کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

(لەحوجرەوە) مەلا محەممەد مەفاخیری

17:51 - 1 پووشپەڕ 2718

ساڵی ١٢٨٥ی هەتاوی لە گوندی «حاجی پەمۆخ»ی ناوچەی لەیلاخ هەڵکەوتوو لە پارێزگای سنە، لە بنەماڵەیەکی وەرزێڕ و ڕەنجکێش منداڵێکی چاوگەش چاوی بۆ ژیان کردەوە. دوای بەسەرچوونی حەوتوویەک بەسەر لە دایکبوونیدا بە بەشداریی پیاوماقووڵانی گوند ئێوارە خوانێکیان گرت و ناویان نا محەممەد. بێگومان منداڵێ کەشاوەرزێکی بەشمەینەتی سەردەمی ئاغا و دەرەبەگایەتی وڵاتێکی داگیرکراوی وەکوو کوردستان، زۆر لەوە ڕەش و ڕووتتر  و بێمافتر بووە کە بتوانی بە چەند دێڕی سەدەیەک پاش ئەو سەردەمە بیناسێنی بە کۆمەڵگه‌یەکی پێشکەوتووی ئەمڕۆیی، بەڵام ده‌کرێ له‌و ده‌لاقه‌یه‌دا کورته‌باسێکی لێ بکه‌ین. باوکی محەممەد ناوی ئەسەدوڵڵایە و دایکیشی خاتوو خۆرشید. محه‌ممه‌د وەکوو هەموو منداڵی وەرزێڕێکی ئەو سەردەمە دەبوو لەگەڵ باوک و براکانی دیکه‌یدا لە نێو زەوییە کشتوکاڵییەکاندا لەبەر خۆر و گەرما کاری تاقەتپڕوکێن بکا و سەمەری ئەو ڕەنجەش زۆربەی دەچووە گیرفانی مالێک و ئاغاکان و ئەوانیش بە ڕەش و ڕووتی ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری ببەنە سەر، ئەم نابەرابەرییانە لەسەر دڵی محه‌ممه‌د ببوونە مەراق و گرێکوێرەیەک و ڕۆژانە ئازاریان دەدا. محه‌ممه‌د هەتا تەمەنی گەیشتە ٨-٩ساڵی بەو شێوەیە ژیا، دواتر باوکی محه‌ممەد بڕیار دەدا بینێرێتە بەر خوێندن هەتا بەدەردە بێدەرمانەکەی خۆی نەڕوا. قوتابخانه‌ش له‌و سه‌رده‌مدا بۆ توێژی هه‌ژار هه‌ر حوجره‌ بوو. محه‌ممه‌د سەرەتا لە خزمەتی «مەلا محه‌ممه‌دی عالیجانی»دا فێری خوێندن و نووسین بوو و بڕێک لە پەرتووکە سەرەتاییەکانیشی خوێندن، دواتر بەرەو گوندی باشماخ کە ناوەندێکی دیاری زانست بوو لەو سەردەمدا بارگەی پێچایەوە و لە خزمەتی مەلا عەبدوڵڵای مەفاخێری بە فەرمی بوو بە فەقێ. فەقێ محه‌ممه‌د دواتر بۆ بەدەستهێنانی زانستی زیاتر بەرەو باشووری کوردستان وەڕێکەوت و لە گوندی نەرگسەجاری شارەزووردا گیرسایەوە و لە خزمەتی مامۆستا شێخ عابد بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک مایەوە؛ دواتر ڕووی لە ناوچەی قەرەداخ کرد و لە خزمەتی «مامۆستا مه‌لا ساحێب»دا بۆ ماوەی دوو سال مایەوە و پاشان گەڕایەوە ڕۆژهەڵات و لە شاری سنە لە خزمەتی مەلا محه‌ممەدی گورجیدا درێژه‌ی به‌ خوێندن دا و دواجار لە خزمەتی مامۆستا مەلا مەحموودی موفتی دوایین پلەکانی بڕی و بروا نامەی مەلایی وەرگرت. مامۆستا مەلا محه‌ممه‌دی مفاخێری دوای وەرگرتنی بڕوانامەکەی لە ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی لە زانکۆی ئیلاهیاتی تاران داوای لێکرا وەکوو مامۆستای ئەو زانکۆیە کار بکا، هه‌روه‌ها لەبەر لێهاتوویی و ئاستی بەرزی زانیاری دەیتوانی لە زۆر ئیدارە و شوێنی دیکه‌دا دابمەزرێ؛ بەڵام مامۆستا چوونکە خۆی کوڕە وەرزێڕێکی چەوساوە بوو، خزمەت بە گەلە چەوساوە و ستەملێکراوەکەی خۆی بە باشتر زانی و وشیارکردنەوە و ڕێنوێنیکردنی کۆمەڵگه‌کەی کردە ئەرکێکی سەرەکیی سەرشانی خۆی. بۆیه‌ هەر لە ناوچەی لەیلاخدا مایەوە و بەرەنگاری سیستەمی دەرەبەگایەتی بوویەوە و بوو بە پشت و پەنایەکی ڕاستەقینەی چینی وەرزێڕ و زەحمەتکێشی ئەو ناوچەیە کە لەو سەردەمەدا خەڵکانێکی زۆر لەسەر ئەرک و ڕەنجی شانی خەڵکی ڕەنجکێش دەژیان و خوێنی چینی هەژاریان هەڵده‌مژی. مامۆستا یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بە دەیان نامەی بۆ دەسەڵاتدارانی ڕێژێمی پاشایەتی وەکوو سەرۆکوەزیران و هەروەها بۆ موفتی گەلێکی وەکوو ئاتوڵڵا لەواسانی و تاڵەقانی و کەسانێکی دیکه‌ش نارد و لە چەند گۆڤار و ڕۆژنامەیشدا بابەتگەلی لەو شێوەیەی بڵاو دەکردەوە و دنیای دەرەوەی لەو ستەم و پێشێلکارییانە ئاگادار دەکردەوە و لەملایشەوە چینی زەحمەتکێشی هان دەدا کە ناڕەزایەتی دەرببڕن و دژی ئەو ستەم و کۆیلایەتیە ڕاپەڕن. ئه‌و هەر چەند کە دەیزانی ئەو ڕێگایەی هەڵیبژاردوە زۆر مەترسیدار و پڕ لە کێشەیە و ئاکامێکی ترسناکی هەیە، بەڵام هیچکات و لە پیناو هیچ شتێکدا کۆڵی نەدا و یەکێک بوو لە پشتیوانە بێ ئەملاولاکانی شۆڕشی مەشروتە، هەتا لە ئاکامدا گوشاری زاناگەلێکی وەکوو مامۆستا چۆکیان بە ڕێژێمی سەرەڕۆی پاشایەتی دادا و ناچار بە پرۆسەی ئیسڵاحاتی ئەرزی کرا. مامۆستا لە ڕێگەی ئەو هاوڕێیانەوە کە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا کاریان دەکرد دەنگی خۆیی بە دەسەڵاتدارانی سەردەم و وڵاتانی دەرەوە دەگەیاند و هەوڵی دەدا سەرنجی ئەو وڵاتانەی کە دژی فئۆدالیزم بوون ڕابکێشێ و هاوڕێکانیشی لەو سۆنگەیەوە هاوکارییان دەکرد و هەتا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوو، بۆ نموونە یەکێک لە هاوڕێکانی عەبدوڕەحمان فەرامەرزی کە سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەوکاتی کەیهان بوو، هاوکاریی دەکرد. دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی ئێران هه‌وڵی زۆریان دا کە مامۆستا لەنێو بەرن و چەندین جاریش لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانیانەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێکرد و تەنانەت لە تەسادوفێکی دەسکرد لە شاری کرماشاندا هەتا ئاستی مردن بردیان و لە نەخۆشخانەشدا بەرتیلیان بە پزیشکەکە دا کە لێی نەپرسێتەوە هەتا بمرێ، به‌ڵام سەرەڕای ئەم هەموو پیلان و بەربەستانەش هەر زیندوو مایەوە. دوای ئەوەیکە مامۆستا لەو پێلانانە ڕزگاری بوو، ئەوجار لە ڕێگەی ساواکەوە دەستیان کرد بە داتاشینی تۆمەت و تاوان  و خۆی و کوڕەگەورەکەی کە تەمەنی ١٨ساڵ بوو قۆڵبەست کران و ڕەوانەی زیندانیان کردن و دوای به‌ربوونیشی دووری دەخەنەوە بۆ مەراغە. مامۆستاش ئەو دوور خستنەوەیە بە هەل دەزانێ و لە گەڵ زانا و یەکسانیخوازانی ئەو شارە پێوەندی دروست ده‌کا و سەرنجی ئەوانیش بۆ لای ئەو ستەم و نابەرابەرییانەی ڕژێمی پاشایەتی ڕادەکێشێ و ئەو کۆمەڵگه‌یەش دەبێتە هاودەنگی خەڵکی ناڕازی شارەکانی دی. دەسەڵاتداران، کاتێک زانییان کە بەڕاستی مامۆستا بووەتە چەقڵی چاویان و ناشتوانن لەنێوی بەرن، هاتن لە ڕێگەی سەروەت و سامانەوە بۆی چوون و بەڵێنیان پێدا کە ئەگەر واز لە دژبەرییان بهێنێ هەزاران دونم زەوی و زاری  پێ دەدەن، بەڵام ئەو پیلانەش وەکوو پیلانەکانی دی پووچەڵ مایەوە و سەرنەکەوت و مامۆستا هەتا شۆڕشی گەلانی ئێران هەر درێژەی بە خەبات دا. مامۆستا مەلا محه‌ممه‌د مەفاخێری، لە ڕۆژی ٢٣ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە ئاپۆڕای زانایان و قوتابی و لاینگرانیدا لە گۆڕستانی شاری قوڕوە ئەسپەردەی خاک کرا. ڕۆحی شاد بێت. لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)