کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە حوجرەوە (مەلا ڕەسووڵ گەردی)

05:28 - 16 پووشپەڕ 2718

کەم نین ئەو مرۆڤانەی کە هەموو ژیانی خۆیان فیدای ساتێک خۆشی ‌و ئازادی بۆ گەلەکەیان دەکەن. شەهید مەلا ڕەسووڵ گەردی یەکێک لەو تێکۆشەرانە بوو کە بۆ وەدەستهێنانی ئازادی بۆ گەلەکەی لە هیچ فیداکارییەک دریغی ناکرد و ٣٥ ساڵ لە تەمەنی سەربەرزانەی خۆی فیدای ئەو ئامانجە کرد. شەهید مەلا ڕەسووڵ ساڵی ١٣١١ی هەتاوی لە گوندی شیناوێی سەر بە شاری پیرانشار لە بنەماڵەیەکی مامناوەندیدا لەدایک بوو. تا پۆلی شەشی سەرەتایی لە قوتابخانە خوێندی و بۆ درێژەدانی خوێندن ڕووی کردە حوجرەی فەقێیان و دوای هەموو بڕینی قۆناغەکانی خوێندن بووە مامۆستای ئایینی. مامۆستا مەلا ڕەسووڵ گەردی زۆر جوان لە ئایین گەیشتبوو، و بە هێچ جۆر لەگەڵ توندوتیژی نەبوو. ئەو مرۆڤێکی پاک و خاوێن، خزمدۆست، شۆڕشگێڕێکی ماندوویینەناس، نەترس ‌و ئازا، داوێنپاک‌ و گەلدۆست‌ و مێهرەبان بوو. مەلا ڕەسووڵ لە ساڵی ١٣٣٢ ڕوو دەکاتە کاری سیاسی‌ و پێوەندیی خۆی لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا دادەمەزرێنێ و ساڵی ١٣٤٠ ژیانی هاوبەش پێک دێنێ. لەو ماویەدا تا دەگاتە راپەڕینی ساڵەکانی ٤٦ــ٤٧ وەک کەسێکی چالاک ‌و بەرپرسی حیزبی لە ناوچەی پیرانشار تێکۆشانی هەبووە. دوای ڕاپەڕینی ساڵەکانی ٤٦ــ٤٧ بەشێکی زۆر لە ئەندامان ‌و لایەنگرانی حیزب کەوتنە بەندیخانەی ڕێژیمی پاشایەتی و شەهید مەلا ڕەسووڵ یەکێک لەو کەسانە بوو کە گیرا و لە زیندانی جەڵدیانی پیرانشاردا بەند کرا. پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر نێردرایە بەندیخانەی ورمێ ‌و چەند مانگێک لەژێر سەختترین ئەشکەنجەکانی ساواکدا خۆی ڕاگرت ‌و بەربەرەکانێی کرد. ئەو پیاوی ڕۆژی تەنگانە بوو، قەت ئەشکەنجە و ئازار نەیتوانی ئیرادەی پۆڵایینی ئەو تێکۆشەرەی دێموکڕات بشکێنێ و هەر لەو سۆنگەیەوە سزای چوار ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپا. لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا شەهید مەلا ڕەسووڵ گەردی گەشایەوە و ئەو ڕۆژەی ئارەزووی دەکرد و خەباتی بۆ دەکرد هاتە دی. ئەو بە تەواوی وجوودییەوە کەوتە چالاکی و تێکۆشان. ڕۆژ ڕۆژی مەلا ڕەسووڵ بوو. خەڵکی هان دەدا کە دوا ئاسەوارەکانی نیزامی گەندەڵی پاشایەتی لەنێو بەرن ‌و دەست بەسەر دامودەزگا حکومییەکاندا بگرن. هەر لەگەڵ دامەزرانی ڕێکخراوی حیزب لە پیرانشار بە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە هەڵبژێردرا و پاشان لە هەموو ماوەی ساڵانی ٥٨ تا ساڵی ٦٣ بەهۆی خۆشناوی ‌و دەنگدانی نوێنەرانی بەشدار لە کۆنفرانسەکان بە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار هەڵبژێردرا و دواتر بەرپرسایەتیی کۆمیتەی ناوچەی پیرانی پیرانشاری گرتە ئەستۆ. شەهید مەلا ڕەسووڵ کادرێکی بە ئەزمونی سیاسی ــ تەشکیلاتی بوو کە زۆر زوو دەیتوانی جێگای خۆی ‌و حیزبەکەی لەنێو دڵی زەحمەتکێشانی شار و لادێدا بکاتەوە. مەلا ڕەسووڵ گەردی لە مەیدانی شەڕ و بەربەرەکانی بە دژی جاش‌ و پاسدارەکانیشدا ئینسانێکی بەغیرەت و بەشەهامەت بوو. شەڕی جەڕان ‌و گوندی دەشتی گەنمان ‌و زۆر شەڕی دیکە ئەوەمان وەبیر دێنێتەوە کە چۆن لەگەڵ پێشمەرگەکانی هاوسەنگەری، سەنگەری دەگرت ‌و بڕوا و هیممەتی دەدانێ. لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٣ شەهید مەلا ڕەسووڵ لەگەڵ کاک سەید عەلی هاشمی بۆ سەردانی ماڵ ‌و منداڵەکانی دەگەڕێنەوە باشووری کوردستان. دوژمن بۆ زەربەلێدان لە مەلاڕەسووڵ و باقی تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەردەوام لە پیلان دانانەوە دابوو و هەمیشە لە دەرفەت دەگەڕا بۆ ئەوەی زەربەیان لێ بدا. سەرئەنجام بە هۆی چەند جاشی سەنگەسەری کە پێوەندییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەبوو، پیلانەکە جێبەجێ دەکرێ. کاتێک شەهید مەلا ڕەسووڵ و کاک سەید عەلی هاشمی لە سەنگەسەر میوانی شەهید قادر لاجانی دەبن، شەوێ دەوریان دەدرێ ‌و لە چوار لاوە لە سەربان‌ و لە حەوشەڕا دەسترێژیان لێ دەکرێ. لە ئاکامدا بە داخەوە کاک قادر لاجانی شەهید دەبێ و مەلا ڕەسووڵ و کاک سەید عەلی بریندار دەکرێن و دواتر بەداخەوە کاک سەید عەلی بە هۆی قورسیی برینەکەی لاقێکی لە دەست دا. مەلا ڕەسووڵ گەردی لە سەرەتای سالی ١٣٦٣ی هەتاوی تا کۆنگرەی ٧ لەسەر داوای کۆمیتەی شارستانی پیرانشار کاری قەزایی لەو کۆمیتەیەی وە ئەستۆ گرت و دواتر لە بەشی قەزایی زیندانی ناوەندی حیزب کاری بەڕێوە برد و بەرپرسایەتیی ئاسایشگای حیزب ئەرکێکی دیکە بوو کە بە سەرکەوتوویی گرتیە ئەستۆ. شەهید مەلا ڕەسووڵ خاوەنی چوار کوڕ و سێ کچە. دوو لە کوڕەکانی وەک باوکیان هەر بە تەمەنی لاوەتی ڕێبازی دێموکڕاتیان هەڵبژارد و تا ئێستاش کە لە هەندەران دەژین ئەو ڕێبازەیان بەر نەداوە. مەلا ڕەسووڵ گەردی رێزی زۆری لە خێزان و منداڵەکانی دەگرت‌ و هەڵسوکەوتی زۆر دێموکڕاتانەی بەرامبەر هەموویان هەبوو. شەهید مەلا ڕەسووڵ هونەردۆست بوو، رێزی زۆری بۆ هونەر و هونەرمەندان دادەنا. هەر کە زانی کوڕەکانی هۆگریی هونەرییان هەیە و کاری هونەری دەکەن پێشی پێ نەگرتن و تەنانەت هانی دەدان کە لەسەر کارەکەیان بەردەوام بن. ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی بەرابەر بە ٢٩ی سێپتامبری ١٩٩١ی زایینی، کاتژمێر ٨ی سەر لە بەیانی، کاتێک خۆر گزینگی دەر کردبوو، بەهۆی خۆفرۆشانی سەر بە رێژیمی ئاخوندی ماشێنێکی مینرێژکراو بە کۆنترۆڵ لە ڕێگای دوورەوە تەقێندرایەوە و مینیبووسی حیزبی کرا بە ئامانج کە بنەماڵە و کادرەکانی حیزبی بەرەو نەخۆشخانەو شوێنی کار دەبرد. بە هۆی ئەو جینایەتەوە مەلا ڕەسووڵ گەردی، حەسۆ عەلیپور و جەلیل مامایی شەهید بوون و بەشێکی زۆر لە سەرنشینەکانی مینیبووسەکە بریندار بوون. بەو جۆرە لاپەڕەیەکی دیکەی تاوان ‌و تێرۆر بە کارنامەی ڕەشی ڕێژیمی ئێرانەوە زیاد کرا. ڕووحی شەهید مەلا ڕەسووڵ شاد و سەنگەری خەباتی ئاوەدان. لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)