کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیچ ڕۆژێک ڕۆژی ژن نییە

03:04 - 8 سەرماوەز 2718

(( ڕۆژی جیهانیی بەربەرەکانی لەگەڵ توندوتیژیی دژی ژنان  و ڕوانگەی من بۆ پرسی ژن لە ئێستادا وەک شاعیرێک)) پرسیارە و دەکرێ: ئایا ئەو پیاوانەی ئازاری جینسی و ڕۆحیی ژن دەدەن خۆیان ئازاری جینسی و ڕۆحی ئەدرێن لەلایەن کەسانێکی ترەوە یان لەلایەن ژنەوە؟ ئایا بەو هۆکارەی پیاویش وێڕای ژن تووشی چەوسانەوە و کۆیلەتیە لە کۆمەڵگە (و بڕێ پیاو تەنانەت لە بنەماڵەشدا) ژن نابێ سەبارەت بە کۆیلەتیی خۆی ناڕەزایەتی دەرببڕێ؟ ئەو ئیعترازە دەکرێ نەچێتە قاڵبی فێمێنیزمەوە و هەر تاکێک وەک ئینسان مافی ئەوەی هەیە دژ بە کۆیلەیی ڕاوەستێ و دژ بەو هەڵسوکەوتەی لەگەڵی دەکرێ (چ لە بنەماڵە و چ لە کۆمەڵگەدا ) بێدەنگ نەبێ و بەرەنگاری هەر چەشنە بێڕێزییەک ببێتەوە. لە بەرەبەری بۆنەکانی 25ی نۆڤامبر و 8ی مارس، وەک دوو ڕۆژ بۆ خاوەنێتی لە پرسی ژنان دەبینین کە بڕێک کەس گارد دەگرن لە بەرانبەر ڕەوتی فێمێنیزمدا و سنوور بۆ چالاکیی ژنانی کورد دادەنێن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کۆمەڵگەی کوردەواری هەڵگری ڕەوتی فێمێنیزم نییە. ئایا ئەوەی کە ژن ئێزن نەدا لەلایەن پیاوەوە توندوتیژی جینسی، جەستەیی، کەلامی و فیکری پێ بکرێ و هەروەها بە هۆی ئایین و کولتوورەوە هەڵسوکەوتی لە  کۆمەڵگە و بنەماڵەدا نەچێتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە، ئایا ئەوە دەچێتە خانەی فێمێنیزمەوە؟  مەگەر فێمێنیزم بە مانای بڕوا بە یەکسانی و بەرابەریی مافەکانی هەر دوو ڕەگەز نییە، کە وایە بۆ بڕێک لە ژنان و پیاوانی کوردەواری پێیان وایە فێمینیزم وشە و ڕەوتێکی سووکە و دەبێتە هۆی بەربڵاویی لادان و ترازانەکان لە کۆمەڵگە و گاردیان گرتووە بەرانبەری؟ یانی ئەبێ تا ئەبەد و تا هەتایە کۆیلە بین؟ ژنی کورد چۆن بیڵێ و هاوار بکا: کە ئەی پیاو! بە مشت مەدە بە نێو دەممدا و مەڵێ وست بە و چیدی بێڕێزی بە بیروبڕوای من مەکە. ئەم چەشنە ناڕەزایەتیدەربڕینانە ڕەبتی بە هیچ ئیزمێکەوە نییە و ژن وەک مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە داوای مافەکانی بکا و هەر بە نزیکبوونەوە لە بۆنەکانی هەشتی مارس یان 25 نوامبر وەبیری نەیەتەوە کە توندوتیژی لەگەڵ کراوە و دەکرێ. هەمیشە ئەوە لە وجودی مرۆڤایەتیدا دەبێ هەبێ کە دژ بە ئازار و چەوسانەوە بوەستێ. ئەم کێشە و ئاریشانەی ژن لە کۆمەڵی کوردەواریدا پێوەندیی بە فێمێنیزمەوە ببێ یان نەبێ هەر هەن و ڕوون و ئاشکران. ژن دەبێ ئەوەندە بەهێز بێ کە هیچ پیاوێک نەتوانێ ئازاری بدا و بە قۆناغێک لە متمانە بەخۆبوون بگا کە بە هێزەوە پێناسەی خۆی بکا؛ بەڵام خۆ لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێ لە بڕێ هەڵسوکەوتی پیاوان چاوپۆشی بکا. قسە ئەوەیە کە ئەوەی ئەمن یان تۆ سەبارەت بەو بارودۆخە ناڕەزایەتی دەردەبڕین دەبێ گشتی بێتەوە و بۆ ئەوەش پێویستە ئەمن و تۆ و ئەوانی دیکەش ژنانی دەوروبەرمان هان بدەین بۆ بێدەنگ نەبوون لە بەرامبەر زۆر لەو پاوانخوازییانە. ئەوەش پێویستیی بە بەگشتی بوونەوەی فێمینیزمە لە کوردەواریدا کە دەبێتە هۆی بەدیهاتنی بارودۆخێکی ئاسوودەتر بۆ ژنان و پیاوانی نێو کۆمەڵگەش. چونکی ئەگەر ژن لە بنەماڵە و کۆمەڵگەدا وەک مرۆڤێک چاوی لێ بکرێ نە وەک ژنێک کە لە ڕواڵەتیدا ژنانەیی تۆخ و بەرچاوە... بێگوومان ئەگەر هەر تاکێکی نێو کۆمەڵگە لە خۆیەوە دەست بکا بە گۆڕانکاری لە ناخی خۆیدا کێشەکانی سێکسیزم و جیاوازیی ڕەگەزی تا ڕادەیەک چارەسەر دەبێ. لە کۆمەڵگەی کوردەواریی خۆماندا ژن، زۆربەی جار نەک هەر لەلایەن (باوک، برا، مێرد، کۆمەڵگە، دەسەڵات)ەوە بەڵکوو لە لایەن ڕەگەزی خۆیشیەوە توندوتیژی فکریی دەکرێتە سەر. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە پیاو لەو پڕۆسە بکێشینە دەرێ و خەتاکان هەر بخەینە ئەستۆی ژن، بەڵکوو بڕێ جار ژنانیش بە پەیڕەوی کردن لە داب و نەریتە هەڵەکانی نێو کۆمەڵگە دەبنە هۆی ئازاری خۆیان و هاوڕەگەزەکانیان بێ ئەوەی بزانن ئەوە چەشنێک لە توندوتیژییە. توندوتیژی هەر لە لێدان و ئازاری جەستەییدا بەدی ناکرێ بەڵکوو هەر چەشنە ئاخاوتنی ناشیرین و ناحەز بە مەبەستی جنێو و گاڵتە، بەرگیری لە ئازادییە سەرەکییەکانی ژنان، ئازاری فیکری و تانە و تەشەر و تۆمەت، ئازاری جنسی لە لایەن هاوسەر و زۆرها ئازاری لەو چەشنە وەبیرمان دێنێتەوە کە هیچ ڕۆژێک ڕۆژی ژن نییە. چەوسانەوە ئەو بیرکردنەوەیە کە پێی وایە ژن هەست و ئیحساس و حەزی نییە (هەم لە لایەن خودی ژنانەوە و هەم پیاوان ) و بەردەوام وەک ڕوباتێک چاوی لە ژن کردووە بۆ کارکردن و منداڵ بەخێو کردن و وڵات خاوێنکردنەوە و دواتریش وەک ئەبزاری چێژ بەکاریان هێناوە بۆ بەتاڵکردنەوەی حەز و ویستیان بەو هۆکارەی کە نەهێڵن نەسڵیان تەواو ببێ. کۆیلەیی یانی خۆ سەرقاڵکردنی بەردەوامی ژنان بە وردە کارگەلێکی ڕۆژانە و دڵەڕاوکێی بێ بایەخ و بێ بنەمای فکری، یانی بۆنی بەردەوامی ئاشپەزخانە و تاید و سابوون، یانی دەنگی قاپ و کەوچک و دەوری یانی چاولێکەری و بایەخ دانەنان بۆ خود ... بەداخەوە نائاگایی لە مافەکان، ژنی کردووەتە ئەو ڕۆباتە و بەردەوام بیری ئایین تەوەر و پیاوسالار بە کۆمەڵگە تەزریق دەکا و هەر بەو هۆیەشەوە لە ئاست پەروەردەی منداڵەکانی لەگەڵ کێشەگەلی جۆراوجۆر بەرەوڕوو دەبێتەوە ئەم دووبەرەکییە تۆخەی لە نێوان دایک و کچدا بۆتە هۆی کێشە دەروونیەکان و بنەماڵە و کۆمەڵگەی بەرەو ئاژاوە بردووە. ژنان هێشتا بە ناوی عەیبە و گوناهەوە لە زۆربەی مافەکانیان دەڕوانن و لە زۆربەی بوارەکاندا بێ ئاگان و نایانهەوێ هەنگاوێک هەڵگرن دژ بە کۆیلەبوونی خۆیان. هەر بەو بۆنەشەوە دەتوانم بە جورئەتەوە بڵێم لە سەردەمی مۆدێڕنیتەدا پیاوان کەرەستەییتر لە جاران لە ژنان دەڕوانن و ئەویش شتێک نییە جگە لە بە کۆیلەگرتنی جنسی ژنان لە دەرەوەی بنەماڵە بەناوی خۆشەویستییەکی ساختەیی و درۆیینەوە کە بەرهەمی ئەوڕۆی دنیای مەجازییە. ئەو دیاردەیە بۆتە هۆی گشتی بوونەوەی سێکسیزمێکی خێرخوازانە کە لەلایەن پیاوانی بەرژەوەندیخوازەوە ڕەنگی داوەتەوە و بە ناوی مۆدێڕنیتە و لە قاڵبی مافی یەکسانییەوە ژنان دەکەنە کۆیلەی جنسی و لەم باروودۆخە شێواوەدا بە سوودی خۆیان و بۆ بەتاڵکردنەوەی خۆیان کەڵک لە هەست و ئیحساسی ژنان وەردەگرن و بە چەسپی ڕووناکبیر لە خۆیان دەدەن. ژن لەم قۆناغەدا تووشی جۆرێک خودباوەڕی و شایی بەخۆبوونی دروویین دەبێ و لە لایەکەوە بەرەو چەوساونەوەیەکی مۆدێرنتر و ئەبزاریتر دەڕوا و لە لایەکی ترەوە پەرەسەندنی کێشەگەلی بنەماڵەیی و ڕۆژ نییە هەواڵی خۆکوژی ژنان و کچانمان داخێک نەنێتە سەر دڵمان. دوا قسە ئەوەیە کە ژن هەتا کەنگێ دەیەوێ هەم لە بنەماڵە کۆیلە بێ و هەمیش لە کۆمەڵگەدا چەوساوە بێ و خۆی بە گوفتمانێکی بێ بنەماوە سەرقاڵ کا و لە ژێر باری ئەم دۆخە ئەستەمە دەرباز نەبێ. پیاوی کۆمەڵگەی کوردەواری ئێزنی هەیە ئاشق بێ، دڵداری بکا، باسی جوانی و لەش و لاریی ژنان بکا لە ئەدەبیاتدا، وێنەی ڕووتی ژنی پێ جوان بێ بەڵام هەر ئەو چەشنە ئاکارانە بۆ خودی ژن قەدەغە کراوەو  و ژن بۆ گرنگیدان بە جوانییەکانی خۆی دەبێ ببێتە تابۆ شکێن و تۆمەتی جۆراوجۆری لێ بدرێ.  بێگومان جۆرەکانی توندوتیژی ئەوندە ورد و زۆر پەرەی سەندووە کە بێ ئاگایی ژنان لەو قۆناخەدا زیاتر دەردەکەوێ.  ژن ئەمڕۆ بۆ ڕەوایی وەرگرتنی خواستە سەرەکی و بێ بایەخەکانی ڕۆژمەڕەی لە پیاو، پەنای بردووەتە جۆرە ستراتژییەکی جوانیناسانە لە ڕواڵەت و لە ناخەوە جوانی دروونی خۆی لە یاد بردووە. با بێدەنگ نەبین و بنەماڵە و کۆمەڵگە لەو جۆرە هەڵسوکەوتانە بە ئاگا بکەینەوە. (( لە گۆڤاری ئێنتێرنێتیی "هم ئەندیشان" وەرگیراوە))