کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی محەممەد سدێق کەبوودوەند لە بێهەلوێستی بەشێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ لەهەمبەر کوشتاری کۆڵبەرانی کورد

19:00 - 18 سەرماوەز 2718

محەممەد سدێق کەبوودوەند ناسراو بە باوکی مافی مرۆڤی کوردستان لە درێژەی پێشێلکرانی مافی کۆڵبەران بۆ جارێکی دیکە ڕەخنەی لە کاربەدەستانی رێژیم گرت و بێدەنگی بەشێکی زۆر لە چالاکانی مافی مرۆڤی لەو پێوەندییە‌دا بە کارەسات زانی. بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە نوێ‌ترین هەڵوێستی خۆیدا ڕەخنەی لە خەمساردی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ گرت کە زۆرجار لەهەمبەر کوژران و بریندار کردنی کۆڵبەرانی کورد بە دەستی چەکدارانی سەر سنوور بێدەنگی هەڵدەبژێرن و، ئەو بێدەنگی و بێهەڵوێستی‌یەی بە کارەساتێکی مرۆیی لە قەڵەم ‌دا. کەبوودوەند لە پێوەندی لەگەڵ بەردەوامیی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران ڕایگەیاند: کوشتنی کەسانێک کە کەرامەت وشەڕافتی خۆیان لە کۆڵ‌ناوە و بۆ بەدەست هێنانی لانیکەمی بژیوی ژیانیان دەکوژرێن ، ئیگجار جێی‌داخ و کارەساتبارە، بەڵام لەوە ناخۆشتر بێدەنگی و خەمساردی بەشێکی بەرچاو لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤە بە نیسبەت کوژرانی کۆڵبەرانی کورد . هەر لە پێوەندی لەگەڵ کارەساتی کۆڵبەرکوشتن حوسێن ئەحمەدی نیاز لە دیمانەیەک لە تلەفزیۆنی کوردکاناڵ ڕایگەیاند؛ کە بێهەڵوێستیی پارێزەران و نوێنەرانی مەجلیس و نەبوونی یەکیەتی لە بەرگری لە کۆڵبەران هۆی سەرەکیی بەردەوامیی کۆڵبەرکوژییە لە کوردستان.