کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵپەڕی "تابناک"؛ باس کردن لە پرسی نەتەوەیی گەلانی دیکە لە مەجلیس، مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی میللی

02:11 - 19 سەرماوەز 2718

زمانحاڵی سپای پاسداران لە وڵامی قسەکانی نوێنەری شاری مەهاباد هەرچەشنە باسی نەتەوەیی گەلانی دیکە لە ئێران و لە مەجلیسی ئەو وڵاتە بە مەترسیدار دەزانێ. ماڵپەڕی تابناک سەر بە سپای پاسداران لە بابەتێکی دوور و درێژدا بە دژی قسەکانی جەلال مەحموودزادە نوێنەری شاری مەهاباد هەڵوێستی گرت و، قسەکانی ناوبراوی بەدژی ئاسایشی نەتەوەیی ناو بردوە. لە دوای قسەکانی چەند رۆژ لەمەو پێشی جەلال مەحموودزادە نوێنەری شاری مەهاباد لە مەجلیس کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش دەنگدانەوەی لێکەوتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز ماڵپەڕی تابناک بە توندی هێرشی کردووتە سەر مەحموودزادە و، قسەکانی بە دژی بەرژوەندی میللی لە قەڵەم داوە. ماڵپەڕی تابناک نووسیویەتی : مەجلیس جێگای قسە وباسی قەومی نیە و لە چەندرۆژی ڕابردوودا نوێنەری شاری مەهاباد بۆ جارێکی دیکە باسی "قەومی" و"تجزیە طلبان"ە هێناوەتە ئاراوە. ماڵپەڕی تابناک بە ئاماژەدان بە وتەکانی جەلال مەحموودزادە لە کۆبوونەوەی مەجلیس کە گوتبووی: لە خەڵکی وڵاتێک قسە دەکەم کە هیچکات بەرانبەر بە داگیرکەران چۆکیان نەداوەو، ئێمە نەوەی شێخ سەعید پیران و مەلامستەفا بارزانی و قازی محەممەد"ین، ناو هێنان لە قازی محەممەد وەکوو کەسێکی "تجزیە طلب" بە تاوان دەزانێ و، لە زاری کەسانی پان ئێرانیسم و بناژۆخوازەوە هێرشی کردوتە سەر نوێنەری شاری مەهاباد. هەروەها لە درێژەی بابەتەکەی ماڵپەڕی تابناک قسەکانی جەلال مەحموودزادە و نوێنەرێکی دیکەی کورد کراوەتە بیانوویەک بۆ بێڕیزی کردن بە کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد و هەر چەشنە جیابیری و نەتەوەخوازیی گەلانی ناو ئێران. شیاوی باسە ماڵپەڕی تابناک یەکێک لە زمانحاڵەکانی سپای پاسدارانەو سەر بە "موحسێن ڕەزای"یە.