کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی تاران لەهەمبەر کۆبوونەوەی شوڕای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێران

20:52 - 14 سەرماوەز 2718

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران رۆژی سێ‌شەممە ١٣ی سەرماوەز لە پێوەندیی‌ لەگەڵ کۆبوونەوەی شوڕای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەر دوایین تاقیکردنەوەی مووشەکی، ڕایگەیاند؛ بەرنامەی مووشەکیی ئێران، هیچ دژایەتیی لەگەڵ بڕیارنامەی شوڕای ئەمنیەت نیە. بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەسەر درێژەدان بە بەرنامەی موشەکی، پێداگری کردەوە و بە مافی کۆماری ئیسلامی زانی. جێی‌ئاماژەیە دوای ئامریکا ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامی مووشەکی بالستیکی هەڵگری کڵاوی ناوکی، تاقیکردوتەوە، لە سەر داوای فڕانسەو بریتانیا ئەو پرسە لە کۆبوونەوەی شوڕای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان تاووتوێ کرا. ئامریکا داوای کردوە کە شوڕای ئەمنیەت بە توندی تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێران مەحکووم بکرێ. فەڕانسەو بریتانیا ڕایانگەیاندوە؛ کە تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەم دواییانەی ئێران، بە پێجەوانەی ناوەڕۆکی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شوڕای ئاسایشە، ئەو بڕیارنامە ساڵی ٩٤ی هەتاویی لە کاتی ڕێک‌کەوتنی "بەرجام" دەرکرا و داوای لە ئێرانی کردوە کە لە پەرەپێدان بە بەرنامەی مووشەکی باڵستیک کە هەڵگری کڵاوکی ناوکییە، خۆی ببوێرێ. شیاوی باسە هەر رۆژیك دوای ئەوەی قسەکانی مایک پۆمپیۆ لەسەر بەرنامەی مووشەکیی ئێران، ئەبوڵفەزڵ شکاری وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، ڕایگەیاند؛ بە دڵنیاییەوە ئێمە تاقیکردنی مووشەکی درێژە دەدەین و سەبارت بە بەرنامەی مووشەکی لەگەڵ هێچ وڵاتێک دانوستان ناکەین.