کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی ڕێبەریی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە سکرتاریای حیزبی دێموکرات

15:09 - 18 سەرماوەز 2718

هەیئەتێکی سازمانی خەبات سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و دوولایەن لە پێوەندی لەگەڵ ئەگەرەکانی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد و شێوەی مامەڵەی هێزە سیاسییەکانی کورد لەگەڵ دەرفەت و هەڕەشەکان قسە و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد. ڕۆژی شەممە، 17ی سەرماوەز هەیئەتێکی ڕێبەریی سازمانی خەبات بە سەرپەرستیی کاک باباشێخ حوسێنی، سکرتێری ئەم ڕێکخراوەیە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لەو سەردانەدا دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان خرانە بەرباس و لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ئەرک و بەرپرسایەتییانەی لەو کاتە ناسکەدا دەکەوێتە سەرشانی حیزبە سیاسییەکان، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا. لەو دیدارەدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی لەسەر پێویستیی بەهێزتر کردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داگرت و لێکتێگەیشتنی زیاتری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی بە زەرەوورەتی بنەڕەتیی هاوکاریی بەکردەوەی ئەوان لە پێناو سەرخستنی بزووتنەوەی کورد زانی.