کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی یەکیەتیی لاوان لە کۆنگرەی دووهەمی لاوانی HDP لە باکووری کوردستان

22:33 - 8 سەرماوەز 2718

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەمە 25/11/2018 شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرەستی پێشەوا عەلی‌پوور سکرتێری گشتی یەکیەتیی لاوان لەسەر بانگهێشتی فەرمی لاوانی HDP لە باکووری کوردستان بەشدارییان لە کۆنگرەی دووهەمی ئەو رێکخراوە کرد لە شاری ئامێد. سەرەتای کۆنگرە بە ساتێک بێدەنگی وەستان بەحورمەتی شەهیدان دەستی‌پێکرد، پاشان پەیامی بەڕێز سەزای تەمەلی هاوسەرۆکی HDP لە لایەن دیوان خوێندرایەوە، دوابەدوای ئەو پەیامە بەڕێز بەدران ئوزتورک هاوسەرۆکی KCD پەیامێکی پێشکەش کرد. لە ئیدامەدا بەڕێز پێشەوا عەلی‌پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان پەیامێکی پێشکەش کرد و لەو پەیامەدا دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی کورد و قارەمانەتی پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤان و هەروەها پلاتفۆرمی لاوانی کورد باس‌کرا. پێشەوا عەلی‌پوور هەروەها باسی ئیرادەی لاوانی کورد دوای مووشەکبارانی قەڵای دێموکراتی کرد و ئیرادەی خۆڕاگرانەی بەڕێزان ئوجەلان و دەمێرتاشی لە زیندانەکانی تورکیادا بەرز نرخاند. پاشان پەیامەکانی لاوانی باشوور وەک تۆڕی هاوئاهەنگی رێکخراوەکان لەلایەن بەڕێز سیروان گەردی و هەروەها لاوانی شیوعی لەلایەن بەڕێز رێباز هاشم پێشکەش کرا. لە کۆتاییدا دەستەی بەڕێوەبەری نوێی لاوانی HDP هەڵبژێردران و کۆنگرە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.