کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەیەک بۆ ڕاپۆڕتنێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە بارەی کرێکارانی ‌حەفت تەپە

23:56 - 15 سەرماوەز 2718

شیرین عیبادی براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێڵ و سەرۆکی ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، لە نامەیەکدا بۆ جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتەری تایبەتی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، داوای لە ناوبراو کرد کە لە تواناکانی خۆی بۆ ئازاد کردنی کرێکارانی بەندکراوی حەفت تەپە کەلک وەرگرێ. لەو نامەیەدا کە کۆپیەکی بۆ ڕێپۆرتەری تایبەتی ئەشکەنجە، ڕێپۆرتەری تایبەتیی گردبوونەوەکان، گرووپی کاریی دەسبەسەرکراون و ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کار ڕەوانەکراوە، نووسراوە: بەپێی ڕاپۆرتەکانی پێشتر دەمهەوێ ئاگادارتان بکەمەوە کە ماوەی مانگێکە کرێکارانی کۆمەڵگەی نەیشەکەری حەفت تەپە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە پێوەندی لە گەڵ پێنەدانی مووچە، ناکارامەیی بەڕێوەبەریی، دەستیان داوەتە گردبوونەوەیەکی مەدەنی تا دەنگی خۆیان بە گوێی بەرپرسان بگەیەنن و لە زۆربەی کاتەکاندا ژن و مناڵەکانیشیان بەشداریی ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینەی کرێکارانن. بەداخەوە بەرپرسان تا ئێستا ئامادە نەبوون وەڵامی داوا ڕەواکانی کرێکاران بدەنەوە و کرێکاران وێڕای سەرکوت و ئازار لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانی ڕێژیم، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکەیان هەروا درێژەی هەیە. ناردنی ئەو نامە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە کەس و کاری ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قەلیان توانیویانە زیندانیەکان ببینن و لە بارودۆخی نالەبار و ئازار و ئەشکەنجەی ئەوانەوە لە لایەن کاربەدەستانی زیندانەوە هەواڵ و زانیاریی وەدەست بێنن. عەلی نەجاتی یەکیکیتر لە چالاکانی کرێکاریی لە دەسبەسەرکراوانی ناو زیندانە و ئەویش لە هەمان بارودۆخ دایە و بۆ وەرگرتنی زانیاریی لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە. شایانی باسە کە پێشتر سادقی لاریجانی سەرۆکی دەزگای دادوەریی، وێڕای هەڕەشە و هۆشدار بە کرێکارانی ناڕازیی، ئەشکەنجە و ئازاری چالاکانی کرێکاریی رەتکردەوە، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن کە ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قەلیان وێڕای ئەشکەنجە و ئازار، لە بەندی تاکەکەسی دا ڕاگیراون و لە دۆخێکی نالەباردا بەسەر دەبەن.