کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و ناسیۆنالیزم و ئاواتی بەدەوڵەتبوون

01:41 - 17 سەرماوەز 2718

د.کامڕان ئەمینئاوە: کێشەی سەرەکیی کورد نەبوونی ناسیۆنالیزمێکە کە بتوانێ زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە دەوری ئاڵای سەربەخۆیی کۆ بکاتەوە "سەت ساڵ لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی تێپەڕی. ڕووداوێک کە بووە هۆی درووستبوونی چەندین وڵات لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهان. ڕەوتێک کە دواتریش لەدایکبوونی کۆمەڵێک وڵاتی دیکەی لەسەر بنەمای نەتەوەخوازی لێکەوتەوە. بەڵام کورد سەرەڕای خەباتی بەردەوامی بە درێژایی سەدەی بیستەم و تا ئێستاش، ئەم ئاواته‌ی نەهاتووەتە دی، بۆ؟ هۆکارەکان چین؟ ئەم بابەتەمان لەگەڵ د.کامڕان ئەمین‌ئاوە، نووسەر و توێژەری مێژووی کورد و ئێران تاوتوێ کردووە"   یەکێک لە دەرەنجامەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، هەڵوەشانی ئیمپڕاتوورییەکان و بەهێزبوونی نەتەوەخوازی بوو، ئەوەش بوو کە به دەیان وڵاتی نوێ هاتنە سەر نەخشەی سیاسیی جیهان، بۆ عەڕەب لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا توانییان چەند وڵاتی نوێ درووست بکەن، لە باڵکان و ئوڕووپاش چەند وڵاتی نوێ درووست بوون، بەڵام بۆ کورد نەیتوانی لەو دەرفەتە کەلک وەرگرێ؟   تەواو بوونی شەڕی یەکەمی جیهانی و دانوستانی وڵاتە زلهێزه‌کان هەر ئەو جۆرەی بۆخۆشتان لە پرسیارەکەدا ئاماژەتان پێ کرد، هەر چەند هۆی پێکهاتنی چەندین وڵاتی سەربەخۆی نوێ لە سەر نەخشەی جیهاندا بوو، بەڵام له‌ بۆ کورد، نەک ئاکامێکی باشی نەبوو، بەڵکوو کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی‌ کرایە سێ کوت و چارەنووس و کێشەی کورد، هەروەها ڕەوتی خەباتی ئەوانی گەلێک ئاڵۆزتر کرد. لەوە بەولا خەڵکی کورد تووشی شەڕ و خەباتێکی بێ پسانەوە لەگەڵ چوار دەوڵەت هات کە هەر کامیان سەر بە وڵاتێکی زلهێزی جیهانی بوون و وێڕای تەواوی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ یەکتری، زۆر بە هاسانی بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە بەشە داگیرکراوەکانی کوردستان یەکیان دەگرتەوە. پێم وایە لەبەر ئەوه‌ی بتوانین هۆیەکانی بەدەوڵەت نەبوونی کورد لەو سەردەمەدا تا ڕادەیەک دەستنیشان بکەین، پێویستە بە کورتی، ئاوڕێک لەم شەڕە و ئاکامەکانی وەکوو گەورەترین کارەساتی سەدەی بیسته‌م؛ هەروەها جێگە و پێگەی کورد لە ڕووداوەکاندا بدەینەوە. دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی لە ئاگۆستی ساڵی ١٩١٤ لە نێوان بەرەی ئوتریش (نەمسا)_ ئاڵمان و پەیوەستبوونی دەوڵەتی عوسمانی بەوان، لەگەڵ بەرەی ئینگلیس، فەڕانسە و ڕووسیە کە زۆرتر بەرهەمی گەورە قەیرانێکی مێژوویی و لە پێناوی دابەشکردنی کۆلۆنییەکان بۆ وەدەستهێنانی سوود و ئیمتیازێکی زۆرتر لە بازاڕە جیهانییەکان بوو، کوردستانیشی کردە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێی ئەم دوو بەرەیە، بە تایبەتی پاش داگیرکرانی بەشێکی بەرچاو لە خاکی ئێران لە لایەن بەشدارانی شەڕەوە لە سەرەتای نوامبری ساڵی ١٩١٤، کوردیش خوازیار و ناخوازیار تێکەڵاوی ئەم شەڕە بوو و وڵاتەکەشی تووشی خەسارێکی گەورەی مادی و ئینسانی هات. دەوڵەتی عوسمانی بەپێی ئەوەی کە سیاسەتەکانی تەباییەکی زۆری لەگەڵ بەرژوەندیی ئاڵمان لە ناوچەی ڕۆژهەڵات هەبوو، لەلایەکی دیکەشەوە گرووپە دەست ڕاستییەکانی پان ‌تورکیست و پان‌ ئیسلامیست خوازیاری پێکهێنانی حکوومەتێکی گەورەی تورک بوون و، پێشیان وابوو ئاڵمانییەکان لەم ڕەوتەدا پشتیوانییان لێ دەکەن، لە نوامبری ساڵی ١٩١٤ بە فەرمی تێکەڵاوی بەرەی ئوتریش و ئاڵمان بوو لەم شەڕەدا. سوڵتانی تورک لەبەر ئەوەی ڕەنگ و ڕووی ئایینی بە شەڕەکە بدا و پشتیوانیی موسڵمانەکانی کورد و عەڕەبیش بەرەو خۆ ڕابکێشی، وێڕای فتوای جیهاد، ڕایگەیاند دەوڵەتەکانی ڕووسیە، بریتانیا و فەڕانسە هەوڵی کوژاندنەوەی ڕووناکیی ئاسمانی ئیسلام دەدەن، بەڵام ئاڵمان، ئوتریش و مەجارستان پشتیوانی ئیسلامن. ئەم «جیهادە پیرۆزە» و هەوڵەکانی تۆڕی سیخۆری تورک و ئاڵمانی، بوون بە هۆی ورووژاندنی بەشێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە ڕووسەکان و، بەشداریی هاوبەشی تورک و کورد بۆ وێنە لە هێرشکردنە سەر یەکەکانی سپای ڕووس لە ورمێ، گرتنی سابڵاغ، مەراغە، تەورێز و خۆی و شارەکانی دیکە. بەڵام پاش سەرکەوتنی ڕووسەکان لە سەرەتای ساڵی ١٩١٥ لە بەرەی شەڕەکانی دژ بە تورکەکاندا، تەواوی ئەو بەشانە دەکەونەوە دەستی ڕووسەکان و شەڕەکە تەنانەت ناوچەی وان، هەمەدان، کرماشان و زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران دەتەنێتەوە. پاش ئەم سەرکەوتنانەی کە ڕووسەکان بە تایبەتی لە کوردستاندا وەدەستی دەهێنن، لە مارسی ١٩١٥ ئینگلیس و ڕووسیەی تزاری گرێبەستێک بۆ دابەشکردنی خاکی ئێران لە نێو خۆیان واژۆ دەکەن.   بەدەر لە هەڵوێستی ڕەسمیی ئێران، هەڵوێستی کوردەکانی ئەم وڵاتە و عەشیرەتەکانی دیکەی کوردستان لە لایەنگریی بەرەکانی شەڕدا چ بوو؟ لەم کاتەدا هەرچەند ئێران بە فەرمی خۆی بێلایەن ڕاگەیاندبوو، بەڵام لە کردەوەدا ڕووس و ئینگلیسییەکان لەلایەک و تورک و ئاڵمانییەکانیش لەلایەکی دیکەوە دژ بە یەک شەڕیان دەکرد و ئێران تووشی تاڵان و وێرانی و کوشتاری هەر دوو لایەنی شەڕ ببوو. ئێران تەنیا بە ڕواڵەت وڵاتێکی سەربەخۆ بوو، دەنا لێنین گوتەنی لەو سەردەمەدا نۆ لە دەی ئەم وڵاتە بە کۆلۆنی دەژمێردرا. عەشیرەکانی کورد، بە تایبەتیی ئەوانەی لەسەر یان نیزیکەی سنووری ڕووسیە و عوسمانی بوون بە هۆی گۆڕانکاریی هێزەکانی ڕووسیە و عوسمانی، هاوپەیمانەکانی خۆیان دەگۆڕی. بۆ وێنە هەر وەکوو ئاماژەم پێکرد لە سەرەتای شەڕەکەدا عەشیرە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرتر پشتیوانییان لە عوسمانی دەکرد، بەڵام پاشەکشەی عوسمانی و پێشڕەوی ڕووسیە لە بەرەکانی شەڕدا، بوو بە هۆی گۆڕانی بارودۆخی ئەم ناوچەیە و نیزیکبوونەوە و دەستپێکی پێوەندیی‌ سەرۆک عەشیرە، بەگ، دەرەبەگ و شێخ و ئاغاکانی کوردستان لەگەڵ ڕووسەکان. بەگشتی ڕووس و ئینگلیس لە ڕەوتی ئەو شەڕەدا وێڕای کەلک وەرگرتن لە کوردەکانی ئێران و عوسمانی، لەکردەوەدا هیچ پلان و بەرنامەیەکی ڕاستەقینەیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی نەبوو، کوردیش لە باشترین حاڵەتدا بۆ ئەوان ڕۆڵی شەڕڤانێکی باش و بە جەرگی هەبوو.   ئەدی ئەو هاوکێشە و هاوسەنگییە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ چی لێ بەسەر هات؟ لە سەردەمی شەڕ و پاش تەواوبوونی شەڕی یەکەمی جیهانی وڵاتانی ڕووسیە، ئینگلیس و فەڕانسە بەپێی بەرژوەندیی و هاوسەنگیی هێزەکانیان لە ئاستی جیهان و ڕۆژهەڵاتی نیزیک، هەڵسوکەوت و مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر و خەڵکی ئەو ناوچەیە و یەک لەوان کوردەکان دەکرد. بۆ وێنە لە نێوان کۆبوونەوەی ئاشتیی پاریس لە ساڵی ١٩١٩ هەتا واژۆکردنی گرێبەستی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣، بە پێی بەرژوەندی و هاوسەنگیی هێزەکان، ئاڵوگۆڕی جۆراوجۆر لە هەڵوێستی ئەم وڵاتانە سەبارەت بە گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵات و یەک لەوان کورد پێک دێ و پێم وایە خراپ نییە بە کورتی ئاماژەیان پێ بکەین. کۆنفڕانسی ئاشتیی پاریس لە ژانویەی ١٩١٩ هەتا ١٩٢٠ درێژەی هەبوو و دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی شەڕ بڕیاریان لە سەر داهاتووی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی دەدا. لەم هەڵوێستانەدا بە چەشنیک چواردە خاڵی «وودرۆ ویلسۆن» سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بەرچاو گیرابوو. لە خاڵی ١٢ی ویلسۆندا سەرەڕای ئاماژە‌کردن بە سەربەخۆیی و دەستەڵاتداریی بەشە تورک نشینەکانی عوسمانی، باس لە پێدانی دەرفەتی پێویست بۆ ژیانێکی هێمنانە و بارودۆخی پێویست بۆ گەیشتنی نەتەوەکانی دیکە بە سەربەخۆیی دراوە. لەم کۆنفڕانسەدا ژێنڕال شەریف پاشا کە لە ساڵی ١٩٠٩وە لە پاریس دەژیا، وەکوو نوێنەری کورد و، بۆغوس نۆبار پاشا، نوێنەری ئەرمەنییە تاراوگەنشینەکانی عوسمانی و ئاوتیس ئاهارۆنیان، نۆێنەری یەکەم کۆماری ئەرمەنستان بەشدار بوون. لەم کۆنفڕانسەدا لە بڕیارنامەی لێژنەی بریتانیا باس لە جیابوونەوەی ئەرمەنستان، سووریە، بێن ‌چۆمان، کوردستان. فەله‌ستین و عەڕەبستان لە ئیمپڕاتووریی عوسمانی کرابوو. پاش گرێبەستی ئاشتی لەگەڵ ئاڵمان لە ژوئەنی ١٩١٩، ئەمریکا خۆی لەم ڕەوتە دەکێشێتە دواوە و لە کۆنفڕانسی سان ڕێمۆ وڵاتە سەرکەوتووەکانی شەڕ، شەرت و مەرجەکانی خۆیان بۆ ئاشتی لەگەڵ عوسمانییەکان دەدەنە ئەستەنبووڵ. دەوڵەتی تورک لە درێژایی ئەم ڕەوتەدا هەوڵی خۆی دەدا هەتا پانتایی ئەو ناوچانەی کە قەرار بوو لێی جیا کرێتەوە، کەم کاتەوە و هاوکات کوردەکان تووشی چەند بەرەکی بکا. لە نێو کوردەکانی عوسمانیدا «جەمعییەتی ته‌عالی کوردستان» خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ڕێگای وەرگرتنی خودموختاری لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانی، هەروەها هاوپەیمانی حیزبی حوڕییەت و ئێتلاف بوو. هەڵبەت لە نێو ئەم ڕێکخراوەیەشدا دوو بەرەکی هەبوو و جەوانەکانی خوازیاری سەربەخۆیی کوردستان بوون. لە کۆنگرەی ئەرزڕۆمیش لە ژوئەنی ١٩١٩ کەسایەتییەکانی بزووتنەوەی کورد، بڕیارنامەیەکیان سەبارەت بە هۆگریی خۆیان بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی تورک پەسه‌ند کرد، هەڵبەت هاوکات ڕایانگەیاند ئەگەر کاربەدەستانی تورک بەڕێوەبردنی وڵاتی کوردانیان پێ ‌نەسپێرن، دەست بە ڕاپەرین دەکەن. لە لایەکی دیکەشەوە کەماڵ ئاتاتورک هەوڵی دەدا لە ڕێگای پان ئیسلامیستییەوە دەرەبەگە کورد و شێخەکان و هتد بە دژی ئەرمەنییەکان هان بدا و لە شەڕی دژ بە ئەرمەن کەلکیان لێ وەربگرێ. لەهەر حاڵدا لە پەیمانی سێور لە ئاگوستی ١٩٢٠ مافی بەشێک لە کوردان وەکوو نەتەوەیەکی سەربەخۆ بە فەرمی ناسێندرا و لە مادەی ٦٤ی ئەم پەیماننامەیە ئاماژە بە مافی جیابوونەوەی دانیشتووانی کورد لە تورکیە بەپێی سەلماندنی ئەم ویستە لەلایەن خەڵکی کوردەوە کرا. بەڵام لە ساڵی ١٩٢١ بەپێی سووربوونی تورکەکان لەسەر نەدانی ئەم مافە، وڵاتە سەرکەوتووەکان لە سەرەتا هەتا ئاستی مافی خودموختاری بۆ کورد پاشەکشە دەکەن، و بە پێی گرێبەستی لۆزان لە ٢٤ ژووییەی ساڵی ١٩٢٣ مافی دەستەڵاتداریی تورکەکان لەسەرتاسەری ئاناتۆلی مسۆگەر دەکرێ و مەسەلەی خودموختاری کوردەکانیش لەبیر دەچێتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دروشمی پان تورکیستەکانی کەماڵیست بۆ درووستکردنی یەك وڵات، یەک دەوڵەت، یەک ئایین، یەک نەتەوە و یەک زمان و سەرەتایەکی دیکە بۆ هەڵگیرسانەوەی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان، کە هەتا ئێستاش چارەسەر نەکراوە و هەر به‌رده‌وامه‌. خاڵێکیش کە پێم وایە دەبێ ئاماژەی پێ بکرێ، ڕۆڵی ڕووسیە پاش سەرکەوتنی باڵشویکەکان لە ساڵی ١٩١٧ و نیزیکبوونەوەی مسکۆ بە تورکیە و بەستنی پەیماننامەی دۆستی لە ساڵی ١٩٢١، هەروەها پاشەکشەکردنی فەڕانسە و ئینگلیس لە بەشێک لە داواخوازییەکانیان بۆ دیتنەوەی زمانی هاوبەش و سات و سەودا لەگەڵ تورکەکان بوو. بەم پێیە، سەرەڕای جیابوونەوەی بەشێکی زۆر لە وڵاتە ناتورکەکان لە ئیمپڕاتووریی عوسمانی، تورکەکان توانییان دەستەڵاتی خۆیان بەسەر کوردستان و خۆرئاوای ئەرمەنستاندا مسۆگەر بکەن.   ئەدی کوردەکان بۆخۆیان لەو هاوکێشەیەدا چییان کرد، چۆن بەو قەدەرە ڕازی بوون؟ نەبوونی بەرنامە و هاوئاهەنگی لە نێوان جەمعییەت و کۆمیتە کوردستانییەکان، هەروەها لە نێوان عەشیرەکان و پێوەندییه‌ لاوازه‌کانی ئەم ڕێکخراوانە لەگەڵ جەماوەری خەڵک و نەناسینی ئامانجی ڕاستەقینەی دەوڵەتەکانی ئینگلیس و فەڕانسە، هەروەها پەیمانشکێنی ئەم دەوڵەتانە، تەواوی هیواکانی کوردی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کرد بە هیچ و شۆڕشەکانی کورد یەک بە دوای یەک لەلایەن سپای تورکەوە سەرکوت کران. خەباتی دژ بە ئێمپریالیستی تورکەکان کە بە ناوی شۆڕشی کەماڵییەکان کەوتبووە سەر زمانی بەشێک لە کەسایەتییەکانی کورد، تا ڕادەیەک هیوای چارەسەرکردنی کێشەی کوردی لە چوارچێوەی خودموختاری لە تورکیە و پشتیوانی لە ئاتاتورک و سیاسەتەکانی پێک هێنابوو. سەرنجڕاکێش ئەوەیە، تورکەکان سەرەڕای سەرکوتی کوردەکانی خۆیان، پشتیوانییان لە بزووتنەوەی کوردی باشوور دەکرد. بە‌گشتی کۆنفڕانسی لۆزان و ئاکامەکانی وێڕای زەبرێکی حقووقی و مێژوویی لە بزووتنەوەی کورد، پیشاندەری ئەم ڕاستییەش بوو کە زلهێزەکانی جیهان و تورکیە هەر کامیان بە چەشنێک کەلکیان لە کورد بەپێی بەرژوەندیی خۆیان وەردەگرت. پێویستە لێرە جارێکی دیکە ئاماژە بەوه‌ش بکەین، لە هیچ یەک لەم دانوستانانەدا کێشەی کوردی ڕۆژهەڵات باس نەکرا، هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕاستییە کە وڵاتانی سەرکەوتوو لە شەڕدا دەیانویست وڵاتی ناتورکەکانی عوسمانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەتا ئەفریقا دابەش بکەن و هیچ بەرنامە و پلانێکیان بۆ کوردی ئێران نەبوو. سەرنەکەوتنی بزووتنەوەکانی گەلی کورد وێڕای کاریگەریی نەرێنیی وڵاتە زلهێزەکان و لەبار نەبوونی بارودۆخی جیهانی و ناوچەیی، هەر وەکوو لە ڕابردوشدا ئاماژەم پێ کردووە، تا ڕادەیەکی زۆر پێوەندی بە هۆکارە نێوخۆییەکانەوە هەیە. کوردستان لە قۆناغی ناوبراودا سەرەڕای ئەوەی گۆڕەپانی ڕاپەڕینی گەلی کورد بە ڕێبەریی سەرۆک عەشیرە و شێخ و هتد دژ بە حکوومەتەکانی ئێران و عوسمانی بووە، بە هۆی نەبوونی یەکیەتی و تەبایی نەتەوەیی، شکڵ نەگرتنی ناسیۆنالیزمێکی بەهێزی فیۆدالی، پێک نەهاتنی فدراسیۆنێکی بەهێز لە میرنشینە سەربەخۆ و نیوە سەربەخۆکان لەژێر ڕێبەرییەکی بەتوانا و کارزاندا بۆ هاوئاهەنگی و بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە تەواوی کوردستان، قەتیس ‌مانەوە لە بەرژوەندیی تەسکی تاکەکەسی_ عەشیرەییدا، شەڕی نێوخۆیی، کوشتن و تاڵانکردنی یەکتری، هەروەها فاکتەری جوغرافیایی وەکوو پانتایی بەرچاوی خاکی کوردستان کە بەربەستێک بۆ پێوەندی لە نێوان ناوچەکانی کوردستان بووە، نەیتوانی بە ئاکامی دڵخوازی خۆی واتە پێکهێنانی کیان و دەوڵەتی کوردی بگا.   کەم نین کەسانی خاوەنڕا کە پێیان وایە نەبوونی ڕێبەرێکی کاریزما لەو سەردەمدا کوردی لەوە وەپاش دا؟ ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە، بوونی ڕێبەرێکی کاریزما و توانا دەیتوانی فاکتەرێکی گرینگ و پێویست بۆ پێکهێنانی یەکیەتیی نەتەوەیی، کۆکردنەوەی ڕێکخراوە، عەشیرە و هۆزەکانی کورد و بەتایبەتی ناسینی دەرفەتەکان و کەلک وەرگرتن لەوان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بزووتنەوەی کورد بێ. لێرەدا توانایی ڕاکێشانی خەڵک، تێگەیشتن لە دەرفەتەکان و سنوور و بەرتەسکییەکانی بزووتنەوە یەکێک لە ئەرکەکانی ڕێبەرییەکی کاریزما بۆ بەڕێوەبردنی جووڵانەوەکە و پێشڕەوی و پاشەکشەکردنی درووست و هەڵبژاردنی شێوەی خەباتە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئەمە هەمیشە ناتوانێ فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بێ و لەم نێوەدا زۆر فاکتەری نێوخۆیی وەکوو هاوسەنگی هێزەکانی دژبەر، ئاگایی نەتەوەیی و پشتیوانیی جەماوەر، لێکدانەوەی درووستی سیاسەتی زلهێزەکانی جیهانی، هەروەها بارودۆخی ناوچە و جیهان و ئەوەی گۆڕانکاری لە جوغرافیای سیاسی ناوچەی ڕۆژهەڵات تا چ ڕادەیەک لەگەڵ بەرژوەندی و بەرنامەی زلهێزەکان دێتەوە، دەتوانێ کاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنی لەم ڕەوتەدا هەبێ. بە داخەوە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی واتە لە ساڵی ١٩١٧ هەتا کۆتایی کۆنفڕانسی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣، کورد نەک یەکدەنگ نەبوو، بەڵکوو بە هۆی ئاستی خوارەوەی پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها فەرهەنگی سیاسی و ئایینی خۆی تووشی ناکۆکی و چەند بەرەکیی بەرچاویش بوو، هاوکات دەوڵەتانی سەرکەوتوو لە شەڕ بەپێی بەرژوەندیی خۆیان لەم ناوچەیە و ململانێی سیاسی لەگەڵ مسکۆ کە هاوپەیمانی ئانکارا بوو، زۆر بە ئاسانی لە قەرارەکانی پەیمانی سێور پاشگەز بوونەوە و لە کۆتاییدا ئەم دوو دیاردەیەی دەرەکی و نێوخۆییە، لە دوو لاوە مۆری نەرێنیی خۆیان لە دادێی ژیانی سیاسی و چارەنووسی کورد دا و، نەک کێشەی کورد چارەسەر نەکرا بەڵکوو بارودۆخی کوردستان بە گشتی بەرەو خراپی و ئاڵۆزیی زۆرتریش چوو.   لەگەڵ ئەوەشدا سەدەی بیستەم سەدەی شۆڕشە بێ ئاکامەکانی کورد بۆ بەدەستەوەگرتنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بوو. ئێوە پێتان وایە ئەم سەدەیە بۆ کورد پتر دەرفەت بوو یان هەڕەشە و مەترسی؟ لە ڕەوتی خەباتدا هیچ دەرفەتێک بێ هەڕەشە نییە، واتە ژیانی سیاسی بە چەشنێک یەکیەتی و ململانێی دژبەرانە، ئەوە نەک تەنیا یاسایەکی فەلسەفی، بەڵکوو ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە لە ژیان و خەباتی نەتەوەکانیشدا. واتە گۆڕانکاریی لە بارودۆخی سیاسی کۆمەڵگە کاتێک دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەلومەرجێکی نوێدا دەخوڵقێنێ هاوکات هێزی نوێخوازیش بەرامبەری لەگەڵ هەڕەشەی دیار و نادیاری دوژمنانێک دەکا، کە دەیانەوێ پێشگیری لە پەرەسەندنی ئەم جوڵانەوەیە بکەن، جا کەلک وەرگرتن لە دەرفەتەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و یان لە نێوچوونی ئەم دەرفەتە بە هۆی سەرکەوتنی پیلانەکانی دوژمن، پێوەندیی بە بارودۆخی لەبار یان نالەباری نێوخۆیی و دەرەکی و هاوسەنگیی هێزەکان هەیە. سەدەی بیسته‌م بە هۆی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان، سەدەی دەرفەت و هاوکات هەڕەشە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد بووە. بۆ وێنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانین ئاماژە بە دوو ڕووداوی گرینگ واتە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٥ هەتاوی و ئازادکرانی کورتخایەنی بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵەکانی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی، هەروەها دەسەڵاتی کورد لە باشووری کوردستان پاش سەرکەوتنی کوودەتای ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٣٧ بە ڕێبەریی عەبدولکەریم قاسم هەتا ڕێکەوتننامەی ئەلجزایر لە ڕەشەمەی ١٣٥٣ی هەتاوی بکەین. لێرەدا تەنیا ئاماژە بە یەکێک لەم ڕووداوانە دەکەم؛ داگیرکرانی ئێران لەلایەن هێزەکانی یەکیەتیی سۆڤییەت و بریتانیا لە کۆتایی ئاگوستی ١٩٤١، بوو بە دەرفەتێک بۆ گەشەسەندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد و ئازەری لە ئێراندا، هەروەها سەرهەڵدانی هەڕەشە و پیلانەکانی تاران و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بۆ لە نێوبردنی ئەوان. گەڕانەوەی هێزەکانی سپای سوور بۆ یەکیەتیی سۆڤییەت لە مای ١٩٤٦، پاشەکشەی پەیتا پەیتای حکوومەتی ئازەربایجان، هێرشی سپاسی ئێران و گرتنەوەی تەورێز و هەڵاتنی ڕێبەرانی فرقەی دێموکرات بۆ باکۆ، ناچالاکی، دەست لەسەردەستدانان و بێدەنگیی هێزە سەرانسەرییەکانی ئێران وەکوو حیزبی توودەی ئێران، و لە کۆتاییدا خۆڕانەگری ڕێبەرانی کۆماری کوردستان، ڕووخانی کۆماری کوردستان و شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لێ کەوتەوە. بەڵام شکان و شکست لە ڕەوتی مێژوودا کاتییە و دەرفەتی نۆی بۆ هێزی پێشکەوتنخواز بێگومان پێک دێتەوە.   پێت وانییە کورد بۆ خۆی وەک کێشەکانی، وەک تایبەتمەندییەکانی، وەک ئەوەی ئێستا لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان دەیبینین، ئێستاش نەبووەتە خاوەن ناسیۆنالیزم و شوناسخوازییەک کە دەوڵەتی کوردیی لەسەر دابمەزرێ، کە هەڵگری پڕۆژەی دەوڵەت_ نەتەوە بێ؟ دەیوید مەک داوڵ لە کتێبی «مێژووی هاوچەرخی کورد» دوو بنەماڵەی سادات نەهری (یان شەمدینان) و بەدرخانەکان وەکوو دوو بەرەی بەرچاوی ناسیۆنالیزمی کورد لە چەشنی خودموختاری و جیا‌ییخواز پێناسە دەکا و پێی ‌وایە ئەم دوو لاگیرییە ئێستاش پێکهێنەری دەستەبەندییەکانی بزووتنەوەی نەتەوه‌یی کوردن. ئەگەر ئاوڕێک لە خەباتی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بدەینەوە، بە چەشنێک ئەم دوو ڕەوتە بە درێژایی ژیانی سیاسی لە دوو سەدەی ڕابردوودا وەپاڵ یەک بوون، بەم جیاوازییەوە، کە ڕەوتی خودموختاری یان فێدراڵخوازی پاش ڕووخاندنی کۆماری کوردستان هەتا ئەمڕۆ هێزی زاڵ لە بزووتنەوەی کورد بووە و لەم بەرەیەشدا بەشێک لە هێزە کوردییەکان هەر چەند دروشمی فێدرالیزمیان هەڵگرتووە، بەڵام لە پرۆگرامی خۆیاندا باس لە مافی چارەنووسی گەلان هەتا سەربەخۆیی دەکەن و بڕیاری کۆتایی بۆ گەلی کورد دادەنێن. من پێم وایە ئەگەر هێزێک مافی سەربەخۆیی بۆ کورد بە ڕەوا بزانێ، دەتوانی هەر یەک لەم حاڵەتانە وەکوو قۆناخێک بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی پێناسە بکا. بەڵام حاشاکردن لە مافی چارەی خۆنووسین بۆ ئەوەی کە تاوانی جیاییخوازیمان لێ نەدەن، بە کارێکی شیاو نازانم. بێگومان هەڵبژاردنی هەر کام لەم ڕێبازانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەگەڕێتەوە سەر جیاوازیی فیکری و شێوەی هەڵسەنگاندنی ئێمە لە هەلومەرجی ئێستا، بەڵام، ئەو خاڵەی پێویستە بۆ هێزێکی کورد جێگای سەرنجدان بێ «بەرژوەندیی و ستراتێژی نەتەوەییە». واتە ناکرێ لە لایەکەوە حاشا لە «نەتەوە» و «مافی بە دەوڵەت بوونی کورد» بکرێ و لە لایەکی دیکەوە باس لە هەبوونی کلیلی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی گەورەی نێوەڕاست بکردرێ، یان ئەو هیوایە لە دڵ و مێشکی جەماوەر پێک بهێندرێ کە فێدرالیزم یان خودموختاری و هەبوونی مافی شارومەندی هێڵی ئاخرە. بە باوەڕی من، یەکێک لە کێشە سەره‌کییەکانی کورد بە پێچەوانەی تەواوی ئەو پڕۆپاگەندە و «تاوان!»ی ناسیۆنالیست بوون کە لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکان و بەشێکی بەرچاو لە هێزە سەرانسەرییەکان بە بیر و ڕای جیاوازەوە وەپاڵی دراوە و دەدرێ، کەمایەسیی ناسیۆنالیزمێکی ڕاستەقینەی مۆدێڕن و ئەمڕۆیی لە نێو کورد دایە، ناسیۆنالیزمێک  کە بتوانێ زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە دەوری ئاڵای سەربەخۆیی کۆ بکاتەوە، بەڵام ئەوە بەو مانایەش نییە کە ئێمە بیر و هزری ناسیۆنالیستیمان نییە و ناتوانین هەڵگری پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی بین. بێگومان یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی وڵاتێکی فرە حیزبی هەبوونی بیر و ڕای جیاوازە و، هەتا کاتێک زۆرینەی ئاڵاهەڵگرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لەسەر «ستراتێژییەکی نەتەوەیی» کۆک نەبن و بە یەک پلانی هاوبەش بەرەو چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەڕۆن چەتوونە باس لە دەرفەتێک بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی، تەنانەت لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان بکردرێ؛ بەڵام پێویستە لەم پێناوەدا کاری فیکری و تەبلیغاتی بکردرێ و بیرەکە بۆ نێو کۆمەڵگەی کوردی ڕاگوێزرێتەوە و بکرێتە بەشێک لە ڕەوانی خەڵک. لەبیرمان نەچێ پێکهاتنی بەشێک لە دەوڵەتە سەربەخۆکان نەک تەنیا بە هۆی شکڵگرتنی ناسیۆنالیزمێکی بەهێز، بەڵکوو بە پێی ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی پاش شەڕ، یان شۆڕش و گۆڕانی حکوومەتی ناوەندی و هتد بووە.   ئەم ناسیۆنالیزمەی جەنابت دەیفەرمووی لای کورد کاڵ و کەمڕەنگ بووە و وەک کەمایسییەک باست کرد چییە؟ ئێمە دەبێ خوێندنەوەی خۆمان لە ناسیۆنالیزم بێ و نەکەوینە داوی شانتاژی ئەو ڕەگەزپەرستانەی کە بە بەدناوکردنی ناسیۆنالیزمی نەتەوەیەکی چەوساوە، پاکانە بۆ شوینیزمی خۆیان و نەتەوەی باڵادەست دەکەن. ناسیۆنالیزم بۆ کورد بە مانای خەبات بۆ گەیشتن بە مافێکە کە لەلایەن داگیرکەرانی وڵاتەکەی بە زۆر لێی زەوت کراوە. پێویستە سنووری نێوان ناسیۆنالیزمی بەرچاو تەنگی نەتەوەی حاکم و ناسیۆنالیزمی نەتەوەی ژێردەست ڕوون کرێتەوە. بە قەولی لازاریف «ناسیۆنالیزم بەشێکی گرینگ لە ژیانی مرۆڤایەتیی، لە قۆناخی گەشەسەندنی مێژوویی و ئەتنیکی ئەو لە سەردەمی نوێ و ئەمڕۆی دایە». ئاڵوگۆڕەکانی پێشکەوتنخوازانە لە کۆمەڵگەی کورد دەبێتە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی سیاسەت و بیر و هزری ناسیۆنالیزمی کورد و پەرسەندن و گەشەکردنی بیری ناسیۆنالیستی لە پێناوی گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین. بزووتنەوی نەتەوەیی کورد لە درێژایی خەباتی خۆی لە سەدەی ڕابردوودا لە سەر بناغەی دێموکراتیزم، ناسیۆنالیزم، هەروەها بیری چەپی سۆسیالیستی و بە دوور لە هەر چەشنە هەڕەشە و بێڕێزییەک بە نەتەوە درواسێیەکان یان ئەوانەی کە لە کوردستان ژیاون و دەژین، بووە. بزووتنەوەی کورد جووڵانەوەیەکی پێشکەوتنخوازانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی کورد، و بێ دەستدرێژی بە خاکی نەتەوەیەکی دیکەیە. ئەوەیە نەتەوەی کورد شایانی پێکهێنانی کیان و دەوڵەتی خۆیەتی.   هەندێ بۆچوون هەیە دەڵێ کورد تا نەبێتە دەوڵەت نابێتە نەتەوە، لە بەرامبەریشدا ئەو ڕایە هەیە کە دەوڵەتە مۆدێڕن و ئەمڕۆییەکان لەسەر بنەمای نەتەوەخوازی درووست دەبن. ئێوە ڕاتان چییە؟ وڵامی ئەم پرسیارە دەگه‌ڕێتەوە بۆ ئەو بۆچوونانەی کە لەسەر چەمکی نەتەوە_ دەوڵەت یان دەوڵەت_ نەتەوە هەیە. هەر کام لەمانە دەتوانێ سووژەی لێکدانەوە و باسێکی دوور و درێژ بێ. بۆ ئێمەی کورد ئەوەی گرینگە، هەنگاو هەڵێنان بۆ گەیشتن بە سەروەریی نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە. کورد یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکانی جیهانە کە هەتا ئێستا مافی بەدەوڵەتبوونی لێ زەوت کراوە. دوا نموونەش پیلانەکانی پاش گشتپرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە سپتامبری ٢٠١٧ و هێرشی سپای عێڕاق، حەشدی شەعبی بە ڕێبەریی و یارمەتی ماڵی و سپایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، و بە هاوکاری و سازانی بەشێک لە ‌هێزەکانی کوردستانی، هەروەها دژایەتیی زۆرینەی وڵاتانی جیهان لەگەڵ ئەم ڕاپرسییە بوو. بەڵام سەرەڕای ئەم دژایەتییەش، کورد سەلماندی ئەگەر بۆی هەڵکەوێ بێگومان واز لە مافی نەتەوەیی خۆی ناهێنێ و پشتیوانی و شادی و خۆشی کوردەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش پیشاندەری هەستی بەهێزی نەتەوەیی میللەتێکە کە بە درێژایی مێژوو بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی، خەباتێکی بێوچانی کردووە و هیچ کاتێک ملی بۆ سەرکوتکەران و داگیرکەرانی وڵاتەکەی شۆڕ نەکردۆتەوە. ئەوەی کە ئێمە بە کام پێناسە نەتەوەین، پێم وانییە گۆڕانکارییەک لە ئامانج و هەڵوێستەکانی مێژوویی ئێمە پێک بێنێ. هەر وەکو بۆخۆشتان ئاگادارن، نەتەوە لە ڕوانگەی جۆراوجۆرە پێناسە کراوە و وێڕای پێناسەی فەڕانسەوی و ئەڵمانی یان پێناسەی بەرەی چەپ و ڕاست و هتد، دەتوانێ تەنیا «هەبوونی هەستی نەتەوەیی» پێناسەیەک بۆ نەتەوە بوون بێ. هەر وەکوو ئاگادارن پێناسەی فەڕانسەوی و ئاڵمانییەکان لە نەتەوە جیاوازە، هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە سەر تایبەتمەندییەکانی شێوەی شکڵگرتنی دەوڵەت و نەتەوە لە هەر یەک لەم وڵاتانە‌.   ئێستا کامیان لەگەڵ دۆخی کورد دەگونجێ؟ کێشەکانی بەردەم یەکبوونی کورد کامانەن؟ بێ لەبەرچاو گرتنی تەواوی ئەم پێناسانە و ئەوەی کە کامیان باش یان خراپە، یان کامیان لەگەڵ وەزعییەتی ئێمەی کورد دێتەوە، ئێمە لە ڕەوتی یەکیەتیی نەتەوەیی گەلێک کێشەمان چ لە ئاستی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان دابەش کردووە و چ لە ئاستی کوردستان بە گشتی هەیە. ئەگەر ئاوڕێک لە وەزعییەتی هەر بەشێکی کوردستان بدەینەوە شایه‌دی ناکۆکی، ناتەبایی و پاوانخوازی و پاشقولدانی یەکتری لە نێو هێزەکانی کوردستانین. نەبوونی بەرە یان کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کە بتوانێ زۆرینەی ‌هێزەکانی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان بە چەشنێکی ڕاستەقینە لە دەوری یەک کۆکاتەوە یەکێک لە کەمایەسی و کێشەکانی نێو بزووتنەوەی کوردە. لە ئاستی تەواوی کوردستانیش بێگومان ناکرێ کاتێک ئەم ئاڵۆزییانە لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان بەم زەقییە هەیە، بتوانین چاوەڕەوانی ئەو بکەین، بەرە یان ڕێکخراوەیەک وەکوو چەترێک بۆ کۆکردنەوە و هێنانە ئارای دروشمی یەکگرتنەوەی کوردستان پێک بێ و ڕۆڵێکی بە هێز لەم پێناوەدا بگێڕێ، لە لایەکی دیکەشەوە پاوانخوازیی بەشێک لە هێزەکانی کوردستان و دەستێوەردان لەکار و باری بەشەکانی دیکەی کوردستان، پێوەندییەکان ئاڵۆزتر دەکا و ئەم هێزانە لە یەک دوورتر دەکاتەوە. مەسەلەیەکی دیکەش کە پێویستە لە ئاستی کوردستان و بە تایبەتی لە باشوور و ڕۆژهەڵات وەکوو خاڵێكی نەرێنی یان وەکوو کۆسپێک لەسەر یەکیەتیی نەتەوەیی سەرنجی بدرێتێ، مەترسی «ئیسلامی سیاسی» لەسەر چارەنووسی کورد و مەسەلەی نەتەوەیی، سێکۆلاریزم، دێموکراسی، مافی ژنان و هتد لە کۆمەڵگەی کوردی دایە. چارەنووسی مێژووی کورد بە چەشنێک شکڵی گرتووە کە ئەستەمە ئایین و ئیسلامی سیاسی نەک بتوانێ ڕۆڵ بۆ یەکخستنی هێزەکان و جەماوەری کورد بگێڕێ، بەڵکوو بە پێچەوانە هەتا ڕادەیەکی زۆر نەخشێکی نەرێنی و جیاکەرەوەی نەتەوه‌یی هەیە و دوژمنە بیانی و نێوخۆییەکان بۆ زەبرلێدان لە بزووتنەوەی کورد و یەکیەتیی نەتەوەیی کەلکی لێ‌ وەردەگرن. بۆ وێنە ئێمە لە سەرەتای ساڵەکانی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ شایه‌دی ڕۆڵی نەرێنی و دوژمنانەی مەکتەبی قورئان و لایەنگرانی ئاغای موفتیزادە لەگەڵ بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین. کێشەیەکی دیکەش لە ڕەوتی «یەکگرتوویی نەتەوەیی» مانەوەی ئاسەواری بیر، داب و نەریتی عەشیرەیی لە نێو کۆمەڵگەی کوردی و تەنانەت لە شێوەی حیزبایەتی‌ دایە. هەر چەند لە پێوەندییە ئابوورییەکاندا تەنیا کاریکاتۆرێک لە سیستمی عەشیرەیی ماوە، بەڵام ئاسەواری فەرهەنگی و سیاسی ئەم سیستمە وەکوو باوکسالاری، زاڵبوونی بەرژوەندیی تاکەکەسی، بنەماڵەیی و حیزبی، پێشێلکردنی مافی ژنان و مەسەلەی فرەژنی، بێ پرەنسیپی لە چالاکی سیاسی و هتد، ڕۆڵێكی نەرێنی و مەترسیدار لە کوردستاندا دەگێڕێ. بەم پێیە ئێمە بۆ گەیشتن بە یەکیەتیی نەتەوەیی ڕووبەڕووی گەلێک کێشە و کۆسپین و ئەرکی ڕووناکبیری کورد و ئەو ڕێکخراوانەی خۆیان لە بەرەی ناسیۆنالیزم، سێکۆلاریزم، سۆسیال دێموکراسی، چەپی مارکسی و هتد دەبیننەوە هەنگاو هەڵێنان بۆ چارەسەرکردنی مەدەنی ئەم کێشانە و بردنە سەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵگەی کوردستانە. ئێمە بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانمان پێویستیمان بە یەکیەتی نەتەوەیی، پلۆرالیزمی سیاسی، ڕێزگرتن لە بیر و هزری یەکتری، خۆپارێزی لە پاوانخوازیی و دەستێوەردان لە کار و باری بەشەکانی دیکەی کوردستان و، ڕێز گرتن لە بڕیاری خەڵک هەیە هەتا هەنگاوی بە هێز بۆ چوون بەرەو داهاتوو و پێکهێنانی بەستێنێکی شیاو بۆ پێکهێنانی بەرەی نەتەوەیی و خەبات بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین هەڵێنین.   بۆچوونێکیش هەیە کە دەڵێ سەردەمی ناسیۆنالیزم کۆتایی هاتووە و جێی خۆی بە هەندێ پرەنسیپی وەک «مافی مرۆڤ» و «پێکەوە ژیان» و «هاوبەشیی وەک یەک» لە چوارچێوەی سنوورە جوغرافیاییە سیاسییەکانی ئێستادا داوە، ئێوە لەگەڵ ئەوە کۆکن؟ ئەگەر قەرار بێ بە وشەیەک وەڵامی ئەم پرسیارەتان بدەمەوە، نا له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ نیم. بەڵام هۆی ئەم ناکۆکییە چییە؟ هەر وەکوو پێشتریش ئاماژەم کرد، پێم وایە پێناسەی ‌هێزەکانی دژ بە ناسیۆنالیزمی کورد واتە ناسیۆنالیزمی نەتەوەیەکی چەوساوە کە بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی و ڕەوای خۆی خەبات دەکا، لە جێی خۆیدا نییە. بێگومان دەبێ ئەم مەسەلەیە شی کرێتەوە، بۆچی سەردەمی ناسیۆنالیزم بە تایبەتی بۆ کورد کۆتایی هاتووە و پێوەری ئەم چەشنە هەڵسەنگاندن و بڕیارانە چییە؟ کام یەک لە ویستە نەتەوەییەکانی کورد لە نێو وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بێجگە لە ستاتوویەکی سەقامنەگرتوو لە باشووری کوردستان جێبەجێ کراوە، کە بڵێن تەنیا کێشەی «مافی مرۆڤمان» ماوە کە دەبێ چارەسەر بکرێ؟ چۆنە بۆ سکاتلەندی، یان کاتالۆنیایی و باسکە جیاییخوازەکانی ئیسپانیا، هەروەها فەڕانسەوی و هۆلەندییەکانی بلژیک و خەڵکی کوبێک لە کانادا و تەنانەت بایەری ئەڵمان، ئەویش ڕاست لەنێو جەرگەی ئوڕووپا و کانادای پێشکەوتوودا کە پڕەنسیپەکانی مافی شارومەندی، مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان و هتد تا ڕادەیەکی زۆر بە پێی دەستوور لەبەر چاو گیراوە و ستاتووی ئەوان بۆ بەراوەردکردن لەگەڵ حاڵ‌ و وەزعی ئێمەی کورد نابێ، کێشەی نەتەوەیی بە یەکجاری چارەسەر نەکراوە و خەباتی ئەوان بۆ جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی هەر بەردەوامە، بەڵام بۆ ئێمەی کورد کە تەواوی مافەکانی نەتەوەیی و شارومەندیی و هتدێکمان لێ زەوت کراوە کاتی تەواو بووە؟ پێم وایە پێویستە ئاوڕێک لە بارودۆخ و وەزعییەتی باشووری کوردستان و پێوەندیی ئەوان لەگەڵ بەغدا و هەڕەشە و هێرشەکانی سپای عێڕاق لە کاتی مالیکی و عیبادی بۆ کوردستان و مانەوەی گەلێک کێشەی دەستووری و هتد، ئەویش لە وڵاتێکدا بدەینەوە کە بە پێی یاسای بنەڕەتیی عێڕاق، وەکوو وڵاتی عەڕەب و کورد پێناسە کراوە، هەتا بۆمان دەرکەوێ کە کێشەی نەتەوەیی نەک لای ئێمە و نەک بەشێک وڵاتانی ئوڕووپایی هەتا گەیشتنی گەلانی ناوبراو بە کیان و دەوڵەتی خۆیان چارەسەر ناکرێ. هەر چۆن پێشتریش ئاماژەم کرد، ناسیۆنالیزمی کورد، ناسیۆنالیزمێکی پێشکەوتنخواز، ئینسانی، بەرحەق ‌و بە دوور لە هەر چەشنە هەڕەشە بۆ درواسێیەکانی کوردستان و ئەو گەلانەیە کە لە خاکی کوردستان بە هێمنی لەگەڵ کورد دەژین. کێشەی گەلی کورد هەتا کاتێک بە مافی خۆی واتە درووستکردنی دەوڵەتی کوردی نەگا، بە یەکجاریی چارەسەر ناکرێ.   ئەگەرەکانی بەردەم بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد بۆ بەدەوڵەتبوون چین و کامانەن، لە حاڵێکدا هیچ حیزبێکی بەدەسەڵات و دەستڕۆیشتووی کورد لە هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان ئێستاش بە ڕەسمی داوای سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی نەکردووە و بە کردەوەش کاری بۆ نەکردووە!؟ ئەگەر سەرنجێک بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە سێ دەیەی ڕابردوو بدەین، دەبینین هیچ کاتێک مەسەلەی کورد سەرەڕای تەواوی کەم و کورتییەکانی هەتا ئەم ڕادەیە نەبۆتە کێشەیەکی نێونەتەوەیی و ئاوا گەشەی نەکردووە. سەرەڕای تەواوی ئەو کێشانەی کە له‌ نێو هێزەکانی کوردستانی هەیە، سەرەڕای تەواوی ئەم هەوراز و نشێوانە، شکست و پاشەکشە و ناکۆکی و هتدی نێوخۆمان، بەم باوەڕەم ئەمڕۆکە بزووتنەوەی کورد لە ئاستێکی بەرز دایە. کێشەی نەتەوەیی کورد وەکوو چوارەمین گەورە نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گەورە نەتەوەی بێ دەوڵەت لە ئاستی جیهاندا، گەیشتۆتە قۆناخێک، کە ئیتر ناکرێ لە بیر و ڕای گشتیی جیهانی و مامەڵە نێونەتەوەییەکان و ململانێی هێزەکانی جیهانی و ناوچەییدا لەبەر چاو نەگیرێ. بێگومان ناسیۆنالیزمی کورد کەم کێشە نەبووە و نیە، بەڵام خەباتی هیچ نەتەوەیەکیش بێ لەمپەر و بێ کێشە نەبووە. ئەمڕۆکە ئاستی ئاگایی نەتەوەیی، ئاستی خوێندەواریی خەڵک و، توانایی کەلک وەرگرتن لە شێوە جۆراوجۆرەکانی خەباتی مەدەنی بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی پێش کۆتاییەکانی سەدەی بیسته‌م نابێ. مانگرتنی ٢١ی خەرمانان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لوتکەی خەباتی مەدەنی نەک لە تەواوی کوردستان بەڵکوو لە ئاستی ئێرانیش بوو. ئێمە لەم ساڵانەدا ئەویش لە کۆمەڵگەیەکی میلیتاریزەکراوی وه‌ک کوردستان کە هەر چەشنە داکۆکییەک لە مافی ڕەوای کورد بە گوللە و گرتن و ئەشکەنجە وڵام دەدرێتەوە، شایه‌دی چەشنە جووڵانەوەیەکی بەهێزی خەڵکی بووین، کە دەتوانێ وانەیەک بۆ گەلانی دیکەی ئێران و ناوچەش بێ. پێشتریش خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاستی بەرزی هەستی نەتەوەیی خۆیان لە کاتی شەهیدکردنی نەمر شوانەی قادری لە پووشپەڕی ١٣٨٤ی هەتاوی، شەهیدکردنی نەمر فەرزادی کەمانگەر و هاوڕێیانی لە بانەمەڕی ١٣٨٩، بەسترانی دووکان و بازاڕەکانی کوردستان لە تەواوی ساڵەکانی پاش تێرۆری نەمر دوکتور قاسملوو، پشتیوانیی جەماوەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گشتپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە پاییزی پارەکەدا، پشتیوانیی بەرفراوانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خۆڕاگریی کۆبانی، بەهاناچوونی خەڵکی پارێزگای کرماشان لە کاتی بۆمەلەرزەکەدا، کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شەنگال و هتد بووین. ئەمانە ئەستێرەگەلێکی گەش لە ئاسمانی ڕەنگینی کوردستان و هیوادەری خەباتی کورد بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانیان لە دادێ دایە.   ئەدی ڕاتان لەسەر دۆزی سیاسیی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان چییە؟ لەوێندەرێش ئایا چاخی نسکۆیە یان هەڕەتی هیوا؟ لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش ئەم ڕەوتە بە چەشنێکی دیکە بەردەوامە و بەرەو پێشەوە دەچێ، کوردەکانی باشووری کوردستان سەرەڕای تەواوی کەمایەسی و کێشەکانیان ئەمڕۆ ستاتوویەکی حقووقیان هەیە، و ئەم حکوومەت و پەرلەمانە پڕ کێشە و ناکۆکە سەرەڕای تەواوی ئەو ڕەخنانەی کە بە حەقیش لێی‌ دەگیرێ، بناغەیەک بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد لە داهاتوو دایە. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش، کورد بۆتە فاکتەرێکی کاریگەر لە سیاسەتی ئەم وڵاتە و حەماسەی کۆبانی یەکێک لە گەورەترین ڕووداوەکانی مێژووی جیهان لە بەربەرەکانی لەگەڵ ڕەشترین و تاوانبارترین هێزی ڕەش و پاشکەوتوو و جینایەتکاری سەدەی ٢١ واتە داعش بوو. بەشداری بێوێنەی ژنە شەڕڤانەکانی کورد خوڵقێنەری جوانترین شێعر و چیرۆکە حەماسییەکان و بابەتێکی سەرنجڕاکێش بۆ تەواوی گەلانی جیهان بوو. کام گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگ و پڕخوێنەری ڕۆژئاوایی و ئەمریکایی دەیتوانی خۆ لەم خەبات و خۆڕاگرییە بە شکۆیە بدزێتەوە و باسی ئەم حەماسەیە نەکا؟ لە باکووری کوردستانیش سەرەڕای سیاسەت و بیروبڕوای کۆنەپەرستانەی ئه‌ردۆغان، گرتنی ئازادیخوازانی کورد وەکوو بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێیانی، حیزبی دێموکراتیکی گەلانی تورکیە ڕۆڵێکی بەرچاو لە جووڵانەوەی مەدەنیی ئەم وڵاتە دەگێڕێ و پارتی کرێکارانی کوردستان بە تەواوی ئەو ڕەخنانەی کە دەکرێ لێی بگیرێ، جەمسەرێکی سیاسی لە خەباتی کوردی باکوورە. ئەمن لەسەر ئەم باوەڕەم حوکمی مێژوو بەرەو پێشەوە دەچێ و بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستانیش پێ بە پێی گۆڕانکارییەکانی جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووشی گۆڕانکاریی جیدی دەبن و هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێکی ژێئۆپۆلیتیکی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نیزیکدا گرێدراوی مەسەلەی کوردە. ئەوەی کە ئێمە تا چ رادەیەک بتوانین کەلک لەم دەرفەتانە بگرین، بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک تێگەیشتنێکی درووست و ڕاستبینانەمان لە سیاسەتی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی هەیە و چۆن دەتوانین بە پێی بەرژوەندیی نەتەوەیی خۆمان، هەنگاوی بەهێز بۆ گەیشتن بە ئاواتە مێژینەکەمان، واتە مافی چارەی خۆنووسین هەتا سەربەخۆیی کوردستان هەڵێنینەوە. لەم ڕەوتەدا بە گشتی، بە داهاتووی کورد گەلێک گەشبینم و هیوادار.   سپاس بۆ ئەوەی بەشداری ئەم وتووێژە بوون ئێوەش ماندوو نەبن