کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی خوێندکارانی ئێران بە حەسەن ڕووحانی

16:07 - 19 سەرماوەز 2718

زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە چالاکی خوێندکاریی لە نامەیەکی سەرئاواڵەدا ڕوو بە حەسەن ڕووحانی سەرۆک‌کۆماری ئێران لە بارەی بە ئەمنییەتی کردنی کۆمەڵگە و زانستگەکان هۆشداریان دا و ناڕەزایەتیی خۆیان لەو بارەوە دەربڕی. واژۆکەرانی ئەو نامەیە لە بارەی شێوەکانی سەرکوتی بەربڵاوی دامەزراوە مەدەنی و سەربەخۆکان و هەر ناڕەزایەتی و گردبوونەوەیەکی ئاشتیخوازانە و یاسایی لە ئێراندا هۆشداریان دا و ڕوو بە حەسەن ڕووحانی ڕایانگەیاند کە هێزەکانی چاودێریی، وەزارەتی ئیتلاعات و وەزارەتی نێوخۆ، لە کێبڕکێ لەگەڵ هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ بێدەنگ کردنی خەڵک دەستیان داوەتە دەستی یەک و ئێوەش تا ئێستاش ئەم هەوڵ و راپۆرتانە ڕەت دەکەنەوە. چالاکانی خوێندکاریی لە درێژەی ئەو نامەیەدا ڕەخنەیان لە کەمتەرخەمی دەوڵەت بە وڵامنەدانەوەی خۆپێشاندەران گرتووە و ئاماژەیان بەوە داوە کە دەوڵەت بەجێی وڵامدانەوە بە ویستی خەڵک، ڕۆژبەڕٶژ سەرکوتی خەڵک بەربڵاوتر لە جاران درێژە پێدەدا و کار گەیشتۆتە جێگەیەک کە دەنگی پۆتینی هێزە سەربازیەکان نەک هەر لە نێو زانستگەکاندا بەڵکوو لە سەرتاسەری وڵات دەبیسرێ. لەبەشێکی دیکەی نامەکەدا ڕەخنەلە هەڵسوکەوتی دامەزراوە ئەمنییەتییەکان گیراوە و باسیان لە دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی خەڵک لە لایەن ئیتلاعاتی سپا و دەزگای دادوەری و کردنەوەی پەروەندە کردووە کە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە زیادبووندایە و گەیشتۆتە جێگەیەک کە هەر چالاکییەکی سادەی مەدەنی لە گەڵ هەڵوێستی توندی هێزە ئەمنییەتییەکان و دەزگای دادوەری بەرەو ڕوو دەبێ. واژۆکەرانی ئەو نامەیە ڕەخنەیان لە دەوڵەتی ڕووحانی گرتووە کە نەک هەر لە بەرابەر ئەو کردەوەی هێزە ئەمنییەتییەکان بێدەنگە، بەڵکوو دەوڵەتێک کە دروشمی "نا"ی بە ئەمنییەتی کردنی زانستگەکان دەگوت، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە نەک هەر زانستگە بەڵکوو هەموو وڵات بە ئەمنییەتی کراوە. شایانی باسە کە ڕۆژێک پێش بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە، شوڕای سینفی ٣٥ زانستگەی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ڕۆژی خوێندکار سەبارەت بە زیادبوونی زەخت و زۆر بۆ سەر چالاکانی خوێندکاریی، هۆشدارییان دابوو. لەو ڕاگەیەندراوەدا ڕەخنە لە سەرکوتی خوێندکاران گیراوە کە لە دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاویی ٣٠٠ خوێندکاریی زانستگە دەسبەسەر کراون یا ئازار دراون و حوکمی درێژ ماوەیان بەسەردا سەپاوە و زیندانی کراون .