کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەهمی پیلان؛ چەکی شۆڤێنیزمی زمانی فارسی بۆ سەرکوتی زمانی گەلان

16:39 - 2 پووشپەڕ 2718

له بهگ وا بوو كه من ماتم كشى كرد كه من ههستام، ئهو داما و فشى كرد «شێخ ڕەزای تاڵەبانی»   لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، فایلێکی دەنگیی د. شەفیعی کەدکەنی، شاعیر و پسپۆڕی ئەدەبیاتی فارسی بڵاو کراوەتەوە. لەو فایلە دەنگییەدا کەدکەنی بە گوێرەی ئەو وەهمی پیلانەی کە شۆڤێنیزمی فارسی لە کۆنەوە بەکاری هێناوە بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەکە لە هێرشی فەرهەنگیی بێگانە بترسێنێ و ڕێی ئەوەیان لێ بگرێ کە داوای مافی زمانیی خۆیان بکەن، زۆر شۆڤێنیستانە هێرش دەکاتە سەر مافی زمانیی زمانە هاوڕێشەکانی گەلانی ناوچەکە و بە زمانی «ئەقوامی محەللی» ناویان دێنێ. بەکارهێنانی دەستەوشەی «ئەقوامی محەللی»، خۆی مەبەستێکی سیاسیی داگیرکەرانەیە و لە ڕوانگەی فارسەکانەوە، زمانی فارسی چەق و سەرتۆپی هەموو زمانەکانی ناوچەکەیە و ئەوانی دیکە زمانی ناوچەیی و لاوەکی و لاوازن و بۆ ئەوەی ئەو «وردەقەومانە!» لەنێو نەچن، نابێ بەدەر لە زمانی فارسی داوای مافی زمانیی خۆیان بکەن، چونکە ئەوە پیلانی دژمنانە بۆ لەنێوبردنی ئەو «قەومانە»! لەبەر ئەوەی زمانی ئەو «قەومە محەللیانە» لاوازە و ئەدەبیاتی وەکوو ئەدەبیاتی حافز و سەعدی و فێردەوسی و مەولەوییان نیە و لە زۆرانبازی لەگەڵ ئەدەبیاتی بەهێزی وەکو ئەدەبیاتی شێکسپیر و ...هتددا هەست بە لاوازی و شەرم دەکەن و دەپووکێنەوە! بەوەش لەنێو دەچن و خۆیان بە دەست زمانی بێگانەوە دەدەن! کەدکەنی لە قسەکانیدا باسی زمانی کوردی ناکا، بەڵام هێرش دەکاتە سەر زمانانی دیکەی ناوچەکە، وەکوو زمانی ئۆردوو، کە زیاتر لە ٥٠٠ میلیۆن ئاخێوەری لە وڵاتانی هیند و پاکستان هەیە و زمانی ڕەسمیی پاکستانە و یەکێک لە ٢٢ زمانە ڕەسمییەکەی هیندوستانیشە، هەروەها زمانی کازاکی، کە زمانی ڕەسمیی وڵاتی کازاخستانە. هۆکاری ئەوەی کە کەدکەنی خۆی لە باسی زمانی کوردی نادا، بە بۆچوونی من لەبەر ئەوەیە کە وزەی کردەکی و هێزەکیی زمانی کوردی دەناسێ، چونکە خۆی پسپۆڕی زمانی فارسییە و دەزانێ ئەگەر زمانی فارسی توانیبێشی بە یارمەرتیی زمانی عەرەبی (زمانی ئیسلامی) خۆی وەکوو زمانێک لەهەمبەر زمانی کوردیدا نیشان بدا و بە شێوەزاری زمانی کوردی لەقەڵەم نەدرێ، ئەوە ئێستاش زیاتر لە نیوەی زمانی فارسی، کوردییە. لەم ساڵانەدا هەر لە زانکۆی تاران، کە کەدکەنی تێیدا پسپۆڕی ئەدەبیاتی فارسی بووە، پسپۆڕێکی دیکەی ئەدەبیاتی فارسی، کە کوردە، بە ناوی د. جەلالەدین کەزازی، گوتی: «زمانی کوردی باوانی زمانی فارسییە.» جودا لەوەش، کەدکەنی دەزانێ ئەگەر ژنەکەی فیردەوسی کورد نەبوایە و خودایینامەگی بۆ فیردەوسی نەخوێندبایەوە و پوتانسییەلی زمانی کوردیی نەخستبایەتە بەردەستی، ئێستا شاهنامەی فیردەوسی ئەوە نەدەبوو، کە هەیە. هەروەها دەشزانێ کاریگەریی زمانی «حیسامەدین چەڵەبی»ی «ئورمەوی»ی کورد بەسەر مەولەوییەوە چەند بووە. هەرچەند باپیری حیسامەددین، کە لە دنیای عیرفانی ئیسلامیدا بە «الکردی الصوفی الارموی» ناسراوە، بۆ خۆشیرینکردن لای مریدەکانی، کە موسڵمانن و زمانی ئیسلامیش عەرەبییە، دەڵێ: «امسیت کردیا واصبحت عربیا»، واتە «ئێوارە کورد بووم، بەیانی بووم بە عەرەب»، بەڵام بێگومان کاریگەریی زمانی کوردی، کە زمانی دایکییەتی هەر بەسەرییەوە بووە. هەروەها کەدکەنی دەزانێ دایکی نیزامیی گەنجەیی کوردە و شوێنپێی زمانی کوردی بەسەر «خەمسە»کەی نیزامییەوە تا کوێیە و... زۆری دیکه‌ش... بێجگە لەوانە کەدکەنی دەزانێ سەرباری ئەوەی کە پاش هاتنی ئیسلام، هەم داگیرکەرانی عەرەب و هەم دەسەڵاتدارانی فارسیش لە ناوچەکەدا هەموو ئەو بەرهەمانەیان لەنێو بردووە، یان لە بەرژەوەندیی خۆیان گۆڕیویانن، کە ڕەنگە ئەگەر مابان، ئێستا زمانی کوردی پاشخانێکی زۆر دێرینی دەبوو، کەچی بەو حاڵەشەوە نەیانتوانیوە زمانی کوردی بتوێننەوە و لە چوار پێنج سەدەی ڕابردوودا زمانی کوردی ئەدیبان و شاعیرانی گەورەی وەکوو «مەلای جزیری» و «ئەحمەدی خانی» و «خانای قوبادی» و «مەولەویی تاوەگۆزی» و «نالی» و «مەحوی» و «وەفایی» و... زۆر کەسی دیکەی هەیە، کە بەرهەمە ئەدەبییەکانیان نەک بە غروورەوە دەتوانن زۆرانبازی لەگەڵ ئەو شاعیر و ئەدیبە فارسانە بکەن، کە کەدکەنی ناویان دێنێ، بگرە لە هەمبەر ئەدەبی هیچ وڵاتێکی دنیادا نامێننەوە، بۆ نموونە «ڕۆمیۆ و ژوولێت»ەکەی شێکسپیر، کە کەدکەنی ناوی دێنێ، ئاخۆ دەتوانێ لە مەیدانی زۆرانبازیی فۆڕم و جوانکاری و ڕەوانبێژیی ئەدەبیدا «شیرین و خەسرەو»ی خانای خان قوباد و «مەم و زین»ی خانی وەدەر بنێ، یان ناچار دەبێ ئیمان بە شکۆیان بێنێ. دەنا جەنابی کەدکەنی با بەپێی تیۆرییەکانی خۆی لە کتێبەکانی «موسیقی شعر» و «صور خیال» و «زمینەهای اجتماعی شعر»دا بەرهەمی شاعیرانی کورد بخوێنێتەوە و لە توانای بەرزی زمانی شێعر و ئەدەبی کوردی سەری سووڕ بمێنێ. مەبەستی من لە نووسینی ئەم دێڕانە جوابەجەنگێ لەگەڵ ئەدیبێکی فارس نیە، کە لەژێر ئازاری نەخۆشیی شۆڤێنیستیدا هێندە خۆی سووک دەکا، بگرە بەرەنگاربوونەوەی ئەو شۆڤێنیزمی زمانییەیە، کە لە سەر زاری پسپۆڕێکی ئەدەبی بە چەشنێکی هێندە نائەدەبی و نازمانناسانە و بەو زمانە سیاسییەی کە نەک هەر بۆ باسی زمان، بگرە بۆ باسی هەموو مافێکی گەلانی غەیرەفارس بە پاساوی وەهمی پیلانی بێگانە دەیەوێ ئاغایەتی و سەردەستیی خۆی بسەپێنێ. ئاخر کەدکەنی بۆ ئەوەی زمانی هەموو گەلانی نێو ئەو چوارچێوە جوغرافیا سیاسییە داسەپاوەی ناویان لێ ناوە «ئێران» بچووک بکاتەوە، بە زمانێکی زۆر سووک و چرووک هەمووی ئەو زمانانە بە کۆمەڵێک شێوەزار ناو دێنێ، کە بە وتەی ئەو، ئەگەر زۆر خۆیان ڕێک بگوشن، دەتوانن چەند چیرۆکێکی وەکوو «دۆخینی پاتۆڵ بهۆننەوە!» کەدکەنی هەوڵی گەلان بۆ پەرەدان بە زمانی دایکیی خۆیان بە هاوبەشی لە پیلانی بێگانەدا لەقەڵەم دەدا، کە گۆیا بێگانە دەیەوێ، ئەو شێوەزارە لاوازانەی ناتوانن لە «چیرۆکی وەک دۆخین» زیاتر بهۆننەوە، هەڵفریوێنێ و هانیان بدا بە دوای مافی خۆیان بکەون، بۆ ئەوەی بزانن چەندە لاوازن و بەو شێوەیە لەنێویان ببا و ئەوەش بە لەنێوچوونی پشتیوانێکی گەورەی زمانە مەزنەکەی فارسی! دەزانێ. کەدکەنی وا کەوتووەتە داوی شۆڤێنیزمی زمانییەوە، لە ناڵیش دەدا و لە بزماریش! بەڵام جەنابی کەدکەنی! ئەگەر خەمی لەنێۆچوونی ئەو زمانانەتە، بۆچی نایەڵن ئاخێوەرەکانیان بە زمانی خۆیان بخوێنن؟ تۆ وەها سەرت لێ شێواوە دەتەوێ داوا لە خەڵکی پاکستان و هیندوستانیش بکەی دەست لە زمانی خۆیان بەردەن و بێنە باوەشی زمانی فارسییەوە! ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو کرانەوەی سیاسی و فەرهەنگی هەنگاو دەنێ و ئێستا هەموو گەلانی ناوچەکە خوازیاری مافە زمانی و فەرهەنگییەکانی خۆیانن، بۆیە شۆڤێنیزمی فارسی حەیای لێ هەڵگیراوە و وردە وردە لێیشی عەیان بووە، کە وەهمی پیلان پووچەڵ بووەتەوە، بۆیە دواین هەوڵی خۆی بۆ دەدا. لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)