کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی سۆسیالیستی چەپی نۆڕوێژ بەیەکەوە کۆ بوونەوە

01:06 - 12 سەرماوەز 2718

لەسەر بانگهیشتنی حیزبی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ لە ناوچەی "ئۆس"ی گەورە پارێزگای "ئاکشهۆس"، بۆ ئاگاداربوونی لەسەر بارودۆخی کورد بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، هەر یەک لە بەڕێزان کەریم ئەڵڵاوەیسی بەرپرسی پەیوەندییە نۆڕوێژییەکانی حیزبی دێـموکراتی کوردستان و ئیدریس ئابدە هاوکاری چالاکی ئەو بەشە، رۆژی هەینی ٣٠ نوامبری ٢٠١٨، دەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو ناوچەیە کۆ بوونەوە. لەم کۆبوونەوەدا، هەیئەتی حدک چەند باس و روونکردنەوە و بەرچاوڕوونی گرینگیان لەسەر کورد و کومەڵکوژییەکانی کوردستان و تیرۆریزمی دەوڵەتیی کوماری ئیسلامیی ئێران و بارودۆخی زیندانیانی سیاسی و کوشتاری کۆڵبەرانی کورد و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و مەترسییەکانی دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوەکی و چەند بابەتێکی دیکە پێشکەش کرد. لەو کۆبوونەوەدا بەڕێز "هوڤارد ستینس هۆلت" پرۆفیسۆر و مامۆستا زانکۆی ئۆسڵۆ و بەرپرسی ناوچەی حیزبی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ و بەڕێز "کنووت مێرخۆس" ئەندامی ناوچە، بە هێنانەگۆڕی چەند باسێکی بەسوود لەو پەیوەندییەدا کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد. ئەوان پێیان وابوو پێویستە کۆمەڵگەی جیهانی بە جیددی ئاوڕ لە مەسەلەی کورد بداتەوە و کورد زۆر پوتانسێلی بەهێزی تێدایە کە جێگای دڵخۆشییە بۆ دواڕۆژی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئامادگی خۆیان دەڕبڕێ کە لەگەڵ "ئێس ڤێ" کۆمۆنی "سێشمۆ"، هەنگاوی بەکردەوە بۆ پشتگیری کورد و رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵێننەوە. پێویست بە ئاماژەکردنە دوو کورتە فیلم کە یەکیان تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوی دیکەیان لەسەر بارودۆخی کوردستان بە گشتی بوو، لەو کۆبوونەوەدا پێشان دران و هەردوو لا خۆشحاڵی خۆیان بەو کۆبوونەوەیە دەربڕی.