کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی: شاردنەوەی چارەنووسی قوربانییەکانی ١٣٦٧ی هەتاویی، درێژەپێدانی جینایەتی دژی مرۆڤایەتییە

21:01 - 14 سەرماوەز 2718

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند کە شاردنەوەی چارەنووسی هەزاران کەس لە دژبەرانی سیاسی لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویی لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون، درێژەی جینایەتی دژی مرۆڤایەتییە. لەسێدارەدانی بەندییە سیاسییەکان لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویی لە بەندیخانەکانی " ئەوین، گەوهەردەشت، مەشهەد، شیراز و ئەهواز" تا ئێستاش بەتەواویی ڕوون نەبۆتەوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکان ژمارەی قوربانیەکان لانیکەم خۆی لە سێ هەزار کەس دەدا و هێندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لە زیاتر لە پێنج هەزار کەس دەکەن. دوو ساڵ لەمەوبەر چەند چالاکێک ئاماژەیان بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی کردبوو کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەو ماوەیەدا ٤٤٨٢ کەس لە ژنان و پیاوان بێسەروشوێن کراون. ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی دوای ٣٠ ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی ئەو ئێعدامانە، لە ڕاپۆرتێکی ٢٠٠ لاپەڕەیی دا ئاماژەی بە بابەتی سەرپۆش دانان لە سەر لەسێدارەدان و ڕووداوەکانی ئەوکات کردووە. بە وتەی " فیلیپ لۆتر" سەرپەرەستی ئەو دامەزراوەیەی مافی مرۆڤ، ئەو ڕاپۆرتە ڕوونکردنەوەیەکە لە سەر حاشاکردن و بەلاڕێدابردنی ئەو بابەتە لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ماوەی ٣٠ ساڵە لە نیوخۆ و دەرەوەی ئێراندا ئەو حەقیقەتە لە دەزگا پێوەندیدارەکان دەشارنەوە و دەیانهەوێ بە شاراوەیی بمێنێتەوە. ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لەو ڕاپۆرتەدا دووبارە پێداگریی لەسەر هەنگاوێکی نێونەتەوەیی دەکاتەوە و دەنووسێ کە بێ هەڵوێستی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رادەست نەکردنی ئەو دۆسیە بە شوڕای ئەمنییەت، وایکردووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران حاشا لەو ڕاستیانە و ئازار و ئەشکەنجەی ئەو بنەماڵانە بکەن. لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویی، ماڵپەری " ئایەتوڵڵا مونتەزیری" قائم مقامی لەسەر کار لابراوی " ئایەتوڵڵا خومەینی"، لە فایلێکی دەنگیدا کە بڵاوکرایەوە و پێوەندی بە ٢٤ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییەوە هەیە، ناوبراو لە دیدار لە گەڵ چەند بەرپرسێکی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سێدارەدانەکانی ساڵی ١٣٦٧ بە گەورەترین جینایەتی ڕێژیمی ئێران ناو دەبا. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییە، بەشێک لە دامەزراوە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوبارەوە هەڵوێستیان گرت و کۆمەڵکوژی دەیەی ٦٠ی هەتاوییان بە کردەوەیەکی پێویست بۆ سەقامیگربوونی نیزام لە قەڵەم دا.