کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامه‌ی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی به‌ بۆنه‌ی کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشه‌ر حاجی حوسێن حه‌دداده‌وه‌

05:53 - 30 خەرمانان 2718

به‌ داخێکی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشه‌ر حاجی حوسێن حه‌ددادمان له‌ وڵاتی نۆروێژ پێگه‌یشت. کاک حاجی حوسێن حه‌دداد کەسایەتیه‌کی خۆشناو و سیاسی و تێکۆشەرێکی دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی و ناسازی ئەمرۆ پێنج‌ شەممە ڕێکەوتی ٢٠ ـ ٠٩ ـ٢٠١٨ لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری فرێدتیکستاد لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد. حاجی حوسێن حەدداد لە ٠٥ ـ ٠٣ ـ ١٣١٧ هەتاوی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی گەورە و کوردپەروەر و ناسیاوی شاری سەردەشت لە دایک بوو. ژیانی منداڵی خۆی وەک منداڵانی ئەو سەردەم تێپەر کردووە ، لە تەمەنی ٧ ساڵیدا نێردراوه‌ته‌ قوتابخانە . هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌ش دا حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان دامەزراون و هاتووچۆی ئەندامانی بنەماڵەکەی و مالی خاڵەکانی ( بنەماڵەی حەسەن‌پوور) بۆ شاری مەهاباد و هاتنی هێزی پێشمەرگە بۆ شاری سەردەشت و هەروەها دیتنی چەکداری پێشمەرگە لەو تەمەنەدا ، کاریگەری لە سەر هەست و دەروونی هەبووە و گه‌رای خۆشەویستی بۆ پێشمەرگە و بۆ شۆڕش و بۆ کوردایەتی له‌ دڵی دا جێگیر بووه‌. له‌ ساڵه‌کانی ٤٧ و ٤٦ ی هەتاوی پەیوەندی بە کادرەکانی ئەو کاتەی حدکەوەکردوه‌ و متمانەی به‌رپرسان وکادره‌کانی به‌ده‌ست هێناوه‌ و لە ڕێکخستنە نەهێنی‌یەکانی ئەو کات دا سازمان دراوه‌. حاجی حوسێن لە جوڵانه‌وه‌ چەکداری‌یەکەی ساڵانی ٤٧ و ٤٦ ی هەتاوی دا بە ڕادەیەکی بەرچاو هاوکاری کادرەکانی وەکوو شەهید مەلا ئاوارە و موعینی‌یەکان و کەسە دیارەکانی دیکه‌ی ئەو کاتی کردوه‌. کاتێک جوڵانه‌وه‌ی ساڵەکانی ٤٧ و ٤٦ ی هەتاوی سه‌رکوت کراوه‌، حاجی حوسێن نائومێد نه‌بوه‌ و هەروا لەگەڵ ئەو بەشە لە کادرەکانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان لە پەیوەندی دا بوه‌ و بە نەهێنی ئه‌رکی حیزبی به‌ڕێوه‌ بردوه‌. کاک حاجی حوسێن لە دوای شۆڕشی گه‌لانی ئیران و له‌ خه‌باتی ئاشکرای حیزب دا ٢١ ساڵ لە تەمەنی خۆی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە شان دابووە و لە سەریەک نزیک بە شەش دەیە وەک ئەندامی هەڵسوور و چالاکی حیزب خزمەتی بە گەل و نیشتمان کردووە. ساڵی ١٣٧٨ ی هەتاوی دوای ساڵانێک خزمەت لە ریزەکانی حدک دا بە هۆی بە ساڵاچوویی، وێرای منداڵەکانی ڕوو ی لە هەندەران کردوه‌ و لە وڵاتی نۆرویژگیرساوه‌ته‌وه‌. لە هەموو ئەو ساڵانەش دا وەک ئەندامێکی چالاکی حیزب لە خزمەت حیزب دابووە و ئه‌رکی حیزبی خۆی به‌ شێوه‌یه‌کی باش به‌ڕێوه‌ بردوه‌. حاجی حوسێن تا دوایین هەناسەکانی ژیانی هەروا چاوەروانی گەرانەوەی بوو بۆ زێدی لە دایکبوونی خۆی و هیچ کات ئامادە نەبوو کە سەر بۆ دوژمن نەوی بکا و بە دڵەوە ژیانی تاراوگەیی و هەندەرانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی تەسلیمی ویستی دوژمن نەبێ. بە بۆنەی کۆچی دوایی حاجی حوسێن حەدداده‌وه‌ لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە هەموو ئەندامانی بنەماڵە به‌ڕێزه‌که‌ی و خزمان و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاورێ و هاوسەنگەرانی دەکەین و خۆمان بە شه‌ریکی خەمی لە دەست دانی ئەو مرۆڤە گەورەیە دەزانین. ڕووحی شاد و ڕێگای پڕ بێ له‌ ڕێبوار. له‌ لایه‌ن کومیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات