کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی بانەیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا

16:01 - 15 سەرماوەز 2718

دوای کوژرانی یەکێک لە مەئموورانی سەرسنوور، کە رۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەز لە بڕوێشکانی بانە کوژرا، کۆڵبەرێکی خەڵکی ساوانی بانە دەسبەسەر کرا. بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، رۆژی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەز هێزەکانی ئیتلاعات لە ئاوایی ساوان کۆڵبەرێکیان بە ناوی مستەفا ئەحمەدپوور تەمەن ٣٨ ساڵ لە ماڵی خۆی دەسبەسەر کردوە. هەر بە پێی ئەو هەواڵە ناوبراو لەسەر کوشتنی یەکێک لە دەرەجەدارەکانی هەنگی سەرسنوور بەناو "عبدوالمکی " لە بڕوێشکانی گیراوە. دەگوترێ لەسەر کوژرانی ئەو مەئموورە تا ئێستا چەند کۆڵبەر دەسبەسەر کراون. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی سێشەممە، ٦ی سەرماوەز هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە پایگای بڕوێشکانی پۆلێک کۆڵبەریان دایە بەر دەستڕێژ و، لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی مێهدی ئەمینی بریندار بوو. لەو ڕووداوەدا چەکدارێکی هێزەکانی ڕێژیمیش بەناوی “مستەفا عەبدولمەلیکی” کوژرا. هۆکاری کوژرانی ئەو چەکدارەی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ڕانەگەیەندراوە.