کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەندەڵیی ڕێکخراو

01:10 - 17 سەرماوەز 2718

گەندەڵی (فساد) بە لادانی مەعنەوی یا ئەخلاقی لە پڕەنسیپە باوەکانی کۆمەڵگه‌ دەگوترێ. گەندەڵی بە کرداری جۆراوجۆری وەک بەرتیلدان و بەرتیلوەرگرتن، دەستبردن بۆ ئەمواڵ و سامانی دەوڵەتی و گشتی بە قازانجی تاکەکەسی، دەگوترێ بە واتایەکی دیکە گەندەڵی جۆرێک لە سەرپێچی و تاوانکارییە، کە بە هۆی کەسێک کە به‌رپرسایه‌تی و هێزی هەیە بۆ وەدەستهێنانی قازانجی تاکەکەسیی خۆی لە ئەمواڵی گشتی، دەیکا؛ بەو مانایە کەلکوەرگرتنی ئیزن پێنەدراو لە وزە و سامانی گشتیی کۆمەڵگه‌ بۆ قازانجی تایبەت و تاکەکەسی. کاتێک گەندەڵی لە وڵاتێکدا دەبێتە فەرهەنگ و دەسوێ، ئیدی هیچ کەس وا بیر ناکاتەوە کە کارەکەی هەڵەیە و تەنانەت گەلێک جاران تاوانە، چونکە لە لایەک دەبینێ کە هەموو کەس بەو شێوەیە ڕەفتار دەکا و لە لایەکی دیکەوە ئەگەر ئەویش وا ڕەفتار نەکا کاری بۆ ناچێتە پێش و لە کاروان بەجێ دەمێنێ و، ئەو فەرهەنگە ساختار و بنچینەی کۆمەڵگه‌ی تێک دەڕووخێنێ. کاتێک دیاردەی گەندەڵی لە وڵاتێکدا بوو بە فەرهەنگ و تان و پۆی خۆی لە تەواوی لایەنەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بڵاو کردەوە ئەو وڵاتە هەرچەند لە بواری سامانی مادییەوە دەوڵەمەند بێ، خەڵکەکەی هەر هەژار و بێدەرەتانە. ئێرانی ژێر دەستی کۆماری ئیسلامی بەپێی هەموو پێوانەکانی جیهانی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە گەندەڵی تێیدا بووەتە فەرهەنگ. لە ڕوانگەی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێونەتەوەییه‌وه‌، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕادەی گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دایە. ئەو ڕێکخراوەیە هەموو ساڵێ دوای لێکۆڵینەوە بە شێوەی خۆی لە بەڕێوەچوونی گەندەڵی لە نێو وڵاتەکاندا ڕاپۆرتێک دەداتە دەرێ و زۆربەی کات لەو ڕاپۆرتانەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران پله‌ی نیزیک بە کۆتایی جەدوه‌لەکەی لە نێو وڵاتاندا پێ دەبڕێ، بەو مانایە هەروەکی گوترا ئێران لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی گەندەڵکارە لە جیهاندا. لەنێوان ساڵەکانی 1356 و ١٣٥٧ی هەتاوی خەڵکی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی ڕژانە سەر شەقام و بەپێی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی نووسەران و توێژەران یەکێک لە هۆکارە هەرە گرینگەکان کە خەڵکی هێنابووه‌ سەر شەقام، دەربڕینی ناڕەزایەتی لە گەندەڵی بوو کە لە دامودەزگای سیستمی پاشایەتیدا ڕەگی داکوتابوو و خەڵکی ئێران بە هومێدی ژیانێکی باشتر و بنه‌بڕکردنی گەندەڵی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبەری وڵاتدا بە کردەوە هاتنە مەیدان. خەڵک دوای ڕووخاندنی سیستمی پاشایەتی چاویان بڕیبووه‌ سیستمی نوێی دەسەڵاتداری کە خۆی بە ناوی کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکرد و، شوعارەکانی لە بازنەی دادپەروەریی ئیسلامیدا دەخولانەوە. بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی خەڵک لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا، نەک گەندەڵی بنه‌بڕ نەکرا، بەڵکوو نیزامی ئیداری گەندەڵتر بوو و، ئەخلاق و بایەخەکانی کۆمەڵگه‌ بە پانەوە زیانی پێ گەیشت و بوو بە هۆکاری سەرەکی کە هەژاری و نادادپەروەری لە کۆمەڵگه‌دا پەرە بستێنێ. لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ئەو گەندەڵییە سیستماتیکە؛ درۆ و بوختان و ملهوڕیی ئیداریی کردۆتە فەرهەنگ و، زیانی قەرەبوو ەکراوی بە بەرژەوەندیی گشتی گەیاندووە. بە واتایەکی دیکە لە سیستمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیدا بەرژەوەندی خەڵک بەپێی چوونەسەرێی تەمەنی ئەو ڕێژیمە زیاتر و زیاتر بۆتە قوربانیی چاوچنۆکی تاقمی دەسەڵاتدار. گەندەڵیی هەزار میلیاردی لە ڕێکخراوی خانەنشینکراوان، ڕانتخۆریی 650 میلیۆن یۆرۆیی کۆمپانیای «سپید استوار» لە بانکی ناوەندی، وەرگرتنی بەرتیلی 30 تا 90 میلیۆن تمەنیی 170 نوێنەری خولی هەشتەمی مەجلیس لە محەممەدڕەزا ڕەحیمی، جێگری مەحموود ئەحمەدینژاد؛ گەندەڵیی 8 هەزار میلیارد تمەنی لە سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان، گەندەڵیی 94 هەزار میلیارد تمەنیی «پدیدە شاندیز»، گەندەڵیی 3 هەزار میلیارد تمەنیی بانکی سادرات و ونبوونی 17 پەروەندەی پێوەندیدار بە گەندەڵی و لادان لە دەوڵەتی ئەحمەدینژاد تەنیا دڵۆپێکن لە دەریای گەندەڵییە سیستماتیکەکان لە کۆماری ئیسلامیدا. خۆش ئەوەیە دەزگای قەزاییش کە دەبێ لە گەندەڵییەکان بپرسێتەوە خۆی چ وەک دەزگایەکی سەرەکیی بەڕیوەبەری وڵات و چ وەک بەرپرسانی سەرووی، بەشێکی لێکدانەبڕاو لە گەندەڵیی سیستماتیکی نێو نیزامن. یان بۆ نموونە ھیچ ناوەندێکی دەسەڵاتدار ئیزنی ئەوەی نییە کە لەسەر داھات و سامانی رێبەری حکوومەت و کەسانی سەر بە بەیتی جەنابیان بپرسێتەوە و بزانێ چەندە سروەت و سامانیان ھەیە و لە کوێ ھاتووە؟ زۆرینەی بیرمەندانی ئەو بوارە لە سەر ئەو باوەڕەن کە گەندەڵی، کردارێکی سیاسییە و بۆ بنه‌بڕکردنی، پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە. هەربۆیە لە ئێراندا گەندەڵی بەو شێوە بەربەرینە پەرەی ئەستاندووە چونکە ئیرادەی سیاسی نییە و دەسەڵات خۆی لە پەرەپێدانی گەندەڵی لەنێو دامودەزگای ئیداریدا، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و هەیە. لە سەردەمی ئێستادا گەندەڵیی ئیداری تەنیا لە (ژێرمێزی و سه‌رمێزی)دا کورت نابێتەوە بەڵکوو گەندەڵی وا لە تان و پۆی هێندێک لە دامودەزگای ئیداری کۆماری ئیسلامی هاڵاوە کە بۆتە بەشێک لە شوناس و پێناسەی ئەو ئیدارەیە. بۆ سەلماندنی ئەو قسەیە هیچ پێویست ناکا بە دوای ئامار و داتادا بگەڕێین، بەڵکوو بە چاو لێکردنێک و یا بە گوێگرتنێک لە لێدوانەکان و نووسینەکانی بەرپرسانی پلە باڵای ئەو سیستمە، بەئاسانی ڕاستی و درووستی ئەو بابەته‌مان بۆ دەردەکەوێ. بۆ نموونە «ئەحمەد ته‌وه‌کولی»، نوێنەری پێشووی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و یەک لە کاندیداکانی ڕکەبەری ئەحمەدینژاد و ڕووحانی بۆ سەرۆککۆماری، لە لێداونێکدا دەڵێ: «حکوومەتی کۆماری ئیسلامی گەیشتۆتە قۆناغی گەندەڵیی سیستماتیک». هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ساڵی ١٣٩٦ هەر چوار بەربژێره‌کە، که‌وا سەڵاحییەتیان لە لایەن شووڕای نیگەهبانەوە پەسند کرابوو (حەسەن ڕوحانی، ئیسحاق جەهانگیری، محەممەد قالیباف و ئیبراهیم رەئیسی)، بەڕوونی یەکتریان بە گەندەڵکاری تاوانبار دەکرد و، ئەو ڕەوتە هەر درێژەی هەبووە چونکە لە پێشووشدا دوای هەڵبژاردنی هەر دەورەیەکی سەرکۆماری نەك گەندەڵی کەم نەبۆتەوە، بەڵکوو ڕێژەکەی چۆتە سەرێ و دوای تەواوبوونی هەر دەورەیەکی سەرکۆماری کۆمەڵێک لە کەسە نیزیکەکانی سەرکۆمار بە تاوانی گەندەڵکاری خراونەتە زیندان، کە دیارە ئەمە بەمانای هەوڵ و خەباتی سیستم بەدژی گەندڵی نییە و زیاتر لە پاکانە حسێبی جیناحیدا ئەو کەسانە وەک مۆرەی سووتاو دەکرێنە قوربانی. کە ئەحمەد تەوەکولی دەڵێ گەندەڵی لە ئێران سیستماتیکە، ئەوە بەم مانایەیە کە لە دوای هاتنە سەر کاری سیستمی کۆماری ئیسلامی گەندەڵی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، لە نێو دامودەزگای حکوومەتداریدا بەڕێکخراو کراوە و بە هیچ جۆر ناتوانرێ گەندەڵی لە نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامی جیا بکرێتەوە، چونکە بە ڕۆژانە لە ڕاییکردنی کارەکاندا دەبیندرێ کە بۆ ڕاپەڕاندنی کارێک، کەسی بەرپرس یا بە تەماحی ماڵی دنیا و یا بە تەماحی چوونە سەری پلەوپایە ڕێگه‌ی گەندەڵکاری دەگرێتە پێش و لەو نێوەدا کەم وا هەیە حەق بە حەقدار بگا و، زیاتر مەیدان بۆ کەسانی هەلپەرست و قازانج ویست دەڕه‌خسێ. لەم نێوەدا خەڵکی کەم داهات و بێدەسەڵات هەم لە بواری مەعنەوی و هەم لە بواری مادییەوە تێکشکاوتر و هەژارتر دەبن و یا ناچار دەبن؛ بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان مل ڕاکێشن بۆ زۆر کار کە لە ئاستی کەسایەتیی مرۆڤەکاندا نەبێ کە ئەوەش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی گەندەڵی زیاتر و تەسلیم بوونی کۆمەڵگه‌ لە بەرامبەر ویست و داواکانی دەسەڵاتداران. هەروەکی گوترا لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا گەندەڵی بە چەشنێک بۆتە فەرهەنگ کە لە هەموو بوارەکانی وەک: گەندەڵیی سیاسی، گەندەڵی لە ساختاری دینی، گەندەڵی و قەیرانی جینسی، گەنده‌ڵی لە ساختاری پیشەسازیی نەوت، گەندەڵی لە شووڕای شار و گوندەکان، گەندەڵی لە شارەوانییەکان و... هتد دەبیندرێ، کە هەموو ئەو بابەتانە و دەیانی دیکەی لەو چەشنە وەک ئاڵقەی زنجیر پێکەوە به‌ستراوەن و، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان گەیاندۆتە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی گەندەڵکار لە دنیادا. بڵاوبوونەوە و پەرەئەستاندنی گەندەڵی ڕێکخراوه‌یی لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا وای کردووە کە سیاسەتەکانی دەوڵەت لە دژایەتی دابن لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی ئێران، بە جۆرێک کە زۆر جاران دەوڵەت عاجزە لە بەرەو پێشبردنی گەڵاڵەیەک ئەگەر بەڕواڵەتیش بووبێ کارێک بێ بۆ کەم کردنەوەی گەندەڵی لە دامودەزگای ئیداریی دەوڵەتدا. بۆیە لە ئاکامدا دەبینین کە خەڵک باوەڕی بە دامودەزگای دەوڵەتی لە دەست داوە و، دڵسۆزی و سووربوون لە سەر بەڕێوەبردنی ئەرک و فەرمان جێگه‌ی خۆی داوە بە بێتەفاوه‌تی و تەمبەڵی و گەندەڵکاری، چونکە لە کۆماری ئیسلامیدا شتێک بە ناوی قانوون و قانوون پارێزی بۆ دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی نیزامدا مانای نییە. یەكێک لە لایەنەکانی حاکمییەتی قانوون ئەوەیە کە تاک و دامودەزگای دەسەڵاتدار لە بەرامبەر قانووندا یەکسان و وڵامدەر بن. لە وڵاتانی دێموکراتیکدا دوو ناوەندی ئەسڵی لە وڵاتدا حاکمییەتی قانوون دەستەبەر دەکەن و دەتوانن دامودەزگای دیکەی دەوڵەت بکێشنە نێو بازنه‌ی لێپرسینەوە. یەکیان دەزگای قانووندانانی ئەو وڵاتە واتا پارلمانە و ئەوی دیکەیان دەزگای دادوەریی ئەم وڵاتەیە. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، هه‌ر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنییه‌وه‌ هەتا ئێستا، ئەگەر چاو لە پێرستی گەندەڵکاران بکەین دەبینین زیاتر لە پەنجا لە سەدی گەندەڵکاران یا ئەندامی مەجلیس بوون و یان کاربەدەست بوون و سەریان بە دامودەزگای دادوەرییەوە بەند بووە. هەر بۆیە ڕێکخراوی گەڵاڵەی جیهانی بۆ دادپەروەری لە ڕاپۆرتی خۆیدا ئێرانی لە نێوان ١١٨ وڵاتی جیهان لە پله‌ی ٨٠دا داناوە. بۆیە باسی گەندەڵی ئیداری_ئابووری لە کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ پرۆپاگەندەی لایەنەکانی بەشداری دەسەڵاتە قەت خەڵکی ئێران لەو باوەرەدا نین و نابن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بتوانێ و بیەوێ ئەو دیاردەیە چارەسەر بکا بە تایبەت ئەوەیکە مافیایەکی گەورەی ئابووری و رانت خۆری لە ناو دەسەڵات پێک ھاتووە کە مانەوەی خۆی گرێ داوە بە دیاردەی گەندەڵی کە ھەڵبەت لە سەرووی ھەموویانەوە بەیتی رێبەری و خودی خامنەیی رێبەرایەتی ئەو مافیایە دەکا. لە کۆتاییدا  وڵاتێک کە هێز و دەسەڵات لە تاکە کەسێکدا خولاسە ببێتەوە و ئەو کەسە لە سەرەوەی قانوون بێ، زۆر سروشتییە ئەو وڵاتە بە جێگه‌ی سەروەری قانوون، گەندەڵی تێیدا دەبێتە فەرهەنگ و دەسەڵاتداران دەوڵەمەندتر دەبن و بێده‌سه‌ڵاتان و بێده‌ره‌تانه‌کانیش هەژارتر.