کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"یەکگرتوویی" لە هەموو بەستێنەکاندا

01:05 - 17 سەرماوەز 2718

وەگەڕخستنەوەی سەرلەنوێی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دۆخی ناسەقامگیری نێوخۆی ئێران کە پێدەچێ کۆمەڵێک ڕووداوی چاوەڕوانکراو و هێندێک جاریش چاوەڕواننەکراوی لێ بکەوێتەوە، خەڵکی ئەم وڵاتەی تووشی جۆرێک لە قەلەقی و دڵەڕاوکێ کردووە. هەڵبەت بەپێی ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەم چل ساڵەی نێوخۆی ئێران و ئەو سیاسەتانەی لەم چوار دەیەدا لە لایەن دەوڵەتان و کۆمەڵگه‌ی جیهانییەوە خراوەتە سەر ئێران کە زیاتر ئاکامەکەیان بۆتە خولانەوە لەنێو بازنەیەکی پڕ لە سات و سەودای بەرژەوەندییەکان و بێهیوایی خەڵک، ئەم قەلەق ‌بوونە پێدەچێ شتێکی سروشتی بێ، بەڵام ئەمەی ئێستایان لە جۆرێکی دیکەیە. ئێران لە ڕووی نێوخۆییەوە لە بارودۆخێکی تا ڕادەیەک جیاوازتر لە ڕابردوو دایە، بەتایبەت ئەوەندەی پێوەندیی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەبێ، فشارەکان لەچاو ڕابردوو قابیلی بەراوردکردن نین. ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەکرده‌وە چووەتە قۆنا‌غێکی دیکەوە و خەڵک کەمترین متمانەی بە نیزام و چاکبوونی دۆخەکە نەماوە و لە هەمووی گرینگتر لە نەبوونی ڕێبەر و ئاڵترناتیڤ و بێ ‌بەرنامەیی بۆ داهاتووی ئێران پڕنیگەرانن. کۆمەڵگه‌ی سیاسیی ئێران کە بریتی بێت لە تەیف و لایەن و گرووپە جۆراوجۆرەکانی دەرەوەی بازنەی بەیتی ڕێبەری و باڵی بناژۆخواز چیدیکە وەک جاران باوەڕیان بە  شانسی هەستانەوەی ڕەوتی ڕیفۆرمخواز نەماوە و وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن گەندەڵی سەرتاپای پەیکەرەی سیاسی و ئابووریی ئەم ڕێژیمەی تەنیوە. ئەوەیکە لە داهاتوودا چ دەکرێ و چ دەبێ بکرێ پێوەندی بە دوو ڕەهەندی نێوخۆیی و دەرەکییەوە هەیە. بە ڕواڵەت دیارە کە بە شێوەی ڕەسمی فشارە دەرەکییەکان بۆ سەر ڕێژیم، مانای تێکەوەپێچانی ئەم ڕێژیمەی لێ ‌ناکەوێتەوە. هەرچەند بەشێک لە کاربەدەستانی کۆشکی سپی لەم ماوەیەدا جارجار باسیان لەوە کردووە کە ئامانجی گەمارۆکان "سەقەتکردن"ی ڕێژیمە. بەڵام لانیکەم لە شێوەی بەرخوردی ژووری پێوەندییەکانی کۆشکی سپی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، ئەو بەرداشتە ناکرێ کە ئامانجەکە ڕووخانی ڕێژیم بێت. بۆیە لە سەر ئاستی نێوخۆییە کە زیاتر هیوا بە گۆڕانکاری قووڵ و بنەڕەتی لە ئێران‌ لە ئارا دایە و قسەی لە سەر دەکرێ. ئەگەر لەم پێوەندییەدا جارێ واز لە ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری ئێرانی بهێنین کە چ بەرنامەیەکی بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە هەیە و چۆن دەتوانێ ئیستعدادی بەئاڵترناتیڤ‌ بوونی هەبێ و متمانەی کۆمەڵگه‌ بۆ لای خۆی ڕاکێشێ، پێویستە بە کورتی قسەیەک لە سەر ئەرکی حیزبەکانی کوردستان بکەین. بارودۆخی کوردستان ئەم ڕۆژانە زۆر زیاتر لەوەی حیزبەکان بیری لێ دەکەنەوە ئاڵۆز و ناسەقامگیرە. ئەگەر لەسەر ئاستی ئێراندا تا ئێستا خەڵک بۆ گۆڕانکارییەکان و ڕێبەریکردنی ئەم گۆڕانکاریانە هیچ ئاڵترناتیڤێکی دیار و گشتگیر نابینێ و جارێ بۆی پەیدا نەبووە، دۆخەکە بە نیسبەت کوردستانەوە زۆر جیاوازە. حیزبەکانی کوردستان سەرەڕای هەموو کەموکووڕی و ڕەخنەیەک کە لە سەریانە، ئێستایش جێی هیوا و هومێدی خەڵکی کوردستانن. ئەمە تەنیا ئیدیعا نییە، هەڵوێستی گشتیی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵدا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە. ئەوەیکە لەم شەڕایەتەدا حیزبەکان دەبێ چ بکەن، باسێکی ئەساسی و بنەڕەتییە کە وەزیفەی حیزبەکانە دەروەستانە هەنگاوی بۆ بنێن. ئەوان پێویستە کارێک بکەن کە خەڵکی کوردستان لێیان چاوەڕوان دەکا. ڕۆژانە خەڵک کە قسە لە دۆخی ئێستا و داهاتووی ئێران و کوردستان دەکەن، پێش هەموو شتێک ڕووی دەمیان لە حیزبەکانە. خەڵک چاوەڕوانییەکی سەیروسەمەرەیان لە حیزبەکان نییە، تەنیا داوایان ئەوەیە کە پێکەوە بن و بە یەکگرتوویی بیر لە ئایەندەی خاک و خەڵکی خۆیان بکەنەوە. بۆیە لە دۆخی ئێستادا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکە لەسەر شانیان کە زیاتر لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و قسە لە چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشهاتەکان بکەن. بەداخەوە لەم ماوەیەدا کە خەڵک چاوەڕوانیی ئەوەی هەیە کە حیزبەکان زیاتر چاویان بە یەکتر بکەوێ و زیاتر لە سەر کارە هاوبەشەکانی داهاتوویان لەگەڵ یەکتری کۆ ببنەوە، جۆرێک لە کەمتەرخەمی و گوێنەدان باڵی بەسەر پێوەندییەکانیاندا کێشاوە. ئەم خەمساردییە ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر بیرکردنەوەی نوخبەی سیاسی لە نێوخۆی وڵات داناوە و تووشی دڵەڕاوکێی کردوون. بەشێک لەو قەلەقی و دڵەڕاوکێیەی کە لەم هەلومەرجەدا بە سەر بیرکردنەوەی خەڵکی خاوەن ڕا و تەنانەت خەڵکی کوردستان بەگشتی زاڵە، دەکرێ پێوەندیی ڕاستەوخۆی بەم کەمتەرخەمییەی حیزبەکان و بێ‌ بەرنامەییان بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەکان هەبێ کە ئەمەیان لەم هەلومەرجەدا قابیلی قبووڵ نییە. *** ئێمەی کورد لە هەموو ئاست و گۆڕەپان و دەرفەت و زەمەنێکدا پێش ئەوەی قسە لە هەر شتێک بکەین کە پێوەندی بە داهاتوو و، وەزن و قورسایی میللەتەکەمان لە پرسە چارەنووسسازەکاندا هەبێ، پێویستە لە سەر پڕە‌نسیپێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بەناوی "یەکگرتوویی" ساغ بینەوە. هەرچەند قسەکردن لە "یەکگرتوویی" یان "یەکڕیزی" و "پێکەوەبوون" لەنێو ئێمەی کورد و هێزە سیاسییەکانی ئەم میللەتەدا بە جۆرێک لەوس و ماندووکەرە، بەڵام دیسانیش تا ئێستا گەورەترین کەمایەسیمانه‌ و لەمەوبەولایش سەرەکیترین زەروورەتمان هەر پرسی "یەکگرتوویی" و یەکبوون و پێکەوەبوونە. ئەوەی لەم پێوەندییەدا دەبێ بکرێ و پێداگری لە سەری پێویستە ئەوەیە کە ئەم پرسە بۆ ئێمەی کورد بە گشتی و بەتایبەت بۆ ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە باسەکەمان زیاتر بۆ ئەوێیە، وەک "پڕەنسیپ"ێکی ئەخلاقی_نەتەوەیی سەیری بکرێ. بە واتایەکی دیکە هەر تاکێکی کورد لە هەر چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، مەدەنی و جەماوەریدا کە هەیە، هەوڵدان بۆ نەهادینەکردنی ئەم زەروورەتە لە خانەوادە و کۆمەڵگە و بەگشتی لە هەر چوارچێوەیەکی سازمانیدا بۆ خۆی بکاتە ئەرکێکی ئەخلاقی. بە جۆرێک کە تاکڕەوی، ناتەبایی و نەحەوانەوە وەک ئەمرێکی "بێ‌ئەرزش" و دوور لە بەها بۆ ئینسانی کورد، پێناسە بکرێ. بێگومان گەیشتن بەم قەناعەتە ئینسانی_جەماوەرییە کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە پرۆسەی نەتەوەسازییەوە هەیە هەروا بە ئاسانی درووست نابێ، هەر وەک چۆن بەداخەوە تا ئێستا سەرەڕای ئەو هەمووە شکست و لێکترازان و خولانەوە لە نێو بازنەدا، ئێمە هەروا نەتەوەیەکی ناتەبا و نایەکگرتوو و بێ‌ دەسکەوتین (کە وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت ماوینەتەوە). خۆ هەموویشمان دەزانین کە ئەم پرسە پێش ئەوەی بابەتێکی سیاسی بێت، بابەتێکی کۆمەڵایەتییە کە پێویستی بە سیستەمێکی تۆکمەی پەرەوەردەیی هەیە و، لەوەی ڕوونتر هەموومان دەزانین کە کورد بە هۆی نەبوونی دەوڵەت و سیستەمی دامەزراوەییەوە، خاوەنی پەروەردەیەکی ڕێکخراوی نەتەوەیی نییە! بۆیە لێرەوە بە ناچاری دیسان دەبێ ڕوو بکەینە حیزبەکان وەک قەوارەگەلێکی سیاسی کە نوێنەرایەتیی بزاڤی سیاسیی دەکەن و دەتوانن کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگه‌ هەبێ، دەبێ ڕوو بکەینە کۆمەڵگەی مەدەنی کە بەجۆرێک لەم ساڵانەی دواییدا توانیویەتی متمانەی کۆمەڵگه‌ی کوردستان بە دەست بهێنێ و، هەر دەبێ ڕوو بکرێتە ئیلیت و نوخبەکانی خۆمان لە هەموو بوارەکانی فەرهەنگی، ئەدەبی، پەروەردەیی، سیاسی، مەدەنی و... کە بۆ جێخستن و بەدامەزراوەیی‌کردنی ئەم زەروورەتە لە نێو میللەتەکەماندا خۆیان بە ئەرکدار بزانن. قسەکردن لە یەکگرتوویی و درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو، پێش هەموو شتێک پێویستی بە تێگەیشتن لە "بەرژەوەندیی گشتی"ی ئەم کۆمەڵگەیە هەیە، وەک میللەتێک. ئەگەر ئێمەی کورد لە هەموو ئاست و مەیدان و قەوارەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووریدا بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان بزانین و لە بەرژەوەندیی گشتیی خۆمان تێبگەین، گومانی تێدا نییە کە ناتوانین یەکگرتوو نەبین. تێگەیشتن لە بەرژەوەندیی گشتی و هەوڵدان بۆ وەدیهێنان و پاراستنیەتی، کە دەتوانێ بەرژەوەندییە تاکەکەسی و گرووهییەکانی کۆمەڵگه‌ گەرەنتی بکا. بە واتایەکی دیکە ئەوە وەزن و قورسایی کورد و کوردستانە کە لە داهاتوودا دیاری دەکا چ حیزبێک و چ کەسێک و چ ئیدەیەک دەتوانێ ئیدیعای باشترین و بەهێزبوونی خۆی بکا. کەوابوو سەرەتا دەبێ بە هەموومانەوە هەوڵی وەدستهێنانی ئەو جێگە و پێگە گشتییەی خاک و خەڵکی خۆمان وەک "نەتەوە" و "نیشتمان" بدەین جا ئەوسایە جێگەوپێگەی تایبەتی خۆمان چ بە تاک چ بە ڕێکخراو مانای ئەرزشیی خۆی پەیدا دەکا. *** زۆرجار بۆ تێگەیشتن لە گرینگیی چەمک و لە هەمان کاتدا پرسی "چارەنووسی هاوبەش" ئاماژە بەو گەشتییە دەکرێ کە کۆمەڵە خەڵکێکی تێدا جێی گرتووە و لە قووڵایی زەریایەکی پڕ لە شەپۆل و نائارامیدا ڕێ دەکا. لەوانەیە ئامانجی سەفەری هەرکام لەم کەشتی نشینانە جیاواز بێت و هەرکامە بەشێکیان بەم کەرەسەوە هەبێ کە خەریکە بە مەسیرێکی هاوبەشدا دەیانبا، بەڵام پرسە گرینگەکە لێرە دایە کە تا گەیشتن بە قەراغەکان، هەرکام لەم ڕێبوارانە لە بەرامبەر هەر ڕووداوێکدا هاوچارەنووسن. بۆیە بە تێگەیشتن لەم چارەنووسە هاوبەشە هەوڵ دەدەن بەرامبەر بە هەر دۆخێک "یەکگرتوو" و هاوکار بن. دیسان قسە لە یەکگرتوویی و پێکەوەبوونە، بەڵام ئەمجارەیان لە دەلاقەی تێڕوانین بۆ پرسێک بە ناوی "چارەنووسی هاوبەش". ئێمە نەتەوەی کورد وەک چۆن تا ئێستا هیچ هێڵێکی سووری نەتەوەییمان لە سۆنگەی تێڕوانینمان بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی و هاوبەشەوە نییە، بەداخەوە زۆر کەم سەرنجی ئەوەمان داوە کە لە هەر حاڵەتێکدا کە سەیری بکەین وەک ئەکتەرەکانی گۆڕەپانی چالاکیی نەتەوەیی و نیشتمانی چ وەک تاک و چ وەک حیزب و ڕێکخراوی سیاسی چارەنووسی هاوبەشمان هەیە. ئێستا کە ئەگەری گۆڕانکارییەکان لە دەلاقەی پرسی نەتەوەیی خۆمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەبەستی باسەکەمانە، پێویستە ئەو ڕوانگەیە بە ڕەسمی بناسین کە هەموومان لە حیزبەکانەوە بگرە تا یەک بە یەکی چالاکانی بوارە جیاجیاکانی نێوخۆی وڵات کە ئەم ڕۆژانە بە کۆمەڵگەی مەدەنی ناوی دەرکردووە، بەرامبەر بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان بەرپرسیارین. قبووڵکردنی ئەم ڕوانگەیە دەمانگەیەنێتە ئەو ڕێڕەوەی کە هەموو پێکەوە لە سەر ئەساسی یەکگرتووییەکی نیشتمانی لە مەسیرێک داین کە دەبێ قبووڵی ئەو حەقیقەتە بکەین کە چ تیایدا بە مەقسەد بگەین چ نەگەین، چارەنووسی هاوبەشمان هەیە. لێرەدایە کە بە قبووڵکردنی ئەم هاوچارەنووسییە ناچار بە دیتنەوەی خاڵە هاوبەشەکان دەبین و لە پرۆسەیەکی کاریی هاوبەشدا دەرک بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە بەرژەوەندییەکانمان دەکەین کە ڕاست بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگەن. کەوابوو ئەوە دەرککردن بە چارەنووسی هاوبەشمانە کە تەماحێکی تێکەڵ بە وشیاریی گشتیمان تێدا چێ دەکا کە بۆ گەیشتن بەو بەرژەوەندییە هاوبەشانەی کە دەتوانین هەموومان وەک نەتەوە هەست بە براوەیی و سەربەرزی بکەین کە ئەمەیان ڕاست ئەو "سەرەوەری"یە نەتەوەییەیە کە لە پەنا "سەربەستی"ی نیشمان و "بە دەوڵەتبوون"ی خاك و خەڵکەکەماندا پێناسەی تایبەت هەڵ دەگرێ. هەستکردن بە سەروەریی نیشتمانی بازنەی بیرکردنەوە و خۆتەرخانکردنمان بۆ گەیشتن بە "ڕزگاری" هێندە هەراو و بەرفراوان دەکاتەوە کە چیدیکە خۆمان بە بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ وردە تەماحەکان (بەرژەوەندیی تاکەکەسی، حیزبی و ڕێکخراوەیی) سەرقاڵ ناکەین. چونکی هەر وەک لە بەشی دووهەمی باسەکە‌دا ئاماژەمان پێدا؛ لە سایەی بەرژەوەندییە هاوبەشە گشتی و نەتەوەییەکانمان دەتوانین بێ ئەوەی هەڵپەهەڵپی زۆری بۆ بکەین بە ڕەواییەکی زیاترەوە وەک مافی هەموو کەسێکە، بیر لە وردە بەرژەوەندییە تاکەکەسی و حیزبی و گرووپییەکانیشمان بکەینەوە. *** پێوەندیی بزووتنەوەی کورد و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکانی زەوتکەری مافەکانی خەڵکی کوردستان، مێژووییەکی تایبەت بە خۆی هەیە. پێوەندییەک کە زۆر ئاسانتر و پڕ سەر ئێشەتر نەبووە لە پرسی هەوڵدانی بزووتنەوەی کورد لەگەڵ ڕێژیمەکان بەمەبەستی چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد. چونکە لەم مەیدانەشدا ڕاستە ڕوخسارەکان و شێوە دەربڕینەکان فەرقیان هەبووە، بەڵام ئەقڵییەتی زاڵ بەسەر بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی نیزامی حاکمدا هەر هەمان ئەقڵییەتی سیستەمی حاکم بووە لە تاران یان پایتەختی وڵاتانی دیکەی وەک تورکیە، عێڕاق و سووریە. ئێستا کە ئێمە باس لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین لانیکەم لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، ئەوەی حیزبەکانی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ وتووێژ و دانووستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری بە چەپ و ڕاست و میللیگەرا و مەزهەبییەوە کردوویانە و تا ئێستا بە ئاکامێکی دڵخواز نەگەیشتوون، هۆکارەکەی زۆر جیاواز نییە لەو سیاسەتەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران حاشای لە بوونی نەتەوەیەک بەناوی کورد و پرسێک بەناوی مافی نەتەوەکانەوە دەکات. واتە کێشەکە زۆر لەوە جەوهەریترە کە ئێمەی کورد پێمان وابێ ئەقڵییەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی فەرقی لەگەڵ نیزامی سیاسی لە تاراندا هەیە. لە ئەساسدا تێفکرینی تەواوییەتخوازی و لە سەرەوە چاولێکردن لە پرسی نەتەوەکان و یەک لەوان کورد، بەسەر ئەقڵییەتی سیاسیی هەردوو بەرەدا ڕاست وەک یەکە. ئێمەش وەک کورد و حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە درووستی ئەم واقعیەتە دەرک دەکەین و ئەم قەناعەتەش شتێکی تازە نییە. لانیکەم حیزبی دێموکرات چ لە ئەزموونی هاوپەیمانی لەگەڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران و چ لە دانیشتنە بەردەوامەکانمان لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە هەموو تەیفەکانییەوە کە لەم پێوەندییەشدا قوربانیی قورسمان داوە، چ لە قۆناغی ئێستادا کە بەخۆشییەوە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە لەم مەیدانەشدا لە کاری هاوبە‌شدا هەین، بە تەواوی دەرک بەوە دەکەین کە تێفکرینێکی مەزنیخوازی و بەکەم ‌دیتنی ئەویتر بەسەر تێفکرینی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا زاڵە. هەمووشمان ئەوە باش دەزانین کە لە ئێرانی داهاتوودا _ئەگەر فەڕزەکە لەسەر ئەوەبێت کە نیزامی کۆماری ئیسلامی نامێنی_ هەر ئەم ئۆپۆزیسیۆنەی ئێستایە کە لە درووستکردنەوەیدا ڕۆڵ دەگێڕێ و دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ! لە هەمووی گرینگتر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کە نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە کوردستاندا دەکەن، زۆربەیان و بەتایبەت لایەنە سەرەکییەکانیان تا ئێستاش قسە لە دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا دەکەن. پرسیارەکە ئەوەیە کە دەبێ چ بکرێ کە کورد لە ئێرانی داهاتوودا بتوانێ بە مافەکانی بگا و دیسان سەری بێ‌کڵاو نەمێنێتەوە؟! حیزبە سیاسییەکانی کوردستان کە ئێستا بۆ نوێنەرایەتیی پرسی کورد و کارکردن بۆ پرسی دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات ئەرکی سەرەکییان لەسەر شانە، پێش لە هەموو شتێک دەبێ و پێویستە بە یەکگرتوویی و پێکەوە، بە ساغبوونەوە لەسەر پلاتفۆڕمێکی هاوبەش کە بریتی بێت لە ڕوانینی  کورد بۆ ئێرانی داهاتوو و هەروەها چۆنییەتی ئیدارەی ئەم وڵاتە و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەم ئەرکە هەنگاو هەڵێننەوە. بە واتایەکی دیکە نەک بە تاک و تەرا، بەڵکوو بە یەکگرتوویی و بە هەیئەتی هاوبەش نوێنەرایەتیی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و لەسەر ئەساسی بەڕەسمی ناسینی نەتەوەی کورد و بەرحەقبوونی داخوازییە نەتەوایەتییەکانی ئەم میللەتە لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان بکەونە وتووێژەوە. لەم پێوەندییەدا حیزبەکان بۆ ئەوەی پشتیان بە خەڵکی کوردستان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە قاییم بێت و بە پشتیوانەیەکی قورسەوە لە دانیشتنەکانیاندا لەگەڵ لایەنی بەرامبەر داکۆکی لە کورد و کوردستان بکەن، پێویستە لەسەر هەر شتێک کە ساغ دەبنەوە و دەیکەنە پلاتفۆڕم، لەگەڵ خەڵکی کوردستان ڕاشکاو بن و خۆیان لە بۆچوون و تێبینی و ڕەخنەی خەڵکی خاوەن نەزەر، بێ‌ نیاز نەزانن. کەوابوو لە پێوەندی لەگەڵ ئێرانی داهاتوو و چۆنیەتی دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و هەروەها ناچارکردنی ئەوانەی خۆیان بە دەسەڵاتدار و بنیاتنەرەوەی ئەم وڵاتە دەزانن بۆ بەڕەسمی ناسینی میللەتی کورد و داخوازییەکانی، ئەوەی دەتوانێ ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت دیسان هەر یەکگرتوویی و پێکەوە بوونی خەڵکی کوردستان و حیزبەکانە. *** ڕۆڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە پشتیوانیکردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی خۆیان کە حیزب و لایەنە سیاسییەکان ڕێبەرایەتیی دەکەن، هێندە بەرز و بەرچاوە کە شەهید دوکتور قاسملووی ڕێبەر وەک یەکێک لە سێ هۆکاری سەرکەوتنی دواڕۆژ باسی لێوە دەکا. دوکتور قاسملوو کە باس لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئایەندەی بزووتنەوەی نەتەوایەتی دەکات، هاوکات لە گەڵ ئاماژەدان بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خوێندنەوە و هەڵوێستی درووست، پێی وایە "مادام ئەم بزووتنەوە پشتیوانیی هەراوی خەڵکی کوردستانی لەگەڵە، سەرکەوتنی مسۆگەرە". بۆیە لە ئێستای دۆخی خەباتی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ڕۆڵی خەڵک لە ڕەفتاری ڕۆژانەیان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر کوردستانەوە بگرە تا پشتیوانییان لە هێزە سیاسییەکان، جێی بایەخ و هەڵوێستە لەسەر کردنە. ئەگەر ٢٠ ساڵ پێش ئێستا خەڵک لە سۆنگەی داکۆکیکردن لە مافەکانیان زیاتر چاویان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان بوو، ئێستا و لە ماوەی ئەم دە بۆ پازدە ساڵەی ڕابردوودا بە تەواوەتی دۆخەکە گۆڕانێکی جەوهەری بەخۆوە بینیوە. خەڵک ئێستا ڕاستەوخۆ مەیدانداری دەکا و ڕۆژانە داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی خۆی دەکا و لە ڕێکخستنێ جەماوەریی بەربەریندا دژ بە کردەوە و سیاسەت و پیلانەکانی دوژمن، ڕەفتار دەکا. لەم پێوەندییەدا کۆمەڵگەی مەدەنی و گوتار و ڕوانینی ئەمڕۆژیانەی بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی کورستان، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە و هەیە. بەرزبوونەوەی ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتری ئاستی وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندی سیاسی_نەتەوەیی وەک کۆماری کوردستان، سیمبولسازیی نەتەوەیی وەک ئاڵای کوردستان خەباتی پێشمەرگانەی پڕ لە سەرورەییە، توانیویەتی جۆرێک لە هەمگەرایی کۆمەڵایەتی چێ بکا کە پێویستە لە ڕوانگەی نەتەوەسازییەوە هەوڵی تەقوییەتکردنی بدرێ. پشتیوانیکردن لە کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێزگرتن لە چالاکانی نێوخۆی وڵات و پشت ‌بەستن بە هێزی کۆمەڵانی خەڵک و هەروەها ڕەنگدانەوەیان لە ڕوانین و سیاسەتی حیزبە سیاسییەکاندا دەتوانێ ڕێگایەک بێ بۆ ئەم بەهێزکردنە. بەڵام دیسانیش ئەوەی دەتوانێ مانا بە هێزی جەماوەر ببەخشێ و خەڵک بتوانێ ڕۆڵی خۆی لە بازنەی پرسە گەورەکەدا بگێڕێ، هەمدیسان یەکڕیزی و پێکەوەبوونە. بە سەرنجدان بەو جووڵە جەماوەرییانەی کە لە ماوەی لانیکەم دە ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەوەی جۆراوجۆرەوە ڕوویانداوە، لە گەڵ ئەوەیکە گۆڕانێکی هەستپێکراوی دیار لە ڕەفتاری خەڵک‌ بە نیبسەت مەیل بە یەکگرتوویی و پێکەوەبوون خۆی نیشان داوە، بەڵام دیسانیش کۆمەڵێک کەمایەسی دەبیندرێ کە پێت وایە ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزییە وەک ئەمرێکی پێویست و ژیاری بۆ خەڵک نەبۆتە باوەڕ. بۆیە لەم پێوەندییەدا کۆمەڵگەی مەدەنی ئەرکدارە بەوەیکە زیاتر لە هەمیشە خۆی بە ڕۆچوونە نێو تۆییەکانی کۆمەڵگەوە خەریک بکا و کار لە سەر ئەم زەروورەتە بکا. بۆ بەرجەستەکردنەوەی ئەم زەروورەتە، تێکۆشەران و چالاکانی نێوخۆی وڵات لە هەموو بوار و بەستێنەکاندا بێ ئەوەی بتوانن لە نێوان خۆیاندا واز لە هێندێک وردە ناکۆکی و دڕدۆنگی بهێنن، ناتوانن ببنە ئولگوویەکی گونجاو کە سەرنجی کۆمەڵگە بۆ ڕەعایەتکردنی زەروورەتی یەکگرتوویی و، لە قۆناغی دواتردا باوەڕمەندبوون بەم زەروورەتە ڕابکێشن.   قسەی کۆتایی: "یەکگرتوویی"، پێش ئەوەی کردەیەکی سیاسی بێ، بابەتێکی کۆمەڵایەتییە کە ڕیشەی لە ڕەفتار، باوەڕ و بەها کلتوورییەکانی میللەتێکدا هەیە. ئێمەی کورد کە زیاتر لە هەموو کەس خۆمان هەست بە دەردی نالێکبوون و نایەکگرتوویی و نەحەوانەوە لەگەڵ یەکتر دەکەین، هەر ئەوەیکە ناتوانین ئەم کەمایه‌سییە بەم زووانە چارەسەر بکەین، نیشانەی ئەوەیە کە کارێکی ئاسان نییە. گۆڕینی بەها کۆمەڵایەتییەکان و کارکردن لە سەر بۆڵدکردنەوەی بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمان کە ئەرکی هەموو لایەکمانە، دەتوانێ لە گەیشتن بەم زەروورەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە نیزیکمان بکاتەوە. ئەوەی لەم پێوەندییەدا گرینگە ئەوەیە کە وەک ئەرزشێکی ئەمڕۆیی ژیانی هەموو تاکێکمان سەیری ئەم زەروورەتە بکەین و لە هەموو بەستێنێکدا؛ بنەماڵە، قوتابخانە، ناوەند و ئەنجوومەن، ڕێکخراو و حیزب و بەگشتی کۆمەڵگە‌، کاری بۆ بکەین.