رۆژی پێنجشەممە٨ی سەرماوەز لە ڕێوڕەسمێكدا بەرهەمێکی زانستی لە بواری پزیشکییەوە لە ژێرناوی" کانیشەفا " دوای ٩ ساڵ ماندووبوونی پزیشکی خۆشناو و خێرخوازی ناوچەی سنە و لەیلاخ، بەناوی دوکتور “خوسرەو خوسرەوی کوردستانی" کە دەیان ساڵە لە ئاوایی کەڕۆنانی شاری دێولان خەریکی خزمەتی خێرخوازانەیە ، پەردەی لە سەر لادرا.
دوکتور خوسرەوی نیزیک بە ٥٠ ساڵە وەکوو پزیشکێکی دەروەست و خێرخواز لە ناوچەی لەیلاخ و سنە، لە بواری جۆراوجۆرەوە جێپەنجەی دیارەو دوایین خزمەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەزموونی ٥٠ ساڵەی خۆیەتی لە دوتۆی کتێبێک تایبەت بە زانیارییە پزیشکییەکان بە ناوی "کانی شەفا".
ناوبراو بە هۆی ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی ئاغاوەت و دەستڕۆیشتوو لە دایکبووە، دوای پێگەیشتنی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بەکار هێناوە بۆ خزمەتی پزیشکی و، هەروەها وەکوو مرۆڤێکی خێرخواز بۆ گەشەی زانست و فێرکردن هەنگاوی شیاوی هەڵهێناوە.
دوکتور خوسرەوی دەساڵ لەمەوپێش لە ئاوایی کەڕۆنانی لەیلاخ لە زەوییەکانی خۆی بە هاوکاری ئیدارەی "پەروەردە و فێرکاریی" یەکەم "هونەرستانی کشتوکاڵی" بۆ قوتابیانی شاری دێولان دامەزراند و ، هەروەها لە هەنگاوێکی دیکەشدا نورینگەی نەخۆشەکانی خۆی کە ١٠٠٠میتر ژێر بەنای هەیە، پێشکەش کردوە بۆ بنیاتنانی قوتابخانەو کتێبخانە لە ناوچەی لەیلاخ.
دوکتور خوسرەی دوای تەمەنێک کۆکردنەوەی ئەزموون لە بواری پزیشکی و ماندووبوونی ٩ساڵەی لە نووسینی کتێبی "کانی شەفا ، رۆژی پێنچشەممە لە هۆڵی سینەما"بەهمەن"ی شاری سنە پەردە لەسەر ئەو بەرهەمە بەنرخە لادرا.