کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سپای قودسی ئێران، چەند تیمی تیرۆری لە عێراق پێکهێناوە

22:59 - 10 سەرماوەز 2718

ڕۆژنامەی "دێیلی تێلیگرافی" بریتانیایی ئاشکرایکرد کە بە فەرمانی" قاسم سلیمانی" فەرماندەی سپای قودسی سەر بە ڕێژیمی ئێران، چەند تیمێکی بۆ تیرۆری ئەو عێراقیانە پێکهێناوە کە لە عێراق دژایەتیی کۆماری ئیسلامی دەکەن یا ڕەخنە لەو ڕێژیمە دەگرن. دێیلی تێلیگراف لە ڕاپۆرتەکەیدا بڵاوی‌کردەوە کە گرینگترین قوربانیانی ئەو تیمە تێرۆریستیانە"عادڵ شاکرتەمیمی" هاوپەیمانی نیزیک لە "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و " شەوقی حەدداد" لە کەسایەتییەکانی نیزیک لە "موقتەدا سەدر"ی ڕێبەری دیاری شێعەکانی عێراقن. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تیمەکانی تێرۆر بە فەرمانی قاسم سلێمانی بۆ ترس و تۆقاندنی دژبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە عێراق جێگیر کراون. ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە دوای هەڵبژاردنیی پارلەمانیی، ساڵی ٢٠١٨ لە عێراق، نەیتوانی بەربژێرەکانی خۆی سەرخا و لە پێکهێنانی دەوڵەتی عێراق دا تووشی شکست بوو. دێیلی تێلێگراف لە زمان بەرپرسانی ئەمنییەتیی بریتانیاوە کە ئەرکی ڕاهێنانی هێزە سەربازییەکانی عێراقیان لە ئەستۆیە، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند گرووپێکی تێرۆریستیی سپای قودسی ڕەوانەی عێراق کردووە هەتا دەنگە ناڕازی و دژبەرەکانی ئێران بێدەنگ بکا. ئەو تیمە تێرۆریستیانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەیانهەوێ دژبەرانی ئەو ڕێژیمە لە نێو هێزە عێراقییەکان بە ئامانج بگرن و"شەوقی حەدداد" نزیک لە "موقتەدا سەدر" یەکێک لەو قوربانیانەیە. ناوبراو لە مانگی ژووئیە کوژرا، لە کاتێکدا کە ئێرانی بە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمەتبار کرد و، لە لایەن ئەو گرووپە تێرۆریستیانەوە کوژرا. "موقتەدا سەدر" لە سەرەتادا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نیزیک بوو، بەڵام لەو دواییانەدا بە دوور کەوتنەوە لە ئێران، هەوڵی دا ببێتە کەسایەتییەکی نەتەوەیی لە عێراق. شایانی باسە کە تیمەکانی تیرۆری سەر بە رێژیمی ئێران لە مانگی ئاوگوست هەوڵیاندا کە "ڕازی تائی" تێرۆر بکەن بەڵام لە پیلانەکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون. "ڕازی تائی" یەکێک لە کەسایەتییەکانی نیزیک لە "عەلی سیستانی" ڕێبەریی ئایینی شێعەکانی عێراق بوو کە خوازیاری کورت کردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە دەوڵەتی تازەی عێراقدا. دێیلی تێلێگراف لە زمان بەرپرسێکی پایەبەرزی بریتانیایی بڵاویکردەوە کە ڕێژیمی ئێران بە پێکهێنانی ئەو تیمە تێرۆریستیانە و بێدەنگ کردنی دژبەرانی ئەو رێژیمە، ویستی دەوڵەتی عێراق بترسێنی.