کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا ئەنوەر سوڵتانپەنا"مام ئەنوەر" تێکۆشەری دێرین و شاعیر و ئەدیبی ناسراو، کۆچی‌دوایی کرد.

01:48 - 17 سەرماوەز 2718

مامۆستا ئەنوەر سوڵتانپەنا"مام ئەنوەر" تێکۆشەری دێرین و شاعیر و ئەدیبی ناسراو، کۆچی‌دوایی کرد. مامۆستا ئەنوەری سوڵتانپەنا، شاعیر، نووسەر و وەرگیڕی بەتوانا، نێزیک سەعات ١.٥ی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٧ی مانگی دیسامبری ٢٠١٨، لە شوێنی ژیانی خۆی، شاری "ئاورشکۆ"ی  وڵاتی نۆڕوێژ، دوای ماوەی نێزیک بە ساڵێک بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، کۆچی دوایی کرد. مامۆستا ئەنوەری سوڵتانپەنا کوڕی ئاغا ساڵحی ڕەنگەڕێژانە و ساڵی ١٩٣٥ی زایینی، لە گوندی تاڵەجاڕی سەرشیوی سەقز، لە یەکێک لە بنەماڵە گەورەو بەناوبانگەکانی سەقزدا لە دایک بووە. ساڵی ١٩٥٧ی زاینی، پێوەندیی بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە کردوە و بۆتە ئەندامی ئەو حیزبە، سەرەتای ساڵی ١٩٦٣، لە شاڵاوی ساواک بۆ سەر تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕات دا، بەرکەوتووە و ساڵێک بە تاوانی کوردایەتی لە گرتووخانە دا ڕاگیراوە. ساڵی ١٩٧٩ و دوای شۆڕشی ئێرانیش چالاکیی حیزبیی دەست‌پێ‌کردۆتەوە. ئەو لە نێوان ساڵەکانی ٨٤ و ٨٨ی زایینیدا، لە ڕاگەیاندنی حیزبی دێمۆکڕاتدا کاری کردوە و ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی "کوردستان" بووە. مام ئەنوەر شاعیرێکی خەیاڵناسک و ئەدیب و زمانزانێکی جواننووس و وشەپاراو بوو. ئەو خاوەنی چەند کتێبی شێعر و زۆر بەرهەمی ئەدەبی و وەرگێرانە. دیوانی شێعرەکانی بە ناوی "زایەڵەی خەیاڵ"، دوو حەوتوو پێش کۆچەکەی و لە مانگی نوامبری ئەمساڵ دا چاپ بووە و هەروەها دوو وەرگێرانیشی بە ناوەکانی: "بابە لاقدرێژ"، نووسراوی "ئالیس جین وێبستێر" و "خەونەکانی دێڵە گورگ"، بەرهەمی "چەنگیز ئایتماتۆف" یشی لە ساڵەکانی پێشتر دا بڵاو بوونەوە. بێجگە لە وانەش زۆر وتاری ئەدەبی و سیاسیی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان دا بڵاو کردۆتەوە و چەند بەرهەمی ئەدەبی و مێژوویی دیکەشی هەن کە تا ئێستا چاپ و بڵاو نەکراونەوە. تێکۆشەری دێرین مامۆستا ئەنوەری سوڵتانپەنا ساڵی ١٩٩٣ وەک پەنابەری سیاسی چۆتە وڵاتی نۆڕوێژ و ئیدی تا کاتی ماڵاوایی لە ژیان، لەو وڵاتە ماوەتەوە. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەستدانی مامۆستا ئەنوەر بە خەسارێک دەزانێ و، وێڕای ڕیزگرتن لە تەمەنێک خەبات و ژیانی هونەریی ئەو شاعێرە، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم قەڵەمبەدەستانی دەروەستی کورد و بەتایبەتی بنەماڵەی فیداکاری سوڵتان‌پەنا دەکا و خۆی لە خەمیان بەشەریک و بەشدار دەزانێ.