کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونەسەری ڕادەی خۆکوژی لە کوردستان

19:33 - 7 سەرماوەز 2718

لەو چەند ساڵەی دواییدا دیاردەی خۆکوشتن لە ئێران و کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. چوونەسەری ڕێژەی خۆکوشتن یەکێک لەو نەهامەتیانەیە کە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە و برسیەتی و هەژاری و نەبوونی کار لەو هۆیانەن کە خەڵک ناچار دەکەن، بەە شێوەیە کۆتایی بە ژیانیان بێنن. ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز ژنێکی لاو بە ناوی "فەرزانە پاک ئاری" خەڵکی گوندی "سەوزی" سەر بە شاری میاندواو بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی، بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. ناوبراو ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تەورێز کراوە کە بەهۆی ئاگرەکەوە ٩٠ لەسەدی جەستەی سووتاوە و بەپێی وتەی دوکتۆرەکان، گیانی لە مەترسیی دایە. هەرچەند تاکوو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمیی لە پێوەندی لەگەڵ خۆسوتاندن و خۆکوژی بە شێوەکانی دیکە لە کوردستان بلاو نەکراوەتەوە، بەڵام زۆربەی قوربانیان ژنان و کچانن و لە پێوەندییەدا پاریزگای ئیلام لە کوردستان بە پێتەختی خۆکوژی لە جیهاندا ناسراوە. توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران و کوردستان یەکێک لە هۆیەکانی خۆکوشتنی ژنان و کچانە و ساڵانە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکا، دیارە لە گەڵ خۆکوشتنی ژنان، خۆکوشتنی پیاوانیش بەهۆی نەبوونی، بێکاری و هەژاری هەر لە زیادبووندایە و ڕۆژانە لە شوێنە و ناوچە جیاجیاکانی ئێران و کوردستان پیاوان بۆ دەرباز بوون لەو بارودۆخە نالەبارە، کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن. لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی هەواڵدەریی "هەنگاو" ڕاپۆرتێکی بلاوکردۆتەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٦٨ پیاو و گەنجی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوەیە، زۆربەی خۆکوشتنەکان بەهۆی هەژاری و بێکارییەوە بووە و ٣٠ ڕووداوی خۆکوشتنی پیاوان لە هەشت مانگی ڕابردوودا ٤٤ لەسەدی خۆکوژیەکانی ئێران پێکدێنێ و هەروەها ١٥ ڕووداوی خۆکوشتن کەسانێک بوون کە تەمەنیان لە خوار ٢٠ ساڵییەوە بووە و ٦ جۆری خۆکوژییەکانیش لە سەرووی ٥٠ ساڵییەوە بووە. گەنجترین ڕووداوی ئەو خۆکوژییە تەمەنی ١٢ ساڵە و بەتەمەنترین کەسیان ٦٨ ساڵە بووە کە هەردووکیان خەڵکی پارێزگای ئیلام بوون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.