کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی کۆڵبەرکوژی لە دیمانە لەگەڵ پارێزەر "حوسێن ‌ئەحمەدی‌نیاز"دا

00:56 - 17 سەرماوەز 2718

حوسێن ئەحمەدینیاز: بێهەڵوێستیی پارێزەران و نوێنەرانی مەجلیس و نەبوونی یەکیەتی لە بەرگری لە کۆڵبەران هۆی سەرەکیی بەردەوامیی کۆڵبەرکوژییە. پێشێلکرانی مافی مرۆڤ و کارەساتی کۆڵبەرکوشتن چەندین ساڵە بووەتە یەکێک لەو دیاردانەی لە کوردستان خەریکن دەبنە شتێکی ئاسایی.  بەداخەوە ڕۆژ نییە هەواڵێک لە تەقەی کەوکوژیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاسبکارانی کورد بڵاو نەبێتەوە و برینیکی دی لە جەستە و هەناوی ئەم کۆمەڵگەیە نەخا. بۆ باسکردن لەسەر پرسی کۆڵبەرکوژی بە گشتی و لایەنی حقووقی و یاسایی ئەو پرسە، «کوردستان» وتوێژێکی لەگەڵ حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری چەندین کۆڵبەری قوربانیی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم  پێک هێناوە. بە لە بەرچاوگرتنی پرسی کۆڵبەری و کوشتنی کۆڵبەران، تەنانەت ئەگەر کۆڵبەری تاوان و یاساییشی هەبێت، ئایا ئەو شێوە هەڵسوکەت و سزادانە، واتە کوشتن و بریندارکردن و تاڵانکردنیان بە دەستی هێزە چەکدارەکان لە ڕادەی تاوانەکە زیاتر و له‌ هه‌مان کات نایاسایی نییە؟ ئەمن باسەکەم ئاوا دەست پێدەکەم کە کۆڵبەری لاپەڕەیەکی ڕەشە لە مێژووی هەژاری و داماوی و هەتیوی گەلی کورد لە ئێران. ئێمە گەلێکی هەژارین و حکوومەتێکی سەربەخۆمان نییە و بەهۆی نەبوونی دەسەڵات، هەرکەسە و بەجۆرێک دەمانکوژێ و ئەمەش واقعییەتێکی تاڵە لە ڕابردوو، لە ئێستا و‌ بگرە لە داهاتووش. ئەمن لە دیدار و چاوپێکه‌وتنەکانمدا لە دەرەوەی وڵات کە باس لە دیاردەی کۆڵبەری دەکەم بەڕاستی پێیان سەیرە کە چون نیزیک بە ٥٠٠ هەزار کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کۆڵبەری دەکەن. دەتوانین بڵێین کۆڵبەری ڕەشترین و نائینسانیترین کارێکە کە لە مێژوودا نموونەیمان بینیوە و بە داخەوە ئێستاش بەردەوامە و دەبینین کەسانێک هەن کە ناچارن بۆ پارووە نانێک خۆیان بکەنە سیبڵی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و بەکوشت بچن. قسەکە ئەمەیە کە لایەنی بەرامبەری ئێمەی کورد حکوومەتێکی دڕندەیە کە ڕشتنی خوێنی کورد بە حەڵاڵ دەزانێ! کوشتنی کۆڵبەرانیش سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیدئۆلۆژیی ئەوان کە وەکوو ئاوخواردنەوە کۆڵبەر دەکوژن و گیان لەو خەڵکە دەستێنن. ئێمە هەمیشە ئەو پرسیارەمان کردووە کە ئەرێ کۆڵبەر چ مەترسییەکی درووست کردووە بۆ ئەمنیەتی میللی؟ ئەرێ کۆڵبەر بۆ ترس دەبێ یان زۆر شتی دیکە کە لە کۆمەڵگەدا دەیبینین؟ داستانی کۆڵبەر لە هیچ کتێب و نامیلکەیه‌کی حقووقیدا نییە، کۆڵبەری هەژار تەنانەت کرێکاریش نییە، چون ناتوانێ سەندیکای هەبێ، چونکە کارفەرمای نییە، چونکە بیمەی "خدماتی"ی نییە، کۆڵبەری هەژار ئەگەر تەنانەت نەشیکوژن، ئەگەر نەشکه‌وێتە سەر مین و نەکەوێتە دا و بۆسەی پاسدارەکان، دوای ماوەیەک جەستەی لە نێودەچێ و، تووشی نەخۆشی و ئێشی جۆراوجۆر دەبێ و کەنفت دەبێ. ئەمن کە چاو لە ژیانی خەڵکانی دیکە دەکەم و ژیانی کۆڵبەری کوردیش دەبینم، ئینجا دەزانم چ کارەساتێکە ژیانی کۆڵبەری کورد.   کاک حوسێن کوردبوون ئەگەر لە سەردەمی ئێستا کارەسات بێ، دۆخی کۆڵبەری کورد کارەساتبارترە، مادام وایە و هەر به‌پێی فەرمایشەکانی خۆت و باس لە پێشێلکرانی مافەکانیان کە کردت، بەڕێزت وەکوو پارێزەری دادگا و مافناس چۆن دەڕوانیتە ئەو باسە؟ ئایا لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا ڕێگە و شوێنێک بەدی ناکرێ بۆ پێشگرتن لە کۆڵبەر کوشتن؟ دەیان یاسا و قانوون لە ئێراندا هەیە کە لە ڕواڵەتدا دژی ئەم دۆخەن. بۆنموونە بەپێی ئەسڵی سێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران، یەکێک لە ئامانجەکانی ئینقلابی ئیسلامی سڕینەوەی هەڵاواردن و دووچاوەکییە، ئەسڵی نۆزدە دەڵێن هەموو پێکهاتەکانی خەڵکی ئێران هەموویان یەکسان و بەرابەرن و نابێ هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا هەبێ. لە ئەسڵی ٢٤دا هەرچەشنە دەستدرێژییه‌ک بۆ سەر گیان و ماڵ و حاڵی هاونیشتمانیان قەدەغە کراوە. لە ئەسڵی ٣٤دا سکاڵا بەرزکردنەوە مافی هەموو تاکێکی ئێرانییە. ئەمانە نموونەگەل لە یاسای بنەڕەتیی ئێرانە و لە یاساکانی دیکەش بە هەمان شێوە. ئەمن وەکوو خۆم پارێزەری چەند کۆڵبەر بووم و دەبێ بڵێم لە پێوەندیی لەگەڵ داکۆکیکردن لە کۆڵبەر لە ئێران چەند بەربەست و کێشەی گەورە هەیە: یەکەم؛ لە یاسای بنەڕەتی و قەزایی ئێراندا هیچ  پێناسەیەک بۆ کۆڵبەری نەکراوە هەتا یاسای بۆ دانرابێ. دوویەم؛ ئەوە کە هەنگی مەرزی سەرەڕۆییانە تەقە لە کۆڵبەر دەکا لە هیچ کام لە سەرچاوە و کتێبەکانی یاسای ئێراندا ڕێگە بەو کارەی نەدراوە. سێیەم؛ بێخاوەنییەک بە ئێرانەوە دیارە لە دامودەزگا حکوومییەکان، وەک چۆن جارێک خودی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی گوتی کە کۆڵبەر قاچاخچیەتی نییە، بەڵام دەبینی کاربەدەستێکی دیکە واناڵێ. ساڵی ڕابردوو کە بەهۆی هەرەسهێنانی بەفر لە ناوچەی سەردەشت چەند کۆڵبەر گیانیان لە دەست ‌دا، دوای بەدواداچوونی پارێزەران و نوێنەرانی کورد لە مەجلیس هەیئەتێک لە تارانەوە سەردانی سنوورەکانی کوردستانیان کرد و بەڵێنیان دا کە " کۆڵبەران بیمە" بکەن و گەرنتیان پێ بدرێ کە تەقەیان لێ نەکرێ، بەڵام هەموو ئەو قسانە هەر لە ئاست وادە و بەڵێنیدا ماونەتەوە. بێسەروبەره‌ییەک بە ئێرانەوە دیارە و کەس ناتوانێ لێپرسینەوە لە هێزە ئینتیزامییەکان بکا، کە هیچ کات یاسای تەقەکردنیان (کە لەو بارەوە یاسا هەیە)، ڕەچاو نەکردووە. ئه‌من لە چەندین دادگای نیزامی شارەکانی کرماشان و سنە و سەقزدا بۆ بەرگریکردن لە کۆڵبەران ئامادە بووم و هەموویان تەنیا بەرژوەندیی هێزەکانی خۆیان و دەزگا ئەمنییەکانیان لەبەرچاو بوو. بڕوانن ماوەیەک لەمەوپێش حوسێن زوڵفەقاری، جێگری ئەمنیەتیی وەزیری نێوخۆ و فەرماندەیەکی سپای پاسداران ئاشکرا باسیان لەوە کرد کە کۆڵبەران دەبێ بکوژرێن، ئێمە (پارێزەران) نازانین قسەی ئەوان یاسایە، یان ئەسڵ و مادەکانی یاسای بنەرەتیی کۆماری ئیسلامی؟ ڕاستە لە یاسادا ناوێک لە کۆڵبەر نەهاتووە، بەڵام هەر بەپێی ئەو یاسایەش دەتوانین بەرگری لە مافی کۆڵبەران بکەین. بەپێی ئەسڵی ٣ی یاسای دادگاکانی کۆماری ئیسلامی، دادگاکان دەبێ سەربەخۆبن لە بڕیارداندا و ڕەچاوی مافەکانی تۆمەتبار بکەن، بەڵام لە پرسی کۆڵبەراندا هیچ کام لە یاساکان لەبەرچاو نەگیراون و لەبەرچاو ناگیرێن. دەردی ئێمە (پارێزەران) لە ئێران ئەوەیە نازانین ڕوو لە کام دادگا بکەین و بڵێین کوشتنی کۆڵبەران نایاساییە! بەپێی یاسا کوشتنی کۆڵبەران قەدەغەیە، بەڵام گەرنتی جێبەجێ کردنی یاسا لە ئێراندا نییە.   هه‌روه‌ک ئاگادارن سەرەڕای هەوڵ و چالاکییەکان بۆ ڕاگرتنی کۆڵبەر کوشتن، کۆمەڵێک کار کراوە، مانگرتنی خەڵکی شاری بانە و شارەکانی دیکە، ئیعتڕازی رۆژنامەنووسان و هەوڵی پارێزەرانێک وەکوو بەڕێزت بۆ بەرگریکردن و تەنانەت مەحکوومکردنی لەلایەن هێندێک لە بەرپرسانیشەوە، کەچی ئەم پرسە هەر لەجێی خۆیەتی. دەگوترێ کۆڵبەری بەشێک لە مافیای سپای پاسدارانە چەندە ئەوە ڕاستە؟ بڕاونن لەم ڕۆژانەدا خەڵکی فەڕانسە بۆ گرانبوونی چەند سێنت نرخی سووتەمەنی، وڵاتیان شڵەژاند. ڕاستە جیاوازی زۆرە لە نێوان وڵاتی ئێمە و فەڕانسەدا، بەڵام ئەگەر ئێمە یەکڕیزیمان هەبا زۆر کار دەکرا. بەڕاستی ئێمە شەرمەزارین کە نەمانتوانی کارێک بۆ کۆڵبەران بکەین. ئەگەر پارێزەرانی کورد بێدەنگی هەڵنەبژێرن، ئەگەر نوێنەرانی کورد لە مەجلیس ئازایه‌تیی به‌رگری له‌ مافی کۆڵبه‌رانیان هه‌بێ و، پێکەوە هەوڵ بدەن و ئیتعتڕاز بکەن؛ بەڕاستی دەتوانن زۆر شت بکەن. لە کوردستاندا زیاتر لە ١٠٠٠ پارێزەرمان هەیە، بەڵام بەداخەوە تەنیا چوار پێنج کەسیان ئامادەن کە داکۆکی لە مافی کۆڵبەران بکەن! یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیه‌ که‌ ئێمە خەمساردین بەنیسبەت کۆڵبەرکوژی و "قوبح"ی کوشتنی کۆڵبەر لە ئێران ئاسایی بووه‌تەوە، لە چەند مانگدا ٢٥ تا ٥٠ کۆڵبەر دەکوژرێ و دەیان کەس بریندار و سەدان بنەماڵە تووشی گرفتی جیدی دەبن. دەتوانم بڵێم پرسی کۆڵبەری لە ئێران جینایەت بەدژی مرۆڤایەتییە! پێویستە پارێزەرانی دیکە، ناوەند و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها خۆپێشاندانی خەڵک پێکەوە هەوڵ بدەن بۆ پێشگرتن و ڕاگرتنی کارەساتی کۆڵبەرکوژی. ئەگەر چوارمانگرتنی سەرانسەریی هاوشێوەی ٢١ی خەرمانان بەڕێوە بچێ، کۆماری ئیسلامی تەسلیمی ئیرادەی خەڵک دەبێ.   باشە مادام ئاگادار کردنەوەی ڕای گشتی، کاریگەریی هەیە لەسەر پرسەکانی مافی مرۆڤ، بۆ نموونە لە جەریانی خۆپێشاندانی کرێکارانی "هەفت تەپە" ٢٥ پارێزەری ئێرانی یەک لەوان بەڕێزت بەیاننامەی پاڵپشتیتان دەرکرد، ئایا هەوڵی هاوشێوە دراوە کە کۆڵبەری و کارەساتی کۆڵبەرکوژی، لە ئاستی ئێراندا ببێتە پرسێکی ڕۆژەڤ؟ بەڵێ ئەو بەیاننامەیە بەدەستپێشخەریی ئەمن بوو و چەندین پارێزەری دیکەش ئیمزایان کرد و نموونەی واش هەبووە پێشتر، به‌ڵام لە داهاتوودا بڕیارە دیسان بەیاننامەیەک دەربکرێ بۆ پشتیوانیکردن لە کۆڵبەران و لە دەرەوەی وڵاتیش لە شاری  ئامستێردامی هولەند، ڕۆژی ١٠ی دیسامبر بانگهێشت کراوم بۆ کانوونی پارێزەرانی هولەند و لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان قسە دەکەم و بێگومان تەوەرێک لە قسەکانم باس لە کۆڵبەری کوردە. هەروەها ئەو باسە قەرارە لە پاڕلمانی ئورووپاش بخرێتە بەرباس و دامانناوە لە شاری لاهەی هولەندیش یەکیەتییەک دابمەزرێنین بۆ پارێزه‌رانی کورد سەبارەت بە مافی مرۆڤ بۆ کوردستان و پرسی کۆڵبەری. بەو هیوایه‌ لە دەرەوە ئەو کارانە بکەین و لە نێوخۆی وڵاتیش بەرنامەمان هەیە بۆ گرینگیدانی زیاتر بە پرسی کۆڵبەران.   بە لەبەرچاو گرتنی ئەو چالاکییانە کە بڕیارە لە دەرەوە بکرێ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نێوخۆ، مادام کۆڵبەر کوشتن سەرەتا پرسێکی ئینسانییە، بەڕای بەڕێزت ئەو خەمساردیانە کە باست کرد چ لە نێو نوێنەران و چ ئەوەی کە گوتت نیزیک بە ١٠٠٠ پارێزەری کوردمان هەیە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا قه‌دەغەیەکی ئەمنیەتیی لەسەرە؟ یان هەر بۆ خۆیان کەمتەرخەمن؟ کێشەی ئێمە کەمتەرخەمییە، دەردی ئێمە نەبوونی یەکیەتییە، ئەگەر هەزار پارێزه‌ر داکۆکییان لە کۆڵبەران بکردایە و نوێنەرانی مەجلیسیش ئیعتڕازیان بکردبا، کەی کۆڵبەر کوشتن ئاوا ئاسان دەبوو؟! ئەگەر ئیعتڕاز هەبێ کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی ترسەنۆکە و کۆڵ ئەدا و تەسلیمی ویستەکانمان دەبێ، بەڕای من سەرەتا کەمتەرخەمیی خۆمان و دوویەم  جێبەجێنەکرانی یاسا لە ئێران هۆکاری سەرەکیی بەردەوامیی کوشتنی کۆڵبەرانە.