کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی شارومەندێکی کورد لە مەریوان

19:54 - 7 سەرماوەز 2718

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی ١ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاویی، شارومەندێکی کورد بە ناوی "حشمەت ئەدمەن" تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی گوندی "ئەسپەڕێز" ی سەر بە شاری " سەوڵاوا" لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانی شاری مەریوان دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیارکراوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەمان سەرچاوە، ناوبراو لە شوێنی کارەکەی بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی نایاسایی دەسبەسەرکراوە. شایانی باسە کە گرتن و دەسبەسەرکرانی خەڵکی ناوچەکانی کوردستان بە شێوەیەکی نایاسایی هەروا لە زیادبووندایە و هەر ڕٶژە چەند کەسێک بە بیانووی جۆراوجۆر ڕەوانەی بەندیخانەکانی ڕێژیم و ئیدارەکانی ئیتلاعات و سپا دەکرێن. بەشی زۆری دەسبەسەرکراوان تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ حیزبەکانی کوردستانیان دەدرێتە پاڵ و بێ هیچ بەڵگەیەک لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی زۆرەملیان بەسەردادەسەپێنن. دوای مانگرتنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ بۆ مەحکووم کردنی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر قەڵای دێموکرات لە کۆیە و لە سێدارەدانی ٣ چالاکوانی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی دا، ڕێژیم ترسی لێنیشتووە و بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک بە شێوەیەکی نایاسایی شارومەندانی کورد دەسبەسەر دەکەن و زیندانیان دەکەن یا بە بارمتە ئازاد دەکرێن بۆ ئەوەی بەشداری چالاکی و خۆپێشاندانەکانی دژی ڕێژیم نەبن.