کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەسارەتی ١٠٠ میلیارد دۆلاریی ئەمریکا لە ئێران

21:36 - 12 سەرماوەز 2718

بڕیارە دادگایەک لە ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە دەستێوەردانەکانی ئێران بکا لە سەر ڕێکخستنی ئەو گرووپ و میلیشیا عیراقیانەی کە لە ساڵانی ٢٠٠٤ هەتا ٢٠١١ دژی هێزەکانی ئەمریکایی لە عێراق چالاکییان هەبووە. ئەو دادگایە بڕیارە لە سەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لێکۆلینەوە لە ڕۆڵ و کاریگەریی ئێران لە سەر ئەو گرووپە چەکدارانە بکا کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٤ هەتا ٢٠١١ زیاتر لە هەزار سەربازی ئەمریکاییان کوشتووە. هەر لەو پێوەندییەدا دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا بەڵگەنامەیەکی ١٠٠٠ ڵاپەڕەیی، دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە کردووە. لەو بەڵگەنامانەدا ئاماژە بە هەزاران بۆمبی دەسکردی ئێران کراوە کە دراونەتە گرووپە تووندڕوکانی عێراقی و هەروەها ئەو گرووپانەی کە لە خاکی ئێران ڕاهێنانیان پێکراوە و فێرکراون کە چۆن هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکایی لە نێو خاکی عێراقدا. شایانی باسە، ئەو لایەنانەی کە ئەو دۆسیەیان خستۆتە بەرباس لە سەر دەست هەبوونی ڕێژیمی ئێران لە کوشتنی زیاتر لە هەزار سەربازیی ئەمریکایی، دەیانهەوێ ١٠٠ میلیارد دۆلار خەسارەت لەو بانکانە وەربگرن کە لەگەڵ ئێران ئاڵووێر دەکەن و ئەو پارەیە بدەنە بنەماڵەی ئەو سەربازانەی کە لە عێراق بە دەست گرووپە توندڕۆکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. جێی ئاماژەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکە بە پووڵ و داهاتی خەڵکی ئێران بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، خەریکی ڕاهێنان و پەروەردەکردنی تاقم و گرووپی توندڕو و تێرۆریستییە لە وڵاتانی ناوچەکەدا و بە هەزاران میلیارد دۆلاری بۆ بەرنامە ئاژاوەگێڕییەکانی خۆی تەرخانکردووە. سیاسەتی ئاژاوەگێرانە و تێرۆریستی ئەو ڕێژیمە، وڵاتی ئێرانی تووشی قەیرانی جۆراوجۆر کردووە و تادێ زیاتر لە نێو کۆمەڵگەی جیهانییدا بێزراو تەریکتر دەبیتەوە و لەنێوخۆی وڵاتیشدا لە گەڵ ناڕەزایەتی بەربەرینی خەڵک بەرەوڕوو بۆتەوە.