کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان

20:49 - 14 سەرماوەز 2718

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز، کۆڵبەریکی کورد بە ناوی" جەعفەر منیر" ٢٨ ساڵە خەڵکی سەردەشت کەوتە بەردەسڕیژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بریندار بوو. هەر لە سنوورەکانی ناوچەی سەردەشت کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "عادل شافعی" بە هۆی دەسڕێژی چەکی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوو. ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەز کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی " جوبڕەئیل ئەحمەدی" خەڵکی ناوچەی "سۆما"، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوو. هەر لە پێوەندی لە گەڵ کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەد عەبباسی" خەڵکی گوندی " دایماو" ی نەغەدە لە سنووری دلاوەرانی پێرانشار گیانی لە دەست دا. دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سەرماوەز چەند کۆڵبەر لە سنووری " کانی خودا" ی پیرانشار کەوتنە بەردەسڕێژی هێزەکانی ڕێژیم و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی " فەرهاد بیانەک" خەڵکی گوندی "ماشکان" کوژرا و براکەشی بە ناوی " سەددیق بیانەک" بەتوندی بریندار بوو. هەر لە ناوچەی پیرانشار کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی " شەریف مەحبووب" تەمەن ٣٢ ساڵ، کەوتە بەردەسڕێژی هێزەکانی ڕێژیم و بریندار بوو. هەر لە هەمان ڕۆژدا لە ناوچەی "بانە" کۆڵبەرێک بە ناوی " هادی سەلیمی" تەمەن ٣٠ساڵ، بە هۆی تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیانی لە دەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "یادگار سەلیمی" بەتوندی بریندار بوو. ڕۆژی چوارشەممە ٧ی سەرماوەز بە هۆی کەوتنە خوارەوەی یەکێک لە کۆڵبەران لە سنوورەکانی ناوچەی بانە بە ناوی " سەعدووڵڵا شەریفزادە" خەڵکی گوندی "نەمەشیر"ی سەر بە ناوچەی بانە بریندار بوو. کۆڵبەرانی کورد ئەو کەسانەن کە بەهۆی بێکاری و نەداری، بۆ بژیویی خۆیان و خێزانەکەیان ڕوو لە کۆڵبەریی دەکەن و ڕێگایەکی سەخت و پڕمەترسی هەڵدەبژێرن. پێڕاگەیشتن بە ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان ئەرکی حکوومەتە و پێویستە ڕیگە چارەیەک بۆ دەربازبوونی ئەو خەڵکە هەژار و بێکارە بدۆزێتەوە، بەڵام بەداخەوە حکوومەت نەک هەر گوێ بە ژیانی و گوزەرانی سەختی ئەو خەڵکە نادا بەڵکوو لە ڕێگای پەیدا کردنی نانێک بۆ خێزانەکەیان، بە بێڕەحمانەترین شێوە، دوور لە هەموو یاساکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤەوە، فەرمانی بەهیزە چەکدارەکانی کردووە کە ئەو خەڵکە زەحمەتکێشە بدەنە بەردەسڕێژی چەکەکانیان و بیانکوژن. ساڵانە سەدان کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان دەکوژرێن یا بریندار و دەسبەسەر دەکرێن و هەموو ڕۆژی بنەمالەیەک بێ سەرپەرەست دەکەن. هێزە چەکدارەکان بێبەزەییانە فەرمانی کاربەدەستانی حکوومەت جێبەجێ دەکەن و کۆڵبەران دەدەنە بەردەسڕێژی چەکەکانیان و بە ناهەق گیانیان لێدەستێنن.