کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان: پێویستە شووڕای ئەمنییەت بەربەستی جیدی دابنێ بۆ تاقیکارییە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی

15:56 - 15 سەرماوەز 2718

کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ «کوردستان» پێی لەسەر ئەوە داگرت کە کۆمەڵگەی جیهانی و شووڕای ئەمنییەت دەبێ بەربەستی جیدی بۆ سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی دابنێن. بەڕێزیان هەروەها گوتی کە فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و سزا ئابوورییەکانی سەر ئەم ڕێژیمە بۆ خەڵکی ئێران دەتوانێ هەڕەشە و لە هەمان کاتیشدا دەرفەت بێ. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە ئاماژە بە خستنەبەرباسی تاقیکاریی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی شووڕای ئەمنییەتدا پێشوازیی لەو هەوڵەی ئەمریکا، فەرانسە و بریتانیا دەکا و دەڵێ مەسەلە هەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی 2231ی شوورای ئەمنییەت نییە لەلایەن ئێرانەوە، بەڵکوو مەسەلەی ئەمنییەت و سەقامگیرییە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت جیهانیش کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی لێدەکرێ و مەترسیی لەسەرە. کاک مستەفا مەلوودی هەر لەو پێوەندییەدا ئەمەی بیرهێناوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کەمتر لە سێ مانگ پێش ئێستا هێرشی مووشەکیی کردە سەر «قەڵای دێموکرات»، بنکەی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەو پەلامارەدا 16 کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون و پتر لە 40 کەسیش بریندار بوون. بۆیە بۆ بەرگرتن بە هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستێوەردانەکانی ئەم ڕێژیمە قەیرانخوڵقێنە، کۆمەڵگەی جیهانی و بەڕوونی شووڕای ئەمنیەت دەبێ سنوورێک بۆ سنووربەزاندن و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی دابنێن. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەڵێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی هیچ وڵاتێکی لەسەر نییە هەتا بیەوێ چەکی کۆمەڵکوژی لە چەشنی مووشەکی بالستیکی هەڵگری کڵاوەی ئەتومیی لەبەردەستدا بێ، بەڵکوو ئەوە خودی ڕێژیمە کە بە سیاسەت و ڕەفتارەکانی هەڕەشە و مەترسیی بۆ سەر زۆربەی وڵاتانی دراوسێی دوور و نیزیکی خۆی درووست کردووە. وە ئەگەر لە ئێستاشدا ئەمریکا فشار و سزای ئابووریی خستووەتە سەر ئێران، وەک بۆ خۆیان دەڵێن مەبەستیان گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم و هێنانەوەی بۆ سەر مێزی دانوستانە؛ هەر بۆیە بەرنامە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێ زیاتر لەوەندەی تا ئێستا کراوە گرینگیی پێبدرێ و بەربەستی جیددی لەبەردەم سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمدا دابندرێ. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ گەڕی نوێی سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕەفتاری ڕێژیم دەڵێ لەگەڵ ئەوەی هێشتا ماوەیەکی زۆر بەسەر سەپاندنەوەی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تێ نەپەڕیوە و چەند وڵاتێکیش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە سزادان مەعاف کراون _کە ئەوە دەتوانێ دەرەتانێک بۆ ڕێژیم دروست بکا_ بەڵام هەر لەو ماوە کەمەشدا کاریگەریی سزاکان لەسەر ئێران دەرکەوتووە. کاک مستەفا مەلوودی دەڵێ کاربەدەستانی ڕێژیمیش حاشا لەشوێنەواری بەرهەست و پڕدیاری گەمارۆکان ناکەن؛ بەجۆرێک کە نۆبەخت، جێگری سەرکۆمار و بەرپرسی ڕێکخراوی بودجە و پلاندانانی کۆماری ئیسلامی دەڵێ لەو کاتەوە کە سزاکان خراونەتەوە سەر ئێران یەک لە سێی داهاتی نەوتی ئەم وڵاتە کەمی کردووە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەدا گوتی: لەبەر ئەوەی ئابووریی ئێران بەستراوە بە داهاتی نەوتە، بۆیە شێلگێریی ئه‌مریکا له‌سه‌ر سزا ئابووری و بانکییه‌کانی ئێران کاریگەریی زۆری لە تێکتەپینی زیاتری ئابووریی ئەم وڵاتە دەبێ و بەم هۆیەوە بێگومان خەڵکیش دەکەونە تەنگانەوە، بەڵام تاوانباری ئەم بارودۆخە تەنیا نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە سۆنگەی سیاسەت و ڕەفتارە ئیدۆلۆژیک و پڕ زیانەکانی، ئەمنیەتی ناوچە و جیهانی خستووەتە مەترسییەوە. بەڕێزیان لە درێژەدا دەڵێ دۆخی ئابووریی خراپی ئێستا و بەردەوامیی ئەم ڕەوتە وا دەکا ناڕەزایەتییەکانی خەڵک پەرە بستێنن و فشارێکی زیاتر بەرەوڕووی ڕێژیم بکرێتەوە و ئەوەش دەتوانێ دەرفەت بۆ زۆر گۆڕانکاری بخوڵقێنێ.