کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە حوجرەوە (مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د عوسمانی)

07:27 - 16 جۆزەردان 2718

مه‌لا محه‌ممه‌د عوسمانی، پێشمه‌رگه‌ و که‌سایه‌تیی سیاسی و نیشتمانپه‌روه‌ری ناوچه‌ی پیرانشار بوو که‌ زۆربه‌ی ته‌مه‌نه‌ به‌نرخه‌که‌ی له‌ نێو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا به‌سه‌ر برد. مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د ساڵی 1315 له‌ ئاوایی نه‌منجێی پیرانان له‌ بناری قه‌ندیل له‌ دایک بوو. له‌ ته‌مه‌نی تازه‌لاویدا ده‌نێردرێته‌ حوجره‌ و له‌ لای ماموستا مه‌لا ڕه‌حمان لاهیجانی له‌ ئاوایی دربکه‌ی نیزیک پیرانشار ده‌ست به‌ خوێندنی ئایینی ده‌کا و دواتر له‌ حوجره‌کانی ناوچه‌کانی لاجان و شنۆ درێژه‌ی به‌ خوێندن و فێربوونی زانستی ئایینی داوه.‌ ساڵی 1342 که‌ به‌ ساڵی ئینقلابی سپیی شا به‌ناوبانگه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی گیروگرفتی زۆر له‌ نێوان مالیک و وه‌رزێره‌کاندا په‌یدا ببوو به‌ ناچار بۆ درێژه‌پێدانی خوێندن چووه‌ته‌‌ ناوچه‌ی مه‌ریوان و له‌ حوجره‌ی دێی بالیک له‌ خزمه‌ت مه‌لا باقری مه‌ریوانیدا درێژه‌ی به‌ خوێندن داوه‌ و هه‌ر له‌ خزمه‌ت ئه‌و مامۆستایه‌دا ئیزنی مه‌لایه‌تیی وه‌گرتوه‌. مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د عوسمانی له‌ ساڵی 1337دا به‌ هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسایه‌تیی نیشتمانی پێوه‌ندیی به‌ ڕێکخستنه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه‌ ده‌گرێ و وه‌ک ئه‌ندامێکی حیزب درێژه‌ به‌ تێکۆشانی خۆی ده‌دا. وه‌ک باس کرا دوای شۆڕشی سپیی حه‌مه‌ڕه‌زاشا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوچه‌کانی پیرانشار و نه‌غه‌ده‌ و شنۆ ناوچه‌یه‌کی کشتوکاڵین و زه‌ویی کشتوکاڵی و به‌پیتی زۆره‌، زوڵم و بێعه‌داڵه‌تی ئاغاوه‌ت له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بوو. ئه‌و ناکۆکییه‌ گەیشتبووه‌ جێگایه‌ک، که‌م وا هه‌بوو ماڵه‌ وه‌رزێرێک بتوانێ دوو ساڵ له‌ دێیه‌ک وه‌مێنێ و له‌ لایه‌ن ئاغاوه‌ ده‌رنه‌کرێ. ئه‌و ناکۆکییه‌ کێشابوویه‌ نێو حوجره‌ی فه‌قێیانیش. له‌ نێو فه‌قێیانیشدا هێندێکی وا هه‌بوون لایه‌نگرییان له‌ ئاغا ده‌کرد. له‌و نێوه‌دا نه‌خشی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب چ له‌ نێو حوجره‌دا و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ زۆر گرینگ و کاریگه‌ر بوو. ئه‌ندامانی حیزب چالاکانه‌ له‌ ڕوونکردنه‌وه‌ی زه‌حمه‌تکێشاندا ته‌ئسیریان هه‌بوو و نه‌یانده‌هێشت ئه‌م ناکۆکییه‌ به‌ بارێکی خراپدا وه‌ڕگه‌ڕێ و بۆ نموونه‌ قه‌تڵ و کوشتار ڕووبدا و له‌ عه‌ینی حاڵدا جووتیار به‌ شێوه‌یه‌کی هێمنانه‌ پێویسته‌ دیفاع له هه‌قی‌ خۆی بکا. مامۆستا مه‌لا محه‌ممەد عوسمانی له‌و پێوه‌ندییه‌دا وه‌ک کادرێکی حیزب نه‌خشی به‌رچاوی بووه‌. له‌و بارودۆخه‌دا مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د عوسمانی به‌رده‌وام هاتوچۆی ناوه‌ندی حیزب له‌ کوردستانی عێراق ده‌کا و په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سەید ڕەسووڵ دێهقان، کاک سلێمانی موعینی و سه‌ید عه‌بدوڵڵای ئیسحاقی (ئه‌حمه‌د ته‌وفیق) داده‌مه‌زرێنێ، ڕێنوێنی و بڵاوکراوه‌ی حیزبی وه‌رده‌گرێ و له‌ نێوخۆ به‌ نێو کادره‌کانی ته‌شکیلاتدا بڵاو ده‌کاته‌وه‌. مامۆستا جیا له‌ وه‌زیفه‌ و ئه‌رکه‌ حیزبیه‌که‌ی پێش ئه‌ندامه‌تی له‌ حیزبیش له‌ ته‌نیشت وه‌زیفه‌ ئاینییه‌که‌ی هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کردوه‌، وه‌ک ئاسانکاری بۆ په‌یوه‌ندیکردنی خه‌ڵك به‌ حیزب و ماڵه‌که‌ی شوێنی مانه‌وه‌ی کادره‌کانی ڕێکخستنی نهێنیی حیزب بوون. له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان به‌ دژی حکومه‌تی په‌هله‌وی، مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د عوسمانی له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی خه‌ڵک بۆ به‌شداری له‌ خۆپیشاندانه‌کان هان ده‌دا و وه‌ک مامۆستایه‌کی ئایینیی ڕووناکبیر له‌ ڕیزی هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ی بزاوته‌که‌دا جێ ده‌گرێ و ڕێنوێنی و ڕاسپارده‌کانی حیزب به‌ نێو خه‌ڵکدا بڵاو ده‌کاته‌وه‌. تێکۆشان لە ڕیزی ئەندامانی حیزبی دیموکراتدا و هەڵگرتنی بیروباوەڕی نیشتمانپەروەرانە‌ و نەتەوەیی‌ و خەباتکارانە، کەسایەتیی ئایینی ‌و کۆمەڵایەتیی مامۆستا مەلا محەممەدیان ئەوەندەی دیکە لای کۆمەڵانی خەڵک خۆشەویست کردبوو. ناوچەی سەرشاخان‌، لە سۆنگەی بنەماڵەکانی بابی گەورە‌ و سەیدئامین کە کەسایەتیی تێکۆشەری وەک سەید ڕەسووڵ‌ و مەلامحەممەدیان لێ هەڵکەوتبوو، لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمی شایەتیدا، ببووە مەڵبەندی حەوانەوە ‌و حەشاردرانی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات. لە دەیەکانی چل و پەنجای هەتاویدا، مەلا محەممەد عوسمانی جگە لەوەی خۆی‌ و بنەماڵەکەی پشتیوان‌ و مەئوای کادرەکانی حیزبی دێموکرات‌ و ئەندامانی ڕاکردوو لە ساواک و ژاندارمی ڕێژیمی شایەتی بوون،‌ وەکوو ئەندامێکی زانا‌ و بە وەجی حیزبیش بیروباوەڕی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا بڵاو دەکردەوە. مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د که‌ له‌ کاتی شۆڕشی گه‌لانی ئێراندا له‌ گوندی کێلێی سه‌رشاخان مه‌لای ئه‌م ئاواییه‌ بوو، له‌گه‌ڵ ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات هه‌م وه‌ک مامۆستای ئاوه‌دانی و هه‌م وه‌ک پێشمه‌رگه‌ درێژه‌ به‌ ژیانی سیاسیی خۆی ده‌دا. مامۆستا له‌و قۆناغه‌دا له‌ ناوچه‌ی پیرانشار به‌شی ته‌داروکاتی نیزامیدا به‌رپرسایه‌تیی ده‌درێتێ و له‌گه‌ڵ دروستبوونی کۆمیته‌ی شارستانی نه‌غه‌ده‌ لە ساڵه‌کانی ١٣٦١ و ١٣٦٢دا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی ئیجرایی له‌و کۆمیته‌یه‌دا و به‌رپرسایه‌تیی بەشی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرێ و لەلایەن کۆمیسیۆنی قەزایی ناوەندەوە سەرپەرستیی بەشی قەزایی شارەکانی شنۆ و نەغەدە و پیرانشار دەکا. ساڵانی دواتریش مامۆستا مەلا محەممەد لە کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی‌ و بەشی قەزایی، سەر بە دەفتەری سیاسیی حیزب، ئەرک ‌و بەرپرسایەتیی حیزبیی گرتە ئەستۆ و هەتا کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی کە توانای جێبەجێکردنی کار ‌و مەئموورییەتی حیزبیی هەبوو، لە کارو تێکۆشانی حیزبیدا، چالاکانە بەشدار بوو. له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکرات به‌بۆنه‌ی مه‌رگی مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د عوسمانیدا هاتووه‌: مامۆستا مەلا محەممەد نەک هەر ناتەباییەکی لە نیوان بیروباوەڕ‌ و ئەرکی ئایینی ‌و نەتەوەییدا نەدەدی، بەڵکوو بە تەواوکەر‌ی یەکتری دەزانین. ئەو باوەڕی بەوە هەبوو کە موسوڵمانی ڕاستەقینە، نابێ بەرامبەر ستەم‌ و زۆرداری بێدەنگ ‌و بێهەڵوێست بێ. بە تایبەتی ستەمی نەتەوەیی‌ و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی، با لە ژێر ناوی ئایین‌ و لە لایەن ڕێژیمێکی بە ناو ئیسلامییەوەش بێ، نابێ قبووڵ بکرێ. لە ڕوانگەی مامۆستا مەلامحەممەدوە، هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی‌ و دادپەروەری ‌و ڕزگاربوون لە دیکتاتۆری‌ و بندەستی، بە ڕادەی جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکان پیرۆز بوو. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بوو کە نەک هەر ڕێگری لە بەشداریی کوڕو بووک ‌و کچەکانی‌و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لە خەبات‌ و تێکۆشان‌دا نەدەکرد، بەڵکوو هانی دەدان بەردەوام بن ‌و شانازیی پێوە دەکردن. مەلا محەممەدی عوسمانی هەر وا کە لە شوێنی کار‌ و لە نێو کۆمەڵدا، مرۆڤێکی دێموکرات ‌و پێشکەوتنخوازو بە کردەوە مامۆستا‌ و کەسایەتییەکی شیاوی لێ فێربوون بوو، لە نێو بنەماڵەشدا پیاوێکی کراوە و بە کردەوە دێموکرات‌ بوو. مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌د عوسمانی دوای ته‌مه‌نێکی پڕ خزمه‌ت و شانازی و سه‌روه‌ری، ڕۆژی پێنجشەمە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ڕووحی شاد. ( لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)