کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی ماوەی دەسبەسەرکران و لێکۆڵینەوەی چالاکانی کرێکاریی "هەفت تەپە"

21:33 - 12 سەرماوەز 2718

لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکارانی " هەفت تەپە" و بانگکردنی زیاتر لە ٢٠ کەس لە کرێکاران بۆ ئیدارەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم، هەتا ئێستاش " سپیدە قەلیان و ئیسماعیل بەخشی" دوو کەس لە چالاکانی کرێکاریی هەروا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا دا ڕاگیراون. بەپێی ڕاپۆرتی کەمپینی بەرگریی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، "سپیدە قەلیان" چالاکی مەدەنی، کە لە خۆپێشاندانەکانی هەفت تەپە لە ئەهواز دەسبەسەر کراوە، لە بەندی تاکە کەسی دا ڕاگیراوە و بە بەردەوامی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێ. ئەوە لەحاڵێکلدایە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان "ئیسماعیل بەخشی" چالاکی کرێکاریی و وتەبێژی کرێکارانی ناڕازی، لە گرتنگەدا کەوتۆتە بەر ئەشکەنجە و ئازاری کاربەدەستانی ڕێژیم. "سپیدە قلیان" ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی هەفت تەپە لە ئەهواز دەسبەسەر و وێڕای هەوڵی چالاکانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەکەی، هەروا لە زیندانی تاکە کەسی دا ڕاگیراوە و، هەقی گرتنی وەکیلی پێنەدراوە و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. شایانی باسە کە کرێکارانی کارخانەی نییشەکەری هەفت تەپە نزیک بە یەک مانگە بۆ وەدیهێنانی ویستەکانیان درێژە بە خۆپێساندان و ناڕەزایەتی خۆیان دەدەن و ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەزاران کرێکاری کارگەی پۆڵای ئەهواز زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە خۆپێشاندانیان وەڕێخستوە و ناڕەزایەتیەکانیان بەردەوامە و تا ئێستا کاربەدەستانی ڕێژیم ولامی داواکاریەکانیان نەداونەوە.