کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‌‎ پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی، وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ لەلایەن "نادیە موراد" کچە کوردی ئیزدی

04:32 - 15 رەزبەر 2718

‌‎کچێکی کوردی ئیزەدیی خەڵکی شەنگال و باڵوێزی ئاشتی نەتەوەیەکگرتووەکان "نادیە موراد" بە هاوبەشی لەگەڵ "دێنیس موکوێگ" پێکەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی ۲۰۱٨ی زایینییان بەدەست هێنا. ‌‎ ۲٠۱٤ی زایینی ،چەکدارانی بیرتەسک و سەدەناوەڕاستیی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" ناسراو بە (داعش) پەلاماری شاری شەنگالیان دا و داگیریان کرد و لەو هێرشە دڕندانەیەدا، شکۆ و هەیبەتی مرۆڤانەی هەزاران مرۆڤی بێتاوان شکێندرا و بۆ جارێکی دیکە نەیارانی کوردستان و کورد هەوڵی داگیرکارییان لە کوردستان دا. نادیە موراد پاش ئەوەی لە چاوی ٥ برا و دایک و باوکی بوونە قوربانی ئەو ستەمە گەورەیە،یەکێک بوو لەو هەزاران کچانەی کە لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە بەدیل گیران و لە شارەکانی ژێر دەستی داعش بۆ مەرامە دژی ئینسانییەکان دەکڕان و دەفرۆشران، نادیە موراد دوای ماوەیەک توانی خۆی لە دەستی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە ڕزگار بکات، دوای ڕزگاربوونی توانی ببێتە دەنگی ئەو کچە بێتاوانانەی کە لەژێر دەستی داعشدا تووشی ئەشکەنجە و چەندین کاری قێزەونی دیکە بوونەتەوە. نادیە بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام هاواری پڕ بە گەرووی مرۆڤ‌تەوەری و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی بوو. ‌‎نادیە بەهۆی کارکردنی لەسەر پڕۆژەیەک لەژێر ناوی " کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی جنسی، وەکوو چەکێکی شەڕ" توانی بە هاوبەشی لەگەڵ دێنیس موکوێگ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەست بهێنێت. ‌‎راستییەکی حاشاهەڵنەگرە، لە ئاست ئازارەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، هەر جۆرە خەڵات و پێزانینێک بارتەقای خەمەکانمان نییە، بەڵام بیستنی لەلایەن ئەوانەی رەگەزپەرستانە شەو و ڕۆژ دەکەنەوە، تەزوویەک بە لەشیاندا دێت کە بەقەد هەموو ئەو ئازارانەیە. لە کاتێک دا "نادیە"خەڵاتی ئاشتی وەردەگرێت کە ژنانی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان بەتایبەتی، لەژێر هێژموونی چەسانەوەی توندی بیری وەلایەتی فەقیهی رۆژانە رووبەری ستەم و بێرێزی دەبنەوە و ئازایانە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە هەوڵی بەردەوام دان. ‌‎ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە نادیە موراد وکوردانی ئیزەدی و سەرجەم ئەو کەسانە دەکا کە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و ئازادی لە هیچ چەشنە زەحمەت و تێکۆشانێک درێغی ناکەن. ‌‎ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ۱٤ی رەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی