بە پێی هەواڵێک کە بە "کوردستان وکورد"گەیشتووە، بەشێک لە قوتابیانی پۆلی سەرەتایی شارەکی دەڕەدرێژەی کرماشان بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی شیاوی بێهداشتی تووشی نەخۆشی گەڕبوونی پێست بوون و، بەرپرسانیش لەو بارەوە کەمتەرخەمن.
یەکێک لە مامۆستایانی کرماشانی لەو پێوەندییەدا ڕاێگەیاند؛ "شارەکی دەڕەدرێژ" کە زۆربەیان کوردی یارسانن، هەر بەو هۆیەوە لە لایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە بە تەواوی پەراوێز خراون و، هیچ ئاورێکی جیددی لە ژیانی ئەو خەڵکە نادرێتەوە .
هەر پێی ئەو سەرچاوەیە، بەهۆی پێڕانەگەیشتن و نەبوونی ئیمکاناتی بێهداشتی بەشێک لە قوتابیانی قوتابخانەی دەڕەدرێژ، تووشی نەخۆشی گەڕبوونیپێست بوون و، بۆ ئەوەی زیاتر پەرەنەستێنی پێویستییان بە چارەسەری بە پەلەیە ، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی پێوەندیدار، بەتایبەتی کاربەدەستانی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی کرماشان لەو بارەوە خەمساردن و وڵامدەر نین.
شیاوی باسە پارێزگای کرماشان یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی کوردستانە کە بە هۆی هەڵاواردنی سیستەماتێکی رێژیمەوە، هەر لە هەژاریدا ماوەتەوە.
جێیئاماژەیە کوردانی یارسانی چەندین ساڵە بەهۆی جیاوازی ئایینیان، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە مافەکانیان پێشێلدەکرێ و، هەرجارەو بە جۆرێک دەچەوسێنەوە.