کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی گوماناوی ڕەحیم زەبیحی، دەرهێنەری بەناوبانگی کورد لە بانە

01:27 - 17 سەرماوەز 2718

لە ڕووداوێکی هاتوچۆی گوماناویدا ڕەحیم زەبیحی، دەرهێنەری بەتوانای کورد و براکەی گیانیان لە دەست دا. ڕۆژی هەینی، 16ی سەرماوەز لە نێزەڕۆی بانە ڕەحیم زەبیحی و براکەی کەیوان زەبیحی لە نێزەڕۆی بانە ئوتومبیلەکەیان وەرگەڕا و ئاگری گرت. بەو هۆیەوە هەر دووکیان گیانیان لە دەست دا. پەیامنێری "کوردستان و کورد" لە شاری بانە ڕایگەیاند کە تەرمی سووتاو و بێ گیانی هونەرمەند ڕەحیم زەبیحی و براکەی بە دەست بەسراوی لە ماشێنەکەدا دۆزراوەتەوە و بەوەش گومانی کوشتنی بە ئەنقەستی ئەو دوو برایە بەهێز دەبێ. ڕەحیم زەبیحی ساڵی 135٠ لە شاری بانە لە دایک بووە و یەکێکە لە سینەماکارانی بەتواناکانی کوردە. کورتە فیلمەکانی: "هاوار"، "سەتەلایت"، "کۆتایی شەڕ"، "ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران"، "ساتە مەزادکراوەکان"، "تیرۆریستێک دادەبەزێ"، "رۆژی دوایی"، "ئیسترێس"، "سەمای ڕەنگەکان"، "ژانی دابڕانی ئەبەدی"، فیلمی "وڵاتی ئەفسانە" چەند بەرهەمێکی سینەمایی ناوبراون کە لە چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی ناوچەیی و جیهانیی گرینگدا پیشان دراون و خەڵاتیان وەرگرتووە.