کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری مەجلیس؛ گەندەڵی لە ئێران، خاڵی هاوبەشی هەردوو باڵی نێو دەسەڵاتە

16:48 - 11 سەرماوەز 2718

موجتەبا زولنوور، نوێنەری شاری قوم لە مەجلیس بە باسکردن لە هەلومەرجی ئێستای ئیران ڕایگەیاند؛ کە گەندەڵی لە نێوان هەردوو ڕەوتی سیاسیی وڵات، واتە بناژۆخوازان و بە ناو ڕێفۆرمیستەکان هەیە و، حاشای لێ‌ناکرێ. نوێنەری شاری قوم گوتی: لە چاوی خەڵکەوە ئەوە نیە بڵێ گرووپ باش و ئەوی دیکە خراپە، بەڵکوو خەڵک دەڵێن؛ هەر دوو لە یەک قوماشن. ئەندامی بەرەی"پایەداری" لە مەجلیس ڕایگەیاند؛ کە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئێستاشی لەگەڵ بێ، کێشەی سەرەکیی وڵات گەندەڵییە. بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی ئیسنا، موجتەبا زولنوور رۆژی شەممە ١٠ی سەرماوەز لە وتاردانێک‌دا دانیبەوەداناوە کە لە سەرەتای ئینقلابەوە کێشەی سەرەکی و بنەڕەتیی وڵات، گەندەڵی بووە هەتا ئێستا. نوێنەری شاری قوم چەختی لەسەر ئەوە کرد کە گەندەڵی لە نێو هەر دوو باڵی نێو دەسەڵات واتە ڕێفوڕمخواز و بناژۆخوازەکاندا هاوبەشە و، لە روانگەی خەڵکەوە "هەر دوو لە یەک قوماشن". قسەکانی ئەو نوێنەرە لە کاتێک‌دایە کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، کە خۆپێشاندانەکان دەستی‌پێکرد، دروشمی خەڵکی ناڕازی بە دژی هەر دوو باڵی نێو دەسەڵات بوو. حوسێن زوڵفەقاری جێگری ئەمنیەتیی وەزیری نێوخۆ، لەو بارەوە ڕایگەیاند بوو؛ کە خۆپێشاندانەکان بە مەبەستی تێپەڕبوون لە هەموو ڕەوت و باڵە سیاسییەکانی نیزام سەریان هەڵداوە. جێی‌ئاماژەیە کە پێشتریش بەشێک لە بەرپرسانی ڕێژیم، باسیان لە هەبوونی گەندەڵیی سیستەماتیک لە وڵات کرد بوو، بەتایبەتی لە ئاستی سەرەوە. هەروەها ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک‌کۆماری ئێران، رۆژی ٢٧ی گەلاوێژ گوتی؛ گەندەڵیی ماڵی و سیاسی هێندێک لە بەرپرسانی پلەبەرزیشی گرتووتەوە. هەر لە پێوەندی لەگەڵ پەرەسەندنی گەندەڵی لە ئێران، "غوڵامعەلی جەعفەر‌زادە ئیمەن ئابادی" نوێنەری شاری ڕەشت مانگی خاکەلێوە لە مەجلیس ئاشکرای کرد؛ گەندەڵی لە ڕادەبەر پەلی هاوێشتوەو، بە دووری دەزانم کە تەنانەت یاساش بتوانێ ڕووبەڕووی ببێتەوە. پێویستە بەرەبەرەکانی لەگەڵ گەندەڵی سەرەتا لە "دەفتەر"ی ڕێبەری باڵای ڕێژیمەوە، دەسپێبکا. شیاوی باسە چەندین ساڵە هەواڵەکان باس لە هەبوونی گەندەڵیی ماڵی و سیاسیی بەرپرسانی ڕێژیم دەکەن و بەگوتەی هێندێک لە چالاکانی سیاسی، ڕیشە و ڕەتەوەی گەندەڵی لە ئێران بۆ دەزگای قەزایی و چوارچێوەی سیاسیی حکومەت دەگەڕێتەوە.