیدا سازشی لەگەڵ داگیرکەران و دیکتاتۆڕان نەکرد. جەلال ئەوکاتەی ئەقڵ و بیری بە مڵکی خۆی دەزانی، کە بڵێسەی لە دەروون هەڵدەستاند و، وشەی یاخی و سەربزێوی بە هەستیدا دەخرۆشان و، وەک کوان و برین لە سەر دڵی تاریکپەرستان ڕەگ و ڕیشەیان دادەکوتا، ئاخر ڕازونیازی بیری ئەدەبی ئەو هەستە پاک و ئینسانیە بوو کە لە سەرچاوەی ئەوینی شعووری مرۆڤێکی ڕاستەقینەوە هەڵدەقوڵا. ئەو مەڵحەمانەی جەلال تیماری زام و زەخمی کۆمەڵانی ڕەنجکێش و حەقخوراوی وڵاتەکەی پێدەکردن، سیمایەکیان لە ڕەنگی ئازادیخوازی بە کەسایەتی و پێگەی ئەو بەخشیبوو؛ هەر بۆیە دوژمنانی ژین و ژیان ڕۆژبەڕۆژ چوارچێوەی بەختەوەرییان لێ‌ بەرتەسک دەکردەوە و بە گەل و وڵاتیان ڕەوا نەدەدی. ئەم شاعیرەی پەیمانی لەگەڵ ڕووناکی بەستبوو، بە زوڵمەت ڕا نەدەهات و توانج و پلار و تیروتانە و ئازار و بڕک و ژان لە ئیرادە و خواستی ڕەوای نەیدەسڵەماندەوە و لە بەر هیچ چەشنە ئازارێکا بە چۆکدا نەدەهات. ئه‌وه‌ جه‌لال بوو ساواکی دڕنده‌ و نوکه‌ری ده‌رباری تاجی ئێعدامی کردبووه‌ چه‌قه‌نه‌ی ئاشی و خه‌وی سه‌رکورسی لێزڕاندن و خوانی چزه‌ و بزه‌ی چه‌ور و پێکهاتوو له‌ ڕه‌نجی په‌ڵه‌ و جووتیار و کرێکاری ده‌س قه‌ڵه‌شیو و بێری و شوانی ڕوومه‌ت تاو بردوو لێ حه‌رام کردن. شەوپەرستان بۆ پەرەپێدانی زەبروزەنگ و، کپکردنی بانگەوازی دادپەروەری کە هەڵزناوی ئاوازی شێعر و داستانی جەلال بوون، بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم قەڵەمە هەقبێژەیان لە دەیەی چلی هەتاویدا لە قوژبنی بەندیخانەکانی ڕێژیمی شادا ڕاگرت، بەڵام جەلال کە بەڵێن و پەیمانی بە سەنگەری ڕزگاری دابوو، زیندان نەیتوانی لە بیری شۆرشگێڕیی دووری بخاتەوە و لە پشتی میلەکانی گرتووخانه‌وه‌ هه‌مدیسان قەڵەمەکەی دەکاتە تریبوونی بانگی ئازادی و سنوورە لۆکاڵیەکانی ئەقڵیەتی دەربار دادەچڵەکێنێ و دنەی بیری سەربەستی دەدا و لە شەقام و هەستی نووسەراندا بەربەرینتر دەبێتەوە. ئەم وێژە خەماوییەی، زۆربەی لاوەتیی لە کونجی بەندیخانە و مێحنەتی ڕۆژگاری سەخت و بێدەرەتانیدا ڕابرد، لە کۆتاییەکانی دەیەی پەنجای هەتاویدا گوڵی ئاخی دەپشکوێ و شۆڕشی گەلانی ئێران ڕەنگی زەردی لەبەردادەماڵێ و ئاهێکی وەبەر دێنێتەوە. دوای ئه‌وه‌ی «سروە»، شنەی بەهارێکی هێمن لە شاری لاوکەوە هەڵ دەکا و گۆڤارێکی ئەرخەوانی لە خاکی ئەشق و ئەوین دەڕوێ، وەرچەرخانێک لە هەست و ڕێزمانی هونەری جەلالدا پێکدێ و دەگەڕێتەوە نێو شنەی کوێستانی کوردستان و ئاوی سازگاری کوچکەڕەش و سەیوان ئەخواتەوە و سەر لە بنار و چەم و چیای نیشتمان هەڵدێنێ و لە نێو زمان و ئەدەبیاتی میللەتی خۆیا ئەگیرسێتەوە و دەبێتە پاڵپشتی هێمنی موکریانی و لە سەنگەری گۆڤارە ڕەنگینەکەی سروەدا دەچێتە بەرەکانی خەباتی گەلەکەیەوە و، لە مەیدانی بەرخۆدانی وشەوە هەقانییەتی مافی زەوتکراوی نەتەوەکەی دەسەلمێنێ. ئەم بلیمەتە، دڵداری خاوەن بەڵێنی دڵی شێعر لە ماڵەکەی سروەدا دەبینێتەوە و غەدر لە زمانی وتووێژی ئەم ئاشقە ناکا و بۆ ماوەی ١٤ ساڵ ئەوینی ئەو دڵدارە لە ژوانی ئامێزی وێژە و ئەدەبدا دەحەسێتەوە و وەک قەڵەمێكی دیار و بەبڕشت جوانترین بەرهەمەکان دەخوڵقێنێ و دەبێتە بەرپرسی بەشی ئەدەبی و شێعر کە ئەو سەردەمە به‌ قۆناغی زێڕینی گۆڤاری سروە داده‌نرێ. بەڵام مه‌خابن؛ جەلال لە کۆلکە سڵەمیوەتەوە و بەسەر بەرازا کەوتوە! ئه‌مجاره‌یان ڕێژیمی چاوچنۆک و بیرته‌سکی کۆماری سێدارەیه‌ گەمارۆی بیری ئازادیی دەدا و مه‌جال بۆ قەڵەمی جەلالی شەیدای ئازادی ناهێڵتەوە و لە خەیاڵی شێعرا سواری ئەسپێکی تیژڕەو ئەبێ و سنوورەکان ئەبڕێ و تادێ بگلێ، ئیسمایلی بەرزەنجی جڵەوی ئەسپەکەی ئەگرێ؛ بەڵام جەلالی هەست بریندار و غەریب لە شاری خۆی دەردەداری خاکە و ژانی خاکیش بە کۆچ ناکرێ... به‌مجۆره‌ ئەو مامۆستا هەگبە لەکۆڵە، پەڕیوەی گەرمێن دەبێ و لەوێش گوڵبزەی نیشتمانەکەی لەسەر بیری دەڕوێ و سەرپەرستیی گۆڤاری «پڕشەنگ» ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ و بە ئەدەبیاتێکی پاراو و جێکەوتوو لاپەرەکانی دەڕازێنێتەوە. شێرکۆ بێکەس لە وەسفی قەڵەمی ئەو هۆزانڤانەدا دەڵێ: «جەلال بۆتە هۆی پێشکەوتن لە زمان و ئەدەبییات، شێعری ئەو لە دڵەوە دێن و لەسەر دڵیش دەنیشن، ئەگەر ئەو ژیانێکی ئارام و بێ‌ ڕەنجی بووبا، دەیتوانی به‌رهه‌می بەپێزتر بە گەل و نیشتمانەکەی ببەخشێ.» جه‌لال پاش ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی دووریی زێده‌که‌ی ناگرێ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کوێستانی نیشتمانه‌که‌ی و لە گۆڤاری فەرهەنگیی ئەندیشەی ئەحمەدی خانی لە ورمێ، قەڵەمی وەگەڕ دەخاتەوە. ئەو کۆچاوکۆچ و گەرمێن و کوێستان کردنە، ئەوەندەیتر ڕەنج و ئازارەکانی میللەتەکەی پەلکێشی ژیانی هونەری دەکا و، شێعر و داستانی بەرگی شۆرش لە بەر دەکەن و لە هەمبەر ڕووداوەکاندا هەڵوێست دەگرێ و ڕووحی هونەر لەگەڵ سەنگەر و پێشمەرگەدا، گەوە و چیای سەختی خەبات دەپێون و شەهیدان دەبنە سونبول و لە نێو پەلکی بۆنخۆشترین گوڵە شێعرەکانیدا دەڕوێن... ئەو شاعیرە نیشتمانپەروەره‌ زۆر جار دوژمنانی گەلەکەی ویستویانە بەرگی ڕووسوری و وڵاتپارێزیی لەبەرداماڵن و لە بەرامبەر بژیویدا بە چۆکی دابێنن، بەڵام ئەو ژینێکی سادە و ساکاری بردۆتە سەر و کۆشک و تەلاری ڕەنگاوڕەنگی لە ئازادیی نیشتماندا دیتۆتەوە و خەمی گەورەی دەستەبەرکردنی مافی ڕەوای گەلەکەی بووە؛ هەر بۆیە لە ئاست هیچ خه‌مێکی نیشتماندا بێدەنگ نەبووە و لێکدابڕانی هێزه‌کانی جووڵانه‌وه‌ی کوردیشی داوەتە بەر پەلاماری شێعر و نشوست و نسکۆکانی ڕوون کردۆتەوە... مامۆستا جەلال لەگەڵ ئەوەدا کە مافی ژنی بەڕەوا زانیوە و بەردی یەکسانیخوازی بۆ لە سینگ داوە، بەڵام زۆرجاران دڵی ئاوێنەئاسای چڕژاوە و شێعری وەک مار لە قەدی دڵدارا پاپۆکەی خواردۆتەوە و سەرسەرای هونەری لێ ڕووخاندوە و لە پەسیو و قوژبنی داستان و شێعردا بێمەیلیی خۆشەویستەکەی هۆنیوەتەوە.... ئەو شاعیرە خاوەن هەڵوێستەی شەو و ڕۆژ بە دەردی نیشتمانەوە دەگلێ، هەتا ئێستاش لە شاری سنە هەروا خەمی وڵاتەکەی بە کۆڵەوە و شێعر و داستانی چۆڕچۆڕ خوێنی شەهیدان و فرمێسکی کەسوکاریانی لێ دەچۆڕێ و ژانی ڕووح و جەستەی وێکڕا زەرد و ژاکاویان هەڵگەڕاندوە و کوچکەڕەش و ئاویەر تەم و تاریکە و ئاسمانی جەلال نزم و نەوی سەری تا بن میچی دەگا. ( لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)