کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی یادی رۆژی کۆیە

17:39 - 11 گەلاوێژ 2718

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی کاک کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمی تایبەت بە ٤٩ی ساڵەی رۆژی کۆیە بەشدارییان کرد. پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ لە بناری سەیرانگای کۆسار ڕێوڕەسمی یادی رۆژی کۆیە بە بەشداری چەندین ڕێکخراو و ئەنجوومەنی شاری کۆیە بەڕێوەچوو کە لەو ڕێوڕەسمە‌دا یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان چ وەکوو هاوکار و چ وەکوو بەشدار بوو، دەوری بەرچاویان هەبوو. ڕێوڕەسمی یادی رۆژی کۆیە تایبەتە بە کۆمەڵێک چالاکیی کەلتووری وهونەری بە مەبەستی ناساندنی زیاتری شاری کۆیە و تایبەتمەندییەکانی. هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو وەفا نواندنێک بە نیسبەت خەڵکی نەتەوەیی و خەمخۆری کۆیە کە ساڵانێکە ڕێز لە تێکۆشەرانی دێموکرات دەگرن، وێڕای بەشداری کردن لەو یادە، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی ئەو یادە کرد. هەروەها لە درێژەی ڕێوڕەسمی کەلتووری وهونەری یادی کۆیە‌دا جیا لە ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ، منداڵانی بەهرەمەندی حیزب، چالاکیی هونەرییان بەڕێوە برد. سێ کیژۆڵەی بەهەرمەندی کاک ئەنوەر عەزیزییان پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە ناوەکانی "کوردستان، ئاڵا و نیشتمان" بەهاوکاری باوکیان چەند تابلۆی جوانیان لە گۆرانی کوردی پێشکەش بەو یادە کرد.