کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویستی ژنان و هێز و توانایان لە مافخوازیدا

01:28 - 17 سەرماوەز 2718

25ی نۆڤامبر، 8ی مارس و چەند بۆنەیەکی دیکە هەموو بیانوو و دەرفەتێکی باشن بۆ تاوتوێی پرسی ژنان و هەڵسەنگاندنی خەباتی یەکسانیخوازیی ئەوان. "کوردستان"یش ئەم بۆنەیەی بە هەل زانیوە هەتا بە هێنانەبەر باسی، پرسی مافەکانی ژنان لە کوردستان و ئێران و، بە دواندنی چەند کەسێکی هەڵسووڕ لە نێوخۆی کوردستان لەو پێوەندییەدا، وێنایەک لە ماف و ژیانی ژنانی کورد بە دەستەوە بدا. باس ئەوەیه‌ کە هەموو ساڵێ لەو بۆنەیەدا باس لە توندوتیژییەکانی دژی ژنان دەکرێ، بەڵام ڕوون نییە ئەو کارانەی کراون به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی ئەم ڕەفتارە، کە ڕیشەی لە نەریت و کولتوور و پەروه‌ردەی وڵاتێکدا داکوتاوە، چین؟ هەروەها  ئەو ڕەوت و پڕۆسێسانەی بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە لە ئارادان لە ڕووی چەندی و چۆنییەوە چەندە تەواوە؟ خاتوو هەنار مەیسەمی، شاعیر و چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە نەغەدە لەو پێوەندییەدا دەڵێ بەهۆی ئەوەی لە وڵاتانی دیکەش توندوتیژی دژی ژن هەبووە و ئێستاش هەیە، دەتوانین بڵێین ئەو ڕەفتار و نۆرمە تەنیا پەیوەندی بە ئایینەوە نییە. بەڵام ئەگەر ئێمە بۆ مێژووی کوردەواری و نەتەوەیی خۆمان بگەڕێینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە ئایین‌ و هاوسێیەتی عەڕەبەکان لەسەر توندوتیژی و پێشێلکردنی مافی ژن لە کوردەواریدا تەواو کاریگەری هەبووە و بە داخەوە بۆتە نەریتی کوردەواریی خۆشمان. بێگومان هەتا کولتوور نەگۆڕدرێ یاساکانیش هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نایه‌، بەڵام هەر یاسا و جێخستنی یاساش خۆی یارمەتیدەره‌ بۆ گۆڕینی نۆرمە فەرهەنگی و کولتوورییەکان. خاتوو هەڵاڵە ب، شاعیر و نووسەر لە شاری سنەش لە وڵامدا دەڵێ بە گشتی لە ئێران و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات نەریت و کولتوور و ئایین ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە ئاڕاستەپێدان بە جۆری ڕوانگه‌ و پەروەردە و لە ڕەفتاری گشتیی لە بەرامبەر کچان و ژناندا. بێ گومان کارگەلێک کراوە بۆ گۆڕینی داب و نەریتە هەڵەکان بەڵام نەیتوانیوە ژن لەو بیرۆکە دین تەوەرە و پیاوسالارییە کە هەم لە لایەن خۆیەوە هەم لە لایەن پیاوە وە بەسەریدا سەپاوە دەرباز بکا. ژن هێشتا بە چاوی عەیبە و گوناهەوە دەڕوانێتە جەستەی خۆی و مافەکانی خۆی. ژن بوون لە وڵاتی کوردەواریدا عەیب و ئەستەمە. لە ڕوانگەی منەوە تا ئێستا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە پەروەردەدا کە بووبێتە هۆی ئاشتی و ئاسوودەیی و ئاریکاری لە نێوان دوو ڕەگەزدا نابیندرێ و ڕەنگە تەنیا جۆری بەربەستەکان گۆڕدرابێتن، ئەگینا توندوتیژییەکان و ڕوانگە جنسیەتییەکان بەرامبەر بە ژن تۆختریش بوونەتەوە. خاتوو تەوار ئەبووبەکری، نووسەر و شاعیر لە مەهاباد میوانێکی دیکەی ئەم باسەیە کە پێی وایە، ئێمە دەبێ لە پێشدا باس لەوە بکه‌ین که ئایا بە ڕاست ئەوە چەندە له داب و نەریتی ئێمه‌دا هەن و یا سەرچاوە دەگرن؟ ئایا ئەوەش خۆی وەک زۆر شتی تر مێژووی بۆ دانه‌ڕێژراوە؟ ئیمه دەزانین که کورد له درێژایی مێژوودا، ژنانی شان به شانی پیاوان هەستاون و له بەش بەشی ژیاندا تێکۆشانیان بووە جا چ له بنە‌‌ماڵه‌دا چ ئابووری و هەتا بگرە سیاسی، بەڵام ئەوەی که وەک توندوتیژیی دژی ژنان باسی دەکەین دەتوانین بڵێین دوای هاتنی دینی ئیسلام مێعیارەکان، سنوور و هەتا بگرە قیمەت که به مارەیی و زۆر شتی تر تەعریف کرا، بۆ ژنان بوونە بەربەست و کۆسپ، که ئەمە زیاتر له جیهانی عەڕەبەوە سەرچاوە دەگرێ نه‌ک کوردەواری. بەڵام ئەگەر لێرەدا باس له  داڕشتنی بەرنامه و کارکردن له سەر زەینییەتی ژنان که کۆمەڵگەی پیاوسالاری بەسەریاندا هەیه و زاڵە، دەتوانین بڵێین هەر به ئامادەکردنی زەینییه‌ت و تێکۆشان بۆ هاتنه مەیدانی ژنان لە بەشە جۆراجۆرەکاندا کار بە سڕینەوەی ئەم نەریت و بەربەستانە کراوە، بەڵام ناتوانین بڵێین که تەواون ئەگەرچی دڵخۆشکەرن. کەوایه پێناسەکردنی مافی و ڕێگادان بۆ ناسینی مافەکانیان ژنان دەگەیەنێتە ئەو ئاسته که مافی خۆیان وەرگرن. ئێمه نابێ له بیریشمان بچێ که ئێستا زۆر ژن و کچمان هەن، ماف به دانه‌که‌ی پێناسە دەکەن نەک ئەوەی که بۆخۆیانن که دەبێ مافی خۆیان وەربگرن. کەوایه گۆڕینی شتێک که به بڕوای من تەنیا زەینییەته نه‌ک کردەوە، زۆر ساکارانه‌تر لەو شته‌ی ئێمه بیری لێ دەکه‌ینەوە دێتە دی. ئێمه دەبینین له وڵاتانی پێشکەوتوودا که مافی ژن به گشتی لە زۆر بواردا دابین کراوە، زۆرینه‌ی کێشەکانی ژن هەن و شایەد ناخۆشتریش. بۆیه دەڵێم ناخۆشتر چون ئەوان له وڵاتی ئازاددا دەژین بەڵام دیسانیش بەربەسته‌کان خۆیان نیشان دەدەن. کەوایه ناسینی ژن و مافەکانی و دەسپێکی لەنێو بنەماڵە‌‌کان به تایبه‌ت له نێوچوونی ڕەگەز، ئەوە کوڕە ئەوە کچ که بەداخەوە ئێستاش لەلای ئێمە ماوە.   بەدەر لەو بابەتە هەموو دەڵێن کۆسپ و بەربەستە زۆر و سەرەکییەکانی بەردەم ئەم ڕەوتانە، قانوونەکانن لە ئێراندا.چی کراوە بۆ گۆڕینی قانوونەکان؟ هەڵالە ب لەو بارەوە ڕای وایە واقعێکی تاڵ لە کوردستان و ئێران هەیە، کە یاساکان لە هەموو پانتاییەکان دژی ژنن و ژنانیش بەشی زۆریان بە داخەوە خوویان بەو واقعە گرتووە و، پێیان وایە مافی ئەوان دەبێ لە لایەن پیاوەوە بدرێ و خۆی پێویست ناکا وەجووڵێ. ناڕەزایەتیدەربڕین لە لایەن ژنانەوە بە گشتی ڕەنگ و بۆنی دروشمی گرتووە و لە ئێستادا کەمتر ڕێکخراوەیەک لە ڕۆژهەڵات دەبینین کە تایبەت لەسەر پرسی ژنان کار بکا. بەڵام ئەم پرسیارەش هەمیشە بەرەوڕووی ژن دەکرێ کە ئایا دایکێک، کە خۆی لە قاڵبی ئایین و نەریتەکاندا ژیاوە و بەرهەمی هێناوەتەوە، دەتوانێ منداڵانی ئازا و ئازادیخواز پەروەردە بکا؟ ژنێک کە خۆی چەوساوەی دەستی مێردسالارییە و لە خێزان و کۆمەڵدا ژنانەیی لە ژیانی ژن سڕدراوەتەوە و ژن تەنیا لە چێشتخانەیە و لە نێو پێخەفدا جێی کراوەتەوە، ئایا ئەم ژنە دەتوانێ بەهێز و متمانە بەخۆ بێت؟ هەر ئەم لاوازییە لە کەسێتیی زۆر ژناندا نیهادینە بووە و نەکراوە و نەتوانراوە جووڵە و فشار و بزووتنەوەیەکی بەهێز بۆ گۆڕینی قانوونەکان درووست بکا. تەوار ئەبووبەکری دەڵێ: کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر له باسی ژناندا، بەڵکوو زۆرینه‌ی یاساکانی دژ به مافەکانی مرۆڤ بووە. بەڵام ئەگەر بێین و باسی ژن و مافەکانی بکه‌ین، دەبینین که کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناو ئامانجە ئیدۆلۆژیکییەکانیدا و بۆ سەپاندنی ئەو یاساگەلەی کە بەرژەوەندییەکانی دابین و مسۆگەر دەکا؛ زۆر له مافە ڕەواکانی ژن پێشێل دەکا. ژنان لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی و بەپێی یاساکان نیوەی پیاویش نین. بۆ نموونە ژنان بۆ کارکردن دەبێ مز و حەقدەستی کەمتر له پیاویان هەبێ و جاری وایە ئەو مزە بۆ یەک لە سێی مزی پیاوێک دادەبەزێ. هەنار مەیسەمی لەو پێوەندییەدا ڕای وایە: بەداخەوە یاسا لە ئێراندا بەشی زۆری لایەنگری لە پیاو دەکا و بە تەواوی دەبێتە هۆی دژایەتیی له‌گه‌ڵ ژن. لێرە کەسانێک هەبوون و هەن کە زۆریان هەوڵ داوە هیندێک یاسا بگۆڕن کەچی وڵامیان نەدراوەتەوە. شتێکی کە ئەمن بەم زووانە دیتم کاری بۆ کرا، بردنەسەرێی تەمەنی زەماوەند لە ئێران بوو کە بوو بە سێزدە ساڵ، کەچی بە ڕای من ئەوەش تەمەنێکی زۆر کەمە و خۆزگە بکرابا هەتا هەژدە ساڵ بیبەنە سەر. بەڵام هەر وەک ئەوەی ئێستاش لە هەندێک ناوچە و شوێن لە ئێران، هەندێک نەریت ماون کە کچ لە تەمەنی مێرمنداڵیدا بە شوو دەدرێ، ڕەنگبێ هەر ئەمە کاریگەرییەکی باش بێ بۆ بنەبڕکردنی ئەو دابە کۆنانە. بەڵام ئەگەر بە گشتی سەیری بکەین هیچ هەنگاوێک بۆ مافی بەرامبەریی ژن هەڵنەهێندراوەتەوە، کاتێ ژن ئیزنی سەیری یاریی تۆپی پێی لە نیزیکەوە نییە، کاتێ مافی تەڵاق ئێستاش لە ئێران هەر بە پیاوە، کاتێ ئیزنی چوونەدەرەوە لە وڵات بەبێ ئیزنی مێرد یا باب نابێ و هەزاران مافی دیکە کە خوراوە، یانی چەندین ساڵە سەرەڕای بەرەوپێشچوونی فەرهەنگ لە وڵاتانی تر، هیچ شتێک لە یاسای ئێراندا نەگۆڕاوە و تەنانەت ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دواوە چووە. ئەگەر گۆڕانکارییەکیش کراوە، وەک ئەو گۆڕانەی لە پرسیاری یەکەمدا باسم کرد، تەنیا لەلایەن بنەماڵەکانەوە بووە و لە یاسادا هیچ نەگۆڕاوە.   لێرەدا ئەو پرسیارە دەورووژێ کە باشە ژنان بۆچی تا ڕادەیەکی زۆر خوویان بەو "قەدەرە"! گرتووە و بۆچی ژنان نەیانتوانیوە ئەو هێزەی خۆیان بۆ گۆڕینی وەزعییەتی مافەکانیان بنوێنن؟ خاتوو هەنار لەو بارەوە دەڵێ: ئەمنیش لام وایە کە مانەوە و نەگۆڕانی زۆربەی بابەتەکان بەشێکی بۆ خودی ژنان دەگەڕێتەوە. ڕەنگبێ لە زۆر بواردا ژنان بەربەست بکرێن و ڕێگایان پێ بگیرێ و دەنگیان نزم بکەنەوە، بەڵام ڕوونە کە یەکدەنگی و کاری بەکۆمەڵ و ڕێکخراوەیی ئەو بەربەستانە ناهێڵێ و لە ئامانجەکانمان نیزیک دەکاتەوە. ئەوە خەسارێکە کە بەشێکی زۆر لە ژنان بەداخەوە خۆیان بەو بابەتانەوە ماندوو نەکردووە و هەوڵیان نەداوە کە مافەکانیان بناسن و، تا ڕۆژێک ئێمەی ژن مافی خۆمان نەناسین، هیچ شتێک ناگۆڕدرێ. خاتوو تەوار_یش لەو بارەیەوە لەگەڵ باسەکە هاوڕایە، ئەو دەڵێ: زۆرجار ئەوە دەبیسین که فڵانه شت یان قسە یان کولتوور له زۆر کۆنەوە هەیه و کە ئەو باسانە دەکەین، بە گژماندا دەچنەوە و دەڵێن ئێوە لە هەڵە دان. بۆ نموونە  ئازار و ئەشکه‌نجەی ڕۆحی که نموونەیەکی دیاری توندوتیژییه بەشی زۆری ڕێک لەلایه‌ن ژنانه‌وە پەرەی پێدراوە، زۆر جار دەبینین که کاتێ باسی چالاکان له بەشە جۆراوجۆرەکاندا دەکردرێ به تایبه‌ت کە باسی چالاکیی سیاسی دەکرێ، دەسبەجێ باسی نامووس دێتە گۆڕێ و پێیان وایه کەسێک لەو بەشەدا هەڵسووڕانی هەبێ لەڕووی نامووسییەوە دەکەوێتە مەترسییەوە. زۆر جاران کچان و ژنان قوربانیی بیروباوەڕی دایک و ژنانی ترن، کە بەداخەوە گەلێ جار خۆکوژی و کێشەی خێزانی و هتدی، لێ دەکەوێتەوە. هەر ئەو کۆنەپارێزییە، خووگرتن بە نەریتە سواوەکان یان ترس له ترازان لە بیروباوەڕە ڕێگرەکان بە لادان لە ئیمان و ئەخلاقه‌ پێناسە کراوەکان، وادەکا لەلایەک ژنان خۆیان ئەم کلتوورە بەرهەم بێننەوە و ژنانی هەڵسووڕیش تووشی خۆسانسۆڕی ببن. هەڵاڵە ب، ڕایەکی تا ڕادەیەک جیاوازی لەسەر ئەم بابەتە هەیە، ئەو دەڵێ: ڕاستە بەداخەوە وشەی قەدەر و چارەنووس وەها ڕەگی کوتاوەتە نێو دنیای بیرکردنەوەی ژن کە دەرباز بوون لەم چەشنە ڕوانینە ئەستەمە. ژنانی چینی هەژار ئێستاش بە ناوی عەیبە و گوناهەوە لە زۆربەی مافەکانیان دەڕوانن و نایانەوێ هەنگاوێک هەڵگرن دژ بە کۆیلەبوونی خۆیان. بۆ ژنانی چالاکیش کۆسپ زۆرن. ترس لە بێپەنایی و تەنیایی، ترس لە دوورکەوتنەوە لە منداڵ، ترس لە تەڵاق و ڕوانگەی چەوتی کۆمەڵ، ترس لە بێدەرەتانی و هەژاریی ئابووری، ژنی وەها بار هێناوە کە هەر چەشنە توندوتیژییەک لە لایەن پیاوەوە بە قەدەر وەربگرێ و ملی بۆ ڕاکێشێ. ئەوەی ژنی لاواز کردووە نەبوونی ئابوورییە، نەبوونی هەل و دەرفەتەکان بۆ چالاکیی ئابووری بۆ سەربەخۆیی ماڵیی ژن وایکردووە؛ ژن هەر چاولەدەست بێ و دەرەتانی زۆر شتی دیکەی نەدرێتێ.   لە ڕوانگەی ژنانەوە توندوتیژی دژ بە ژن یانی چی؟ ژنان لە دەرەوەی پێناسە باوەکان، خۆیان لەو بابەتە چۆن دەدوێن؟ تەوار ئەبووبەکری دەڵێ: توندوتیژیی دژ بە ژن یانی نه‌ناسین و پێناسەنەکردنی ژن و کچ وەک خۆی. ئەمن وەک کچ ئەم هەله‌م بۆ نەڕەخسێ کە خۆم و مافەکانی خۆم بناسم و  بەرامبەریش وەک پیاو، جا بەرامبەرەکەم برا، باوک یان هاوژینم بێ؛ ئەدی چۆن دەتوانم دەگەڵ خۆم ڕابێم و بتوانم بەرامبەرم بناسم و دەگەڵی بدوێم و بژیم و شان به شانی کار بکه‌م. تا کاتێک ئەمن کەرەسەیه‌کی جەسته‌یی بم، تەنانه‌ت خۆم بۆ خۆم مەترسیم، چ بگا بۆ ڕەگەزی پیاو و کۆمەڵگەش. ژنان هاواریان چۆن دەردەبڕن؟ به هات و هاوار؟ چەندە له‌ شێوەی دەربڕینیان شارەزان؟ بەلای ژنانه‌وە توندوتیژی تەنیا لێدان نییه، زۆر بەربەسته‌کانی ژیانی بنه‌ماڵه و کۆمەڵگە مەترسییەکانی ژیانی ژنانه، که‌ ده‌بنه‌ هۆی ڕاوه‌ستانیان و لەپێیان دەخەن. هەڵاڵە ب دەڵێ: ئەمن وەک شاعیرێک لەسەر ئەمە دەدوێم. پیاو هەمیشە لە غەزه‌لدا باسی جەستەی ژن دەکا بۆ جوانی و عەشق و دڵداری، بەڵام هه‌ر ئه‌و باسانە و هه‌ر ئه‌و وه‌سفانه‌ ئه‌گه‌ر ژن بیکا، هێڵی سووره‌. جا توندوتیژی هەر لێرەوە دەست پێدەکا. پیاو تا وەختێ ژنی لا خۆشەویستە کە ژێردەستەی بێ و کاتێ ژن لێی هەڵگەڕاوە پیاوەکه‌، خۆشەویستییەکەی وەلا دەنێ. ژن هەتا کاتێک بە قسەی پیاو هەڵسووکەوت بکا ئاقڵە بەڵام کاتێ بیروڕای تایبەت بە خۆی هەبوو، ئەوە بە گژیدا دێنەوە و پێی دەڵێن چووزانی تۆ، ژن ئاقڵی لە کۆشی دایە... ئەوانە هەموو توندوتیژین لە ڕوانگەی منەوە. توندوتیژی خۆ هەر لێدان و کوتان نییە، هەر چەشنە ئاخاوتنی ناشیرین و ناحەز بە مەبەستی جنێو و گاڵتە، بەرگری لە ئازادییە سەرەکییەکانی ژنان، ئازاری فیکری و تانە و تەشەر و تۆمەت، ئازاری جینسی تەنانەت لە لایەن هاوسەر، وەک کەرەستەی چاولێکردن لە ژنان و زۆرەها ئازاری لەو چەشنە نموونەکانی دیکەی توندوتیژین. کۆمەڵگەی کوردی ژن وەک ڕۆباتێک بۆ ڕاپەڕاندنی هەندێ کار چاو لێدەکا. بەداخەوە نائاگایی لە مافەکانیش، ژنی کردووەتە ئەو ڕۆباتە و ئەوە ژن خۆیەتی کە بەردەوام بیری ئایین تەوەر و پیاوسالار بەرهەم دێنێتەوە. هەنار مەیسەمی_ش ڕای وایە، توندوتیژی تەنیا لێدان و ئازاری جەستەیی نییە، ئەوە تەنیا بەشێکە، توندوتیژی جاری وایە لە ژووری نووستنی ژن و مێردیش لەکۆڵ ژن نابێتەوە. حیجابی زۆرەملی، ڕێگری لە چالاکیی ئابووری و کارکردنی ژنان، بەشە میرات، بەزۆر دووگیانبوون، دڵپیسی کردن، نزمکردنی کەسایەتیی ژنان لە قسەکردندا هەمووی جۆرێک لە توندوتیژین. دەبێ ئەوەش بڵێم کە بەداخەوە زۆر لە توندوتیژییەکانیش لەلایەن خودی ژنانەوە بە خۆیان دەکرێ، وەکوو: شووکردنی سەربەهه‌وێ و بەرهەمهێنانه‌وەی توندوتیژی لە دژی ژنان لە چوارچێوەی پەروەردەی خێزانیدا و زۆر ڕەهەند و لایەنی دی...   دواجار و لە ئێستادا ژنان و بزووتنەوەی ژنان دەبێ چۆن بەرەوڕووی ئەم دۆخە ببنەوە؟ خاتوو هەنار دەڵێ: ئەمن بەر لە هەموو شتێک پێشنیار دەکەم ژنان زیاتر بخوێنەوە و زیاتر خۆیان و مافەکانیان و کۆمەڵگەکەیان بناسن. ژنان بۆ دەستەبەری مافەکانیان پێویستییان بەوەیە ئاستی زانیاریی خۆیان بەرنە سەرێ و دەست بدەنە دەستی یەکتر و یەکتری هەڵکێشن. دەبێ ژنان کەشێکی خوێندنەوەی باش درووست بکەن. تا ئێستا بە سەدان وتار و چیرۆک و کتێب‌ لەسەر مافی ژنان نووسراوە، بەڵام تا خوێنەرێکی ژنیان نەبێ، گۆڕانکاری و داهێنانێکیش ڕوو نادا. سووربوون لە سەر داوای مافە ڕەواکان و  خۆڕاگری لە بەرامبەر کۆسپەکان کلیلی سەرکەوتنی ژنانە لەو خەباتەدا. خاتوو تەوار_یش ڕای وایە کە ژنان دەبێ له خۆیانەوە دەست پێبکه‌ن و زیاتر له کۆمەڵگه‌دا دیار بن. ئاستی خوێندنەوەیان بەرنه سەرێ بۆ ئەوەی بتوانن منداڵان و نەوەی نوێ جوانتر پەروەردە ببن. دایکان و  بابان پێویستە هیچ کۆسپ و ڕێگرییەک لە بەردەم خوێندنی منداڵەکانیان درووست نەکەن. ژنان نابێ خۆیان لە چالاکیی ئابووری بدزنەوە و دەبێ ئەوە وەک ئەرکێک چاو لێبکەن. ژنان نابێ خۆیان بە کەم بگرن. ئەدی نووسەرانی گەورەی ئێمه، ژنە پزیشکەکان و ژنە سەرکەوتووەکان کە ئێستا  له بەرزاییه‌کان وەستاون مەگەر هیچ بەربەستییان نه‌بووه؟ ژیانیان ناخۆش نە‌‌بووە؟ هاواری مافخوازیی ژنان بە هێز و بە زانست دەکرێ و ژنان دەبێ هەر دوو ئەو شتەیان هەبێ. خاتوو هەڵاڵە ب، ئاوا ئاکامگیری لە باسەکە دەکا؛ ژن هەتا بڵێی بوونەوەرێکی ورد بینە. ناسینی دنیای ژنان هەم دژوارە هەم کاتبەر، بەڵام دنیا لە ڕوانگەی ژنەوە پڕە لە جوانیی قەدەغە کراو، پڕە لە ئاواتی بابردوو. قسە ئەوەیە کە ژن دەبێ لە ڕوانگەی خۆیەوە بڕوانێتە دنیا و بڕیار بۆ مان و ژیانی بدا. ژن دەبێ خۆی شوناسی خۆی پێناسە بکا و بتوانێ بیهێنێتە دی. خوێندنەوە و ئاگایی و کاری بەکردەوەش تەنیا کلیلی بەدیکردن و وەدیهێنانی ئەم شوناسەیە. ژن دەبێ ئەوەندە بەهێز بێ کە هیچ پیاوێک نەتوانێ ئازاری بدا و بە قۆناغێک لە متمانە بەخۆبوون بگا کە بە هێزەوە پێناسەی خۆی بکا؛ بەڵام خۆ لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێ لە بڕێ هەڵسوکەوتی پیاوان چاوپۆشی بکا. قسە ئەوەیە کە ئەوەی ئەمن یان تۆ سەبارەت بەو بارودۆخە ناڕەزایەتی دەردەبڕین دەبێ گشتی بێتەوە و بۆ ئەوەش پێویستە ئەمن و تۆ و ئەوانی دیکەش ژنانی دەوروبەرمان هان بدەین بۆ بێدەنگ نەبوون لە بەرامبەر زۆر لەو پاوانخوازییانە.