کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی کاریی پێک هێنا

13:44 - 8 سەرماوەز 2718

کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی کاریی یەک ڕۆژەدا کۆمەڵە بابەتێکی تەشکیلاتی و مودیرییەتیی نێوخۆیی حیزبی تاوتوێ کرد و بڕیاری لەسەر دان. کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە، 7ی سەرماوەز (28ی نۆڤامبری 2018) بۆ باس لەسەر چەند بابەتێکی ئیداری و تەشکیلاتیی نێوخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆوە و؛ دوای گەنگەشەی ئەو باسانە بڕیاری بۆ دان. ئەم کۆبوونەوەیە بە دەقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڕێی ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد و، دواتر دەستووری کاری کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لەلایەن بەشدارانی کۆبوونەوەکە پەسند کرا. لە بڕگەی یەکەمی کاری کۆبوونەوەکەدا جێی بەتاڵی چوار ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە پەلامارە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر قەڵای دێموکرات شەهید ببوون، پڕ کرایەوە. لە بڕگەکانی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا چەند بابەتێکی تەشکیلاتی و مودیرییەتیی نێوخۆیی حیزب خرانە بەرباس و کۆمیتەی ناوەندی دوای تەتەڵە و لێکدانەوەی باسەکان بڕیاری لەسەر دان. کۆبوونەوەی کاریی یەک ڕۆژەی کۆمیتەی ناوەندی بە پەسندکردنی چەند ڕاسپاردەیەک بۆ باشتر ڕاییکردنی کاروباری نێوخۆیی حیزبی، کۆتایی بە کارەکانی هێنا.